کازمی بە هەگبەیەکی پڕەوە دێت بۆ ئەمەریکا، بەڵام چی دەباتەوە؟!

لە میانەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکان، چاوەڕوان دەکرێ مستەفا کازمی، هەگبەیەکی پڕ لەئومێدو ئامانج لە کۆشکی سپی هەڵبڕێژێ! بەڵام لێرەدا پرسیارێك خۆی دەسەپێنێت، ئایا ئەو کۆڵەپشتە پڕ لەهیوایەی کازمی، جگە لە ٤ خاڵی سەرەکی کە لە بەرژەوەندی (واشنتۆن) دایە، ئەو سەردانەی شاندی عێراق چەند سودی بۆ وڵاتە عەرەبیە فرەقەیڕانە دەبێت؟!.
وەک ئاشکرایە، کۆشکی سپی ڕازی بوە لە 20ـی ئەم مانگەدا لەواشنتۆن چاوی بە کازمی بکەوێت. وەلێ ئەوەی لە هەگبەکەی سەرۆک وەزیران دایە، رەنگە تەنها کۆڵێکی سەنگین بێت بەکۆڵی خۆیە، چونکە ئەمەریکا چەند بژاردەیەک دەخاتە بەردەم ئەو سەکردە بێ پشت و پەنا جەماوەریی و (بێ هێزی چەکداریەی) عێراق. ئەگەر چی لە هەمانکاتدا، چاوەڕوانیش دەکرێ ئیدارەی دۆناڵد ترامپ لەبەرامبەردا هەندێک پشتیوانی لە حکومەتە لاوازەکەی کازمی دەردەبڕێ.
یەکێک لەو خاڵە هەرە گرنگانەی کە لەم سەردانەی کازمی دا، واشنتۆن هەوڵی سەپاندنی بە سەر حکومەتی نوێ عێراقدا ئەدات، کۆسپ خستنە پێش دەستێوەردانەکانی ئێرانە لە ناوچەکە بە گشتی و، لە سەر خاکی عێراق بە تایبەتی.
ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لەو کارەدا، ئەوەیە ڕێڕەوەی بازرگانی و هاوردەکردنی ووزەو کارەبای عێراق بگۆڕێت
ئەوەیش ڕوون و ئاشکرایە، ئەمڕۆ عێراق لە باردۆخێکی سیاسی، ئابووری، ئاسایشی و، خزمەتگوزاریی قووڵی ئەوتۆی چەقبەستو دایە، سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمەریکا هیچ قورساییەك ناخولقێنێ لە سەر کاربەدەستانی واشنتۆن، بەپێچەوانەوە، شاندی بەغدا دەبێ سازش بکات لە بەرامبەر داخوازیەکانی کوشکی سپی دا.
سەپاندنی خاڵێکی تری ئەمەریکا بە سەر کازمی دا، بریتیە لە لەغاوکردنی میلیشیا شیعەکانی سەربە ئێران، بۆ ئەوەی ئەو چەکدارانە نەبنە ههڕهشه بۆ سەر گیانی سەربازە ئەمەریکیەکان لە عێراق.
ڕەنگە لە بەرامبەر سازشی کازمی دا، حکومەتەکەی ترامپ لە چەند قۆناغێکدا پاڵپشتی لە حکومەتی عێراق دەرببڕێ، کەبریتین لە : یەکەم؛ پاڵپشتی چاوەڕوانکراو لە واشنتۆن، بۆ هاوکاری سەربازییە ( کە ئهوەیش خۆی لە ههمانگى سهربازیى دەردەبڕێ لە مەڕ سەرهەڵنەدانەوەی تیرۆریستان، بەتایبەت لە بواری مهشق و راهێنان بهسوپاو، هێزی دژە تیرۆری عێراق و، دابینکردنی پێدویستی لۆجستىیکی).
لەلایەکی دیکەیشەوە؛ واشنتۆن جەخت دەکات لەنزیککردنەوەی عێراق لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەبی، کە ئامانجی سەرەکی ئەمەریکا لەو کارەدا ئەوەیە، ڕێڕەوەی بازرگانی و هاوردەکردنی ووزەو کارەبای عێراق بگۆڕێت، تاوەکو ببێتە جێگرهوهى پهیوهندییه ئابوورییهكانى نێوان شیعەی فارس و هاوسۆزەکانی لەعێراق و، چڕکردنی سزاکانی ئەموریکا لە سەر ئایەتوڵاکانی تاران.
پێشبینی دەکڕێ، واشنتۆن جەخت لە سەرئەوە بکاتەوە کە ئایندەی هێزی سەربازی ئهمەریكا لهعێراق مسۆگەر بکات، بەبێ ئەوەی تووشی هێرشی میلیشیاكانى سەر بە ئێران ببنەوە. چونکە ئەو جۆرە پەلامارانەی چەکدارەکانی شیعە، حکومەتەکەی ترامپی زۆر نیگەران کردەوە.
دواخاڵی سەپێندراوی کۆشکی سپی بە سەر حکومەتەکی کازمی دا، جێگیر کردنی مووشەکی بەرگرییە لە سەر خاکی عێراق (بەتابەتی لەناو باڵوێزخانەی ئەمەریکا لەناوچەى سەوزی بەغدا) لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران لە دژی ئیسرائیل و بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا!.
ئەو چوارخاڵەی کە چاوەڕوان دەکرێ ئیدارەی ترامپ بە سەر حکومەتە لاوازەکەی کازمی دا بیسەپێنێ، جگە لە نائومێدیەکی فرە بۆ سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، کازمی توشی دڵەڕاوکێی گیرۆدەبوونی و، گورزی تۆڵەی ئێران دەکاتەوە.
بێگومان، لە بەرامبەر ئەوەی کە ئەمریکا لەعێراقی دەیەوێ، کۆشکی سپی هەندێک شیرینی بە کۆڵەپشتەکەی کازمی دا دەنێڕتەوە بۆ دڵخۆشکردنی شەقامی عێراقی و عەرەبی و، ئێرانش توشی شۆک و خەمۆکی دەکات!.