ئەمجارە واشنتۆن دەیەوێت سزاى “عەلى بابا” بدات
لەماوەى دوو هەفتەى رابردوو دوو بڕیاری ئەمەریکی دژى کۆمپانیاکانى چین دەرچوون، کەبریتی بوون لەقەدەغەکردنى کارى “تیک تۆک”ـى کۆمپانیاى بێتا دانس و، “ووی چات”ـى کۆمپانیاى تێنسێنت لەخاکی ویلایەتە یەکگرتووەکان.
واشنتۆن، لەسەردەمى ئیدارەى دۆناڵد ترامپ، سەرۆکى ئەو وڵاتە هەموو هەوڵەکانى خستۆتە گەڕ بۆ سنووردار کردنى کۆمپانیا زەبەلاحەکانى پەکین و، تاڕادەیەک هەوڵى وەستاندنیان بکات، بۆ ئەوەى نەبێتە هەڕەشەى زیاتر بۆ سەر کۆمپانیاکانى خۆی.
بایکۆتیەکانى ئەمەریکا دژى کۆمپانیا رکابەرەکەى لەهواوی، زلهێزى تەکنەلۆژی دەستى پێکردووەو، پێشبینى دەکرێت، کۆمپانیاى “عەلى بابا”، زلهێزى فرۆشتنى ووردەى ئەلیکترۆنیش بخرێتە نێو لیستى سزایەکان و، چالاکییەکانى قەدەغە بکرێن.
پێچەوانەى بێتا دانس و، هواوی، کەبەهۆى سزایەکانى ئەمەریکاو، بچڕاندنی تەکنەلۆژیاى واشنتۆن، کۆمپانیاى عەلى بابا، سەرکەوتنێکى گەورەى لەبازاڕەکانى رۆژئاوا دروست نەکردووە، بەڵکو زۆربەى چالاکییەکانى لەبازاڕەکانى ئاسیاو رۆژهەڵاتى ئەو کیشوەرەیە.
ئەلیکس کاپری، توێژەرى دامەزراوەى هینریش و، مامۆستاى زانکۆى سەنگاپورەى نیشتیمانى ئاماژە بەوە دەکات ” ئەوەى ڕاستى بێت، بەهۆى ئەوەى عەلى بابا کۆمپانیایەکى نیشتیمانى داهێنەرە لەبوارى تەکنەلۆژیا لەچین، کەئەمەش هۆکارێکى گەورەیە لەلایەن واشنتۆنەوە بکرێتە ئامانج”.
لەبەرامبەر هەنگاوەکانى ترامپ، بۆ سزادانى کۆمپانیا چینیەکان، تاوەکو ئێستا پەکین بەشێوەیەکى کارا هیچ کاردانەوەیەک و، وەڵامدانەوەیەکى جددی ئەو هەڕەشانەى کوشکی سپی نەبووە، بەڵکو بەردەوامە لەکارەکانى خۆی و، درێژەش بەچالاکییەکانى دەدات.
بەجۆرێک لەوەرزی دووهەمی ئەمساڵدا، کۆمپانیاى هواوی، توانى پلەى یەکەمى جیهانى لەئاستى فرۆشتنەکانى مۆبایلى هۆشمەند تۆمار بکات و، بەپێش کۆمپانیاى “سامسۆنگ”، رکابەرە تەقلیدییەکەى کۆریاى باشوور بکەوێت.
هەرچەندە بەشێوەیەکى فەرمیی باس لەسزادانى کۆمپانیاى عەلى بابا نەکراوە، یاخود هاوشێوەى کۆمپانیاکانى دیکە سزا بدرێت، بەڵام ناوی کۆمپانیاکە لەهزری زۆربەى بەرپرسە ئەمەریکییەکانە.
واشنتۆن مەترسییەکى گەورەى لەوە هەیە رابەرایەتى تەکنەلۆژی و، باڵادەستى و پاوانخوازییەکانى بازاڕى جیهان بۆ کۆمپانیا جیهانیەکانى چین، دووهەم زلهێزى ئابوورى جیهان لەدەست بدات، بۆیەش سیاسەتى سزادان و، قەدەغەکردنی دژیان بەرپا کردووە.
بەپێی راپۆرتێکى کەناڵى ” سی ئێن ئێن”ـى ئەمەریکا، مایک پۆمپیۆ، وەزیرى دەرەوەى ئیدارەى کوشکی سپی، هەفتەى رابردوو کاتێک هانى کۆمپانیا ئەمەریکییەکانی داوە تەکنەلۆژیا جێی گومانەکانى چین لەتۆڕەکانى خۆیان بسڕنەوە، ناوی عەلى باباشى هێناوە.
بەشێوەیەکى فەرمیی عەلى بابا هیچ وەڵامێکی بۆ لێدوانەکەى پۆمپیۆ نەبووەو، بەهێمنى درێژەى بەچالاکییە تەکنەلۆژییانى خۆی داوە، بەتایبەت لەنێوخۆى چین و، باشوورى رۆژهەڵاتى ئاسیا.
بۆیەش چاوەڕوان ناکرێت هەنگاوەکانى واشنتۆن کاریگەرى گەورە لەسەر کۆمپانیا بازرگانە فرۆشتنە ووردەکەى پەکین بکات، کەسەدا ٨٠ ـى داهاتی ساڵانەى کەقەبارەکەى ٧٣,٥ ملیار دۆلارە، لەو ناوچەیە بەدەست دێت و، تەنها سەدا ٧ ـى داهاتەکانى لەگواستنەوەى نێودەوڵەتى بەدەست دێن.
تەنانەت سزاکانى ئەمەریکا لەسەر کارە سیستەمییەکانى عەلى باباش هەنگاوێکى ئەستەمە.
ئەوەى عەلى بابا بەبازاڕى ئەمەریکا دەبەستێتەوە چالاکییەکانى نیە، بەڵکو هاوبەشەکانیەتى، کەتاڕادەیەک قوڵایی زۆری هەیە.
چونکە کاتێک ئەو کۆمپانیایە لەبۆڕسەى نیویۆرک ساڵى ٢٠١٤ پشکەکانى خستنەروو، توانى ٢٥ ملیار دۆلار بەشێوەیەکى سەرسۆهێنەر کۆبکاتەوەو، ژمارەى پێوانەیی لەخستنەروو تۆمار کرد.
لەو ئاستە پێوانەییشدا هیچ کۆمپانیایەک جگە لەکۆمپانیاى ئارامکۆی نەوتى سعودیە توانى ئەو ئاستە پێوانەییە بشکێنێت، کاتێک ساڵى رابردوو لەکاتى خستنەرووى پشکەکانى سەرووى ٢٥,٦ ملیار دۆلارى کۆکردەوە.