هەڵبژاردنێکی گرنگ و مێژوویی
هیچ شتێ هاوشێوەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵى ویلایەتە یەکگرتووەکان سالی ٢٠٢٠ نییەو، هیچ شتێک سروشتی تێدا بەدی ناکرێت، بەر لە ٩٠ رۆژ پێش ئەنجامدانی پرۆسەى هەڵبژاردنى گشتى واتا لە ٣ـی تشرینی دووەمی ئەمسال رووداوەکان بەئاسایی نایەنەدی.
هەلبژاردنەکە لە نێوان دوو پیرە پیاودا بەڕێوەدەچێت، یەکێکیان سەرۆکی ئێستای ئەمەریکایە، کەئەویش دۆناڵد ترامپی (تەمەن٧٤ ساڵ)، کە لەدەرەوەی بازنەی سیاسەتە تەقلیدی و حزباتیەوە هاتووە، ئەوەی دیکەیان جۆ بایدنی (تەمەن ٧٧ ساڵ)، کوڕە خۆشەویستەکەى سیاسەت و پرۆسەى حزبایەتى، کە نیو سەدەى تەمەنى خۆی لەنێو دامەزراوەو سیاسەتی واشنتۆن بەسەر بردووە.
ئەم هەڵبژاردنە ، لەسەردەمی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڕێوەدەچێت ، لەگەڵ ئەنجامدانی چاڵاکی سنووردارو هەرەشەی چاوپێکەوتنی سەرۆکایەتی و ململانێی توندی نێوان هەردوو ڕکابەری دیموکرات و کۆماری و، دەنگدان بەشێوەی ئەلیکترۆنى و، لەسایەی مەترسییە تەندروستییەکانی کۆڤید ١٩ ـدا.
هاوکات هەلبژاردنەکان لەکاتێکدا بەرێوەدەچێت، واشنتۆن لەململانێیەکى گەورەو سەختدایە لەگەڵ دووهەم زلهێزی ئابوورى جیهان، کەئەویش چینی کۆمۆنیستیە، جگە لەرەچاوکردنی گرژی نێوان ئەمەریکا و رووسیا، کە لەپشتیانەوە چەندەها کەیسی گرنگ ومەترسیدار هەن، نموونەی زیندووش هەلبژاردنی چوار ساڵى رابردوو، کە ترامپ گەیاندە کورسییەکەى کوشکی سپی.
گرنگی ئەم هەلبژاردنە لەوەدایە کە لە نێوان ٣ سەنگەردایە ، ناتوانن دەستبەرداری یەکتربن وێرای ترس و نیگەرانی نێوەدەولەتی و دەنگدان بەشێوەی پۆستە و دەستوەردانی دەرەکی لە هەلبژاردنەکانی ئەمەریکا.
هەرەشەی یەکەم : دەستێوەردانى دەرەکی
دەزگای سیخوڕی ئەمەریکا، ئەوەی پشتراستکردەوە کە سالی ٢٠١٦ رووسیا، بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستێوەردانی لە هەڵبژاردنەکان کردو، بەئامانجی دەرچوونی دۆنالد ترامپ.
لەو بارەیەوەش، بۆ ماوەى دوو ساڵى لێکۆلینەوەی چڕ دەستپێکرد جگە لەخەرج کردنی سەدان ملیۆن دۆلار لەو لێکۆلینەوانەدا، ئەنجامەکەشى بێبەرى کردنى سەرۆکی ئەمەریکا بوو لەو تومەتانە، بەشێوازێکى سادە “پەردەپۆشکردنى رووداوەکە بووەو، نەیانویست ترامپ ڕاستەوخۆ تومەتباری بکەن بەو کەیسە، بەڵکو کۆمەڵێک کەسى دیکەیان کردە قوربانى”.
ڕاپۆرتەکەی ڕۆبەرت مۆلەر، کەسەرۆکایەتى پرۆسەى لێکۆڵینەوەکانى ئەو کەیسەى دەکرد، بەروونی کارى لەسەر بێتاوانکردنى ترامپ کردو، ڕایگەیاند ” ترامپ بەهیچ شێوەیەک لەگەل رووسیا دەستی نەبووە، بەتایبەت لەپرۆسەى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا سالی ٢٠١٦”.
ترامپ، بیر لە “دزینى هەڵبژاردنەکان” دەکاتەوە
بەلام لێکۆلینەوە دوو ساڵییەکەی دەزگای سیخوری ئەمەرکی، ئەنجامەکە تاوانبارکردنی دەیان بەرپرسی رووسی بوون بەتاوانی جۆراوجۆر ، هەروەها لەگەل ساغ بوونەوەی تاوانی چەندین بەرپرسی گەورەی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی ترامپ، بە تاوانی پەیوەندی نایاسایی لەگەڵ رووسیا ، و درۆکردنیان لەگەڵ لیژنەکانی لێکۆڵینەوە لەکاتی لێپرسینەوە.
ئەوەش ئاشکرایە کەرووسیاو، چین و، ئێران لەهەوڵی بەردەوامدان، بۆ دەست تێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٠ و، لەو بارەیەوە ویلیەم ئیڤانینا، سەرۆکی ناوەندی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی سیخوڕی ئەوەی پشتراست کردبووەوە “ئاسایشی هەڵبژاردنەکان باش نابێت”.
لەڕاگەینراویکى نائاساییدا دووپاتیکردەوە “وڵاتانی ئێران و رووسیا و چین، لە رێگەی هەڵمەتی چەواشەکاری ئەلیکترۆنی و، چەندین ئامارازی دیکە، کار لەسەر بێهیوا کردنى دەنگدەر دەکەن لەهەڵبژاردنەکانی وڵاتەکەیان”.
روونیشیکردەوە ” بۆ ئەم مەبەستەش، هێزە ئەمنییەکان ئامادەباشی خۆیان وەرگرتووە ، و هێزە فیدراڵییەکانیش، چەندین هاوکاری سیخور و لۆجیستی و ئەمنیان پێشکەش بە حکومەتی ئەمەریکی کردووە ، کە ئەم جۆرە هێزانە ، بەرپرسی ئاسایش هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکان”.
هەڕەشەی دووەم : دەنگدان بە ڕێگای ئیمێڵەوە
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای، ژمارەی تووشبووان لەئەمەریکا ، پێنج ملیۆن کەسی تێپەراندو، سەرووى ١٦٥ هەزار کەسیش گیانیان لەدەستداوە، بۆ ئەم مەبەستەش دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنەکان لەرێگەی چوارچێوەى خۆپارێزی تەندروستیەوە بەرێوەبچێت و، کۆنترۆڵی زیاترى بڵاوبوونەوەى پەتاى کۆڤید ١٩ بگرن.
تا ئێستاش ٤٦ ویلایەت، سیاسەتی ئاسانکاری دەنگدانی بەشێوەی ئیمێلەوە داڕشتووە، بۆ ئەوەى لەبری وەستان چەند کاتژمێر لەریزەکانى ناوەندی دەنگدان، ئەوا لەیەک کاتدا رێگرى لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگرن، لەهەمان کاتیشدا ئاسانکاری بۆ دەنگدەر دەکرێت لەبەشداریی کردن لەو پرۆسەیە.
هاوکات بەشێک لە ویلایەتەکان لەتوانایان دا نیە بتوانن لەسایەی هەرەشەی کۆرۆنا و چەقبەستوویی سیاسەتی و تێکچوونی باری ئابووری وڵاتەکەیان، دامەزراندن بکەنەوە بۆ کەسانێک، کە ئەرکی جیاکردنەوەو، ژماردنی پەراوی پۆستەی دەنگدان و، ڕیکخستنی کاری هەڵبژاردنەکان بکەن.
بەرێوەچوونی دەنگدان بەشێوەی ئیمێل، ڕێژەی بەشداری کردنی هاوڵاتیان زیاتر دەکات، بەبەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سالی ٢٠١٦ دا روویدا، کە رێژەی بەشداری کردن %٦٣ بوو، بەڵام لەرێگەى ئیمێڵ ئاسانتر بووەو،بەبێ ئەوەی خەڵک لە ریزی بنکەی دەنگدان بوەستن و، یاخود بەهۆی دەنگدانەوە لە کارەکانیان دوابکەون.
دیموکراتەکان هیوای ئەوە دەخوازن کە کاندیدەکەیان بە جیاوازیەکی زۆر دڵخۆشکەر، هەڵبژاردنەکە بباتەوە
بۆیە دەنگدان لە رێگەی ئیمێڵەوە، ژمارەی بەشداربوون بەرز دەکاتەوەو، نموونەش بۆ ئەمە ، هەڵبژاردنە بنەڕەتیەکانى ئەنجومەنی نوێنەرانی ویلایەتی نیویۆرک بوو، کە ژمارەی بەشداربووان زۆر زیاتر بوون لەوەى چاوەڕوان دەکرا، تا ئێستا نەتوانراوە ئەنجامەکان یەکلایی بکرێتەوە، هۆکارەکەش بۆ ئەوەیە پرۆسەی ژماردن و جیاکردنەوەی پۆستەی دەنگدەران کۆتایی نەهاتووەو، جیاکردنەوەش بەردوامە.
ئەمەش لەکاتێکدایە بەبەراورد لەگەڵ ٢٠١٦ کاتێک ژمارەى دەنگدەران لەسنوورى ٢٣ هەزار دەنگدەر بوون، بەڵام لەهەڵبژاردنەکانى ئەمجارەدا ژمارەى دەنگدەر لەرێگەى ئیمێڵەوە بۆ ٤٠٠ هەزار کەس بەرز بوویەوە، کە ١٧ هێندەى بەشداربووانى پێشووە، ئەمەش کاتی زیاتر پێویستە لەجیاکردنەوەو، یەکلایی کردنەوەى دەنگەکان، بەتایبەت بۆ ئەوانەى ئاستى دەنگەکانیان لەیەکتر نزیکن.
هەرەشەی سێیەم : خودی دۆنالد ترامپ
پێش کۆتایی هێنان بەتەواوى پرۆسەى هەڵبژاردنەکان، کەلتووری پیرۆزبایی کردنی رکابەری دۆراو لەبراوەی هەڵبژاردنەکان، دابونەریتێکى ئەمەریکییە مێژووییەکى دوورو درێژى هەیە، بەڵام لێرە کێشەکە خوودی سەرۆکى ئێستاش کوشکی سپیە، کە ئامادە نیە لەئەگەرى دۆڕاندن دان بەئەنجامەکەى بنێت.
ترامپ، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنی لەگەڵ کەنالی “فۆکس نیوز”ـدا رایگەیاندووە ” نامەوێت دۆراوێکی باش بم و، بەرگەی شکستیش ناگرم، زۆریش نادۆڕێم و، حەز بە دۆرانیش ناکەم ”، هەروەها ئاشکراشی دەکات کە “حەز بە راگەیاندنی دواخستنی هەڵبژاردنەکان دەکات “.
پاساوی دواخستنەکەشى بۆ بڵاوبوونەوەى کۆڤید ١٩ گەڕاندۆتەوە، بەڵام لەڕاستیدا زۆربەى راپرسییەکان دەریانخستووە بایدنی رکابەرى لەپێش ئەو دایەو، ئەگەرێکى زۆرە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى بباتەوە، بۆیە ترامپ، بیر لە “دزینى هەڵبژاردنەکان” دەکاتەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی سالی ٢٠٠٠، لەنێوان جۆرج بۆشی کوڕ و ئالگور ، بەهۆی نزیکی ئەنجامی هەردوو رکابەر لە ویلایەتی فلۆریدا، جۆرج بۆش بە جیاوزی ٥٤٧ دەنگ هەلبژاردنەکەی بردەوە، ئەمەش راگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی بۆ ماوەیەک دواخست، تاوەکو دادگای فیدراڵى لەقازانجی بۆشی کوڕ یەکلایی کردەوە.
بۆیە دیموکراتەکان هیوای ئەوە دەخوازن کە کاندیدەکەیان بە جیاوازیەکی زۆر دڵخۆشکەر، هەڵبژاردنەکە بباتەوە، لای خۆیەوە بایدن، بە متمانەیەکی زۆرەوە ئاماژەی بەوەکرد ” سەربازەکانی کۆشکی سپی ، لەکاتی دۆرانی ترامپ، دەستی دەگرن و دەیبەنە دەرەوەی کۆشکی سپی”.