وەزیری دارایی و ئابووری بڕیارێکی نوێی دەرکرد

پ

لە چوارچێوەی بەردەوامی دان بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لە پرۆسەی چاکسازی دا ، ئەمرۆ ئاواتی شێخ جەناب ، وەزیری دارایی و ئابووری ، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە کاری دەروازە سنوورییەکان دەرکرد . و رایگەیاند کە شەوانە دوای تەواو بوونی کارە گومرگییەکان ، کاری بارهەڵگرەکان لە ئەستۆی بەڕیوەبەرایەتی دەروازە سنوورییەکان بێت

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری دا هاتووە:

لە درێژەی پرۆسەی چاكسازی لە دەروازە سنووریەكان، ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاریدا كە شەوانە دوای تەواوبوونی كارە گومرگیەكان دەرگای سەرەكی دەروازە سنووریەكان بۆ ناو هەرێم تایبەت بە بارهەڵگرەكان بخرێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی دەروازەكان تا ڕۆژی دواتر جوڵەی بازرگانی دەستپێدەكاتەوە، ئەمەش لە پێناو ڕێگەگرتنە لە دیاردەی قاچاخچیەتی لە دەروازە نێودەوڵەتیەكان.

ئەمەش دوای ئەو مشتومڕە دێت کە ئەندام پەرلەمانێکی بزووتنەوەی گۆڕان چەند جارێك هۆشداری دابوو لەوەی لە دەروازە سنوورییەکان ، بارهەڵگرەکان بە قاچاغ و بەبێ پشکنین و باج بە ئارەزووی خۆیان هاتووچۆ دەکەن و کەس لێپرسینەوەیان لێ ناکات ، هەروەها ئەو پەرلەمانتارە ، ئەوەشی راگەیاند ، کە بەرپرسی باڵا و گەورە لە پشتی ئەو کارە نایاسایی و بە قاچاغ بردنەوە هەیە .

دوێنی عەدنان عوسمان ، ووتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی دا رایگەیاند ” بەشداری بزووتنەوەی گۆڕان لە کابینەی نۆیەمی حکومەت دا بۆ چاکسازی بووە ، هەروەها لە درێژەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات ” بزووتنەوەی گۆران نابێتە شەریکی ئەو بە قاچاغ بردن و کارە نایاساییانەی لە دەروازە سنوورییەکان هەیە ”