تاقیکردنەوەکان لەکاتی خۆی دا ئەنجام دەدرێن
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ، رایگەیاند کەوا نە پرۆژە و نە هیچ یاساییەک هەیە بۆ کارکردن لەسەر کۆنمرەی کۆتایی قوتابییان و ئەژمارکردنی کۆنمرەی کۆتایی وەکو دەرچوون و هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە هیچ نیازێك بۆ دواخستنی تاقیکردنەوەکانیش لەئارادا نییە و لەکاتی خۆی دا ئەنجام دەدرێت و هۆشداری دایە قوتابییانیش کە بەهیچ جۆرێك گوێ لە هیچ هەوالێکی ناڕاست نەگرن و چاویان تەنها لەسەر بڕیارە فەرمییەکانی وەزارەتی پەروەردە و سایتی فەرمی وەزارەتی ناوبراو لە فیس بوك بێت و راشیگەیاند کەوا وەزارەتی خوێندنی باڵاش بەهەمان میکانیزمی ئەژمارکردنی کۆنمرەی کۆتایی کارناکات.
حەیدەر فاروق، ووتەبێژی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەرچاوەیەکی میدیایی رایگەیاند، کە قوتابییان دەبێت ئەو کاتەی لەبەردەمیاندایە بیقۆزنەوە بۆ خوێندن و خۆشیان ئامادە بکەن بۆ دەست پێکردنی تاقیکردنەوەکان لە سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوودا .
ووتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ناوەندی، ئاماژەی بەوەش کرد کەوا تیمەکانی وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەل تیمەکانی وەزارەتی تەندروستی لەگەرانەکانیاندا بۆ هەموو قوتابخانەکانی سنووری هەموو پارێزگاکان سەرقالی دارشتنی بەرنامەیەکن تاکو لەژێر چاودێری ووردی تەندروستی دا تاقیکردنەوە بەڕێوەبچن .
دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قوتابییانی قۆناغی ئامادەیی داواکاری ئەوەیان دەکرد کە بەهۆی ئەو بارودۆخە نالەبارەی کە بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دروستی کردووە ، کۆنمرەی کۆتایی قوتابی وەکو نمرەی دەرچوون هەژماربکرێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی کە عێراق بەهۆی بلاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە تێی کەوتووە تاقیکردنەوەکان ئەنجام نەدرێن لەپێناو پارێزگاری کردن لە تەندروستی قوتابییان.