ئێران دەیەوێت قۆڵى خەڵک بە “قەواڵەى نەوتى” ببڕێت

پ

بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەى تێی کەوتووە، کۆمارى ئیسلامی ئێران بڕیاریداوە قەواڵەى نەوت بەهاوڵاتیانى خۆی بفرۆشێت و لەوێوە پارە بۆ کورتهێنانى بوودجەو خەرجییەکانى دابین بکات.

حەسەن روحانی، سەرۆکی ئێران لەو بارەیەوە ڕاگەیاندووە ” حکومەتەکەى بڕیاریداوە پلانى فرۆشتنى قەواڵەى نەوت بەهاوڵاتیانى ئێرانى بفرۆشێت و، لەلایەن هەرسێ ئەنجومەنى سەرۆکایەتیەکەى وڵاتیش پەسەند کراوە”.

بەپێی زانیاریی میدیا ناوخۆییەکانى ئەو وڵاتە ” پلانی فرۆشتنى قەواڵەى نەوت بەدراوی بیانى و زێر دەبێت، لەبەرامبەریشدا بەڵێنى ئەوە دراوەتە کڕیاران “پارەکانیان بەقازانجەوە بەدەست بهێنن”، ئامانجی ئەو پلانەش پڕ کردنەوەى کورتهێنانى بوودجەى گشتیە، کەبەهۆى سزا ئابوورییەکانى ئەمەریکاوە دروست بووە.

ماڵپەرى سەرۆکایەتى لەسەر زاری روحانى بڵاویکردۆتەوە ” ئەنجومەنى باڵاى هەماهەنگی ئابوورى، پلانى فرۆشتنى نەوت لەناوخۆ و، خستنەرووى لەبۆڕسەى ووزە، یەکێکە لەپلانە بەردەستەکانی ئابوورى گەل و، رێکخستنى بازاڕى سەرمایەو، بۆڕسە”.

ئەوەشى دووپاتیکردۆتەوە ” جگە لەوەش هەنگاوێکى گرنگە بۆ بەڕەنگاربوونەوەى قەدەغەکردنى نەوتى کە دوژمنان سەپاندوویانە”.

لەدواى کشانەوەى یەکلایەنانەى دۆناڵد ترامپ، لەرێکەوتننامەى ئەتۆمییەکە پێنج کۆ یەکى ئێران و، وڵاتانى جیهان،  ئابوورى تاران رووبەرووى ئاڵۆزییەکى سەخت بووەتەوەو، ئەوەى بارگرانى زیاتری بۆ دروستکرد، سزا تووندەکانى کوشکی سپی بوو لەسەر زۆربەى سێکتەرە گرنگەکانى ئابوورى ئەو وڵاتە.

روحانی گووتوویەتى ” حکومەت هەمیشە هەوڵدەدات سیاسەتێک و رێکارێک پەیڕەو بکات، کۆنترۆڵى نەختینە بکات و، بەرێگاى دروست و بەرهەمهێنراو ئاراستەیان بکاتەوە”.

هەوڵەکانى روحانى پێچەوانەى ڕەوشى ڕاستەقینەى خەڵکی ئێرانە

بەرهەمهێنانى نەوتى تاران پێش کشانەوەى واشنتۆن لەرێکەوتننامە ئەتۆمییە واژۆکراوەکەى ٢٠١٥، لەسنوورى دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار بەرمیل بووە لەرۆژێکدا، بەڵام بەپێی دوایین ئامارە نێودەوڵەتیەکان، قەبارەى بەرهەمهێنانى رۆژانەى ئەو وڵاتە بۆ سنوورى ٢٠٠ هەزار بەرمیل دابەزیوە.

ئەوەى زیاتر ڕەوشى تاران و حکومەتەکەى روحانى ئاڵۆزتر کردووە ” داڕمانى نرخەکانى نەوت و، بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، کەبەهۆى رێکارەکانى خۆپارێزی جیهانى و، قەدەغەکردنى هاتووچۆ لەسەرجەم وڵاتانى جیهان، کڕیارانى نەوت چەندین هەفتە بلۆک کران”.

سەرۆکى ئێران لەبارەى بیروکەى قەواڵە نەوتیەکانى دەشڵێت ” دەبێت خەڵک متمانە بەهەوڵەکانى حکومەت بکات، بۆ سەقامگیری ئابوورى، دەبێت بزانن ئێمە هەموو هەوڵێک دەخەینە گەڕ بۆ پاراستنى رێکارەکانى ژیان و سەرمایەکانیان”.

هەوڵەکانى روحانى پێچەوانەى ڕەوشى ڕاستەقینەى خەڵکی ئێرانە، کەبەهۆى برسێتى و، قەیرانە بەردەوامەکانى رژێمى ئێران، تواناى دابینکردنى بژێوی ژیانیان نەماوە، چ جا قەواڵەى نەوتى بەدراوی بیانى و زێر بکڕن.

ئامانجی تاران لەو بیروکەیە، نەهێشتنى ئەو پشکە بچووکەى داهاتی هاوڵاتیانە، کەهەندێکیان تاڕادەیەک، توانیویەتى پارێزگاری لەسەرمایە وێرانبووەکەى، ئێستاش بەبیانووى قەواڵەى نەوتى، بەیەکجاری هەڵیبتەکێنێت.

لەلایەن خۆیەوە بازرگانێکى نزیک حکومەتى تاران لەبارەى قەواڵە نەوتیەکانى حکومەت روونیکردۆتەوە ” پلانەکە هەوڵدەدات بۆ ساڵێک بێت، کەلەو رێگەیەوە بتوانێت دراوی بیانى و زێر لەخەڵک کۆبکاتەوەو، لەبەرامبەریشدا پشکى نەوتیان بداتێ”.

حوسێن مرعشی، باسى لەوەشکرد ” حکومەت لەبەرامبەر کڕیاراندا بەڵێنى ئەوەی داوە دواى سێ ساڵ لەفرۆشتنى قەواڵەکانى، بەقازانج لێیان بکڕێتەوە”.

ئەو پلانەى روحانى بۆ دەرهێنانى پارە لەگیرفانى هاوڵاتیان لەساڵى ٢٠١٢ لەسەردەمى سەرۆکایەتى مەحمود ئەحمەدینەژاد، سەرۆکى پێشووى ئێران ڕاگەینرا، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکان سزاى نەوتى خستە سەر پیشەسازی ووزەى تاران، بەڵام پرۆسەکە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە، تا روحانی دەست بەکاربوو و، بەناچاری و بەفشار دەستى بەدانووستاندنى نێودەوڵەتى کرد.

چاودێران ئاشکرایان کردووە ” هاوڵاتیان سەرکێشى دەکەن لەکڕینى قەواڵەى نەوتى بەدراوی بیانی و زێر، بەجۆرێک پاشەکەوتەکانى خۆیان دەخەنە بەردەستى حکومەتێک جێی باوەڕو متمانە نیە”.

هیمایان بەوەشداوە ” لەدواى رێکەوتننامە ئەتۆمییەکە حکومەتەکەى روحانى دەیان ملیاری لەهەژمارە بلۆککراوەکانى بەدەستهێنایەوە، بەڵام رژێم لەبەرنامەى ئەتۆمی و مووشەکی و، دەستێوەردانى دەرەکی خەرجی کردووەو، گەلەکەى بێبەشکردن لەسوود وەرگرتن لەو پارەیەو، نەشیتوانى هەژاری کەمبکاتەوە”.

پێشبینى دەکرێت، دوو لەسەر سێی بوودجەى گشتى ئەمساڵ، رووبەرووى قەیرانێکى ئاڵۆز ببێتەوەو، حکومەت نەتوانێت پارەى پێویست تەرخان بکات بۆ رووماڵى ئەو کورتهێنانە.