ئەمەریکا داهاتى نەوتى ئێرانى بۆ %٨ دابەزاند
لەسەروبەندی گرژییەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان و، کۆمارى ئیسلامی ئێران، کەنزیکەى دوو ساڵە درێژەى کێشاوە، بۆ یەکەمجار واشنتۆن هەنگاو بۆ دەست بەسەرا گرتنى کەشتیەکى نەوتى تاران دەنێت، کە لەرێگا بووە بەرەو ڤەنزوێلا.
وەزارەتى دادی ئەمەریکا لەڕاگەینراوێکدا “دەستبەسەراگرتنى کاروانێکى نەوتى ئێران لەسەر چوار کەشتى بەئاراستەى ڤەنزوێلا، کەرووبەرووى قەیرانێکى سەختى ئابوورى بووەتەوە”، پشتڕاست کردۆتەوەو، هیماشى بەوە کردووە ” ئەو کاروانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆى بەسوپاى پاسدارانەوە هەیە”.
لەماوەى ڕابردوو واشنتۆن هەڕەشەى سەپاندنى سزای بەسەر خاوەن کەشتیە بازرگانیەکانى نەوت کردووە، مامەڵە لەگەڵ تاران و کاراکاس بکەن، بەو هۆیەوەش بەشێکیان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە هەڵپەساردووە.
لەساڵى رابردووەوە پەیوەندییە خراپەکەى ئێران و ئەمەریکا بەهۆى زنجیرەیەک رووداو، تایبەت بەپرسەکانى کاروانى بازرگانى لەکەنداو تێکچوون، بەڵام یەکەمجارە لایەنى دووهەم دەست بۆ دەستبەسەرا گرتنى نەوتى لایەنى یەکەم ببات.
چاودێران و، توێژەرانى کاروبارى ئێران هیمایان بەوە کردووە “ئەو هەنگاوەى کوشکی سپی لەسەروبەندی ململانێیەکانى لەگەڵ رژێمى ئێران گرنگییەکى خۆی هەیە، ڕەنگە لەداهاتوو کۆتى زیاتر بخرێتە سەر کەرتەکانى ئێران، وەک بوارى پیترۆکیمیاوی”.
سەعید قاسمی نەژاد، توێژەرى پسپۆڕی کاروبارى ئێران لەپەیمانگەى بەرگرى لەدیموکراتیەکان دەلێت ” دەستبەسەرا گرتنى کەشتیە نەوتیەکان، کەسەرپێچی قەدەغەکردنەکانیان کردووە، دەبوایە ماوەیەکى زووتر ئەنجامبدرایە”.
گووتیشى ” ئەو پێشهاتە نوێیە وەک پەیامێکى بەهێزەو، هاوکات مەترسییەکان بۆ تاران زیاتر دەکات و، دەبێت ئاگاداری بن، بۆ ئەوەى بتوانێت دووبارە دەست بەهەناردەکردنەوەى بێمەرجی نەوتەکەى بکات.
قاسمی نەژاد، جەختى لەوە کردۆتەوە ” ئێران هەموو هەوڵێکى دەخاتەگەڕ بۆ فرۆشتنى سووتەمەنى، دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانیش هەوڵەکانى چڕتر بکاتەوە بۆ دەستبەسەرا گرتنى ئەو نەوتانە”.
ئاشکراشی دەکات ” چاودێری کردنى ئەو کەشتیانە زۆر ئاسانن، واشنتۆن تواناى گرتنیانى هەیە”.
توێژەرەکەى پەیمانگەى بەرگرى لەدیموکراتیەکان دووپاتیدەکاتەوە ” ئەو رێگایەى لەبەردەم ئێران ماوە، نەوتەکەى هەناردە بکات، رێگەى زەمینیە، لەگەل بەرزبوونەوەى مەترسییەکان، داهاتەکانى بۆ تاران کەمتر دەبێتەوە”.
داواشى کردووە ” پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەمان رێگا پەیڕەو بکات بۆ کەمکردنەوەى هەناردەکارییەکانى پتیرۆکیمیاوی”، بەبۆچوونى خۆى “ئەوە قەبارەیەکى گەورەى هەناردەکردن پێکدەهێنێت”.
لەو نێوەندەشدا ئاژانسى فارسی فەرمیی ئێران لەراپۆرتێکیکدا قەبارەو داهاتى گشتى هەناردەکانى ساڵى ٢٠١٩ ـى بڵاوکردەوە، کەبەهۆى سزایەکانى ئەمەریکاوە پاشەکشێەکى گەورەى بەخۆیەوە بینیوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە “قەبارەى هەناردە کردنى رۆژانەى نەوتى خاو ٤٩٠ هەزار بەرمیل بووە، داهاتەکەشى بەهەژمار کردنى نیوەى نرخى نەوت لەسنوورى ٥٠ دۆلار، ٨,٩ ملیار دۆلار بووە”.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەحوزەیرانى رابردوو ئیحسان جەهانگیری، جێگری سەرۆککۆمار باسى لەوە دەکرد ” داهاتەکانى نەوت لە ١٠٠ ملیار دۆلارەوە بۆ سنوورى ٨ ملیار دۆلار کەمیکردووە”، کەئەمەش یەکسانە بەسەدا ٩٢ ـى کۆى گشتى ئەو داهاتانەى بەدەست دەهاتن.