مەترسی دەستێوەردانى هەڵبژاردنەکانى ئەمەریکا هەیە

پ

بەرپرسێکی بواری تەکنەلۆژیا و سیخوری  ویلایەتە یەکگرتووەکان “رووسیا و چین و ئێران لە هەولی بەردەوام دان بۆ دەست خستنە نێو هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکای 2020″.

ئاماژە بەوەش دەکات ” مۆسکۆ بە ڕژدی کار دەکات بۆ لاوازکردنی جۆ بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بۆ نەگەیشتن بەکورسی سەرۆکایەتى”.

لەڕاگەینراوێکى نائاساییدا وێڵیام ئیڤانینا،  سەرۆکی دەزگای نیشتیمانی ئەمەریکی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیخوریکردنی تەکنەلۆژی باسی لەوە کردووە ” وڵاتانی ناوبراو هەوڵی گومڕاکردن و سەر لێشێواندنی هاوڵاتیانی ئەمەریکی دەدەن بۆ ئەوەی بڕوایان بە هەڵبژاردن و پرۆسەی دیموکراتی لە ئەمەریکا نەمێنێت و، متمانەیان بە هەڵبژاردن لاوازببێت” .

زۆربەی جیهان بەگرنگییەوە دەڕواننە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی واشنتۆن

گووتیشى “ئەو وڵاتە دەرەکییانە لە دەرەوەی ئەمەریکاوە هەولی زۆر دەدەن تاکو دەستکاری پرۆسەی بانگەشەو تێکدانی پرۆسەی دەنگدان و کارکردن لەسەر تێکدانی ڕەوشی هەڵبژاردنەکان و تێکدانی شەرعییەتی هەڵبژاردن و دزینی داتا و زانیارییەکان و بەکارهێنانیان لەپێناو یەکلایی کردنەوە و سەرکەوتنی کاندیدێك”.

هاوکات ئەو بەرپرسە سەرپەرشتی دەستوەردانە دەرەکییەکان دەکات بۆ ناو ئەمەریکا و بەر لە کەمتر لە سێ مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی سەرۆکایەتی ئەمەریکا .

ئەمەش لەکاتێکدایە بڕیارە لەتشرینی دووهەمی ئەمساڵدا هەڵبژاردنە گشتیەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕێوەبچێت و، ململانێیەتی سەختیش لەنێوان بایدن و ترامپ هەیە، بۆ گەیشتن بەکوشکی سپی.

ئیڤانینا پێی وایە “زۆر ئەستەمە بتوانرێت دەست بخرێتە نێو هەڵبژاردنەکان و کاریگەری دروست بکات”، بەڵام ئەو ترسەی نەشاردەوە کە چین و ئێران و ڕووسیا هەڵمەتێکی ڕێکخراویان دەست پێکردووە بۆ مەبەستی تایبەتی بەخۆیان بەڕێوەی دەبەن .

زۆربەی جیهان بەگرنگییەوە دەڕواننە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی واشنتۆن، بەتایبەت دەبێتە یەکەم تاقیکردنەوەی حکومڕانی ترامپ، کەلەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو ناکۆکی لەگەڵ سەرجەم سەرکردەکانی جیهان دروستکردووەو، سیاسەتێکی ملهۆڕانەی بەرامبەردا جێبەجێ کردوون و، نیمچە ساردییەکیش لەپەیوەندییە دیپلۆماتیەکاندا روویداوە.

بەرپرسەکەى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە ” لەرێگاى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و، کەناڵە ئاسمانییەکانەوە رووسیا لەهەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 هەڵمەتێکی سەرکەوتووی لەپێناو دۆناڵد ترامپ بەڕێوەبردو، تا گەیاندییە کورسی کوشکی سپی”.

ترامپ ترسێکى زۆری هەیە، هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتى بدۆرێنێت

سەرەڕای ئەوەی ترامپ لەماوەی رابردوو باسی ئەگەری ئەنجامدانی ساختەکاریی لەهەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی دەکرد، بەڵام خۆی بەئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە بەپاڵپشتى مۆسکۆ تومەتبار کرابوو، تا کار گەیشتە ئەوەی داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکان بکات، بیانووەکەشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو.

بەڵام پاش کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر لەبانگەوازەکەی پەشیمان بوویەوەو، بیانووی بۆ ئەوە هێنایەوە کە “نایانەوێت سێ مانگ لەدوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان چاوەڕوانی ئەنجامەکەی بن”، کە هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٠ بوون لەنێوان بۆشی کوڕو ئاڵگۆر.

لە کۆمارییەکان مارکۆ ڕۆبیۆ و لە دیموکراتەکان مارک وارنەر جەخت دەکەنەوە لەوەی کە نابێت هیچ داتا و بابەتێکی تایبەتی ناوخۆی بەکارنەهێنرێت لەپێناو یەکلایی کردنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بۆ لایەك لەبەرئەوەی هەڵسوکەوتی لەم جۆرە زیان بە ئەمریکا و ڕای گشتی ووڵات دەگەیەنێت.