پزیشکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند
پزیشکانی سلێمانی هۆشداری دەدەنەوە حکومەتی هەرێم و بایکۆتی دەوامی پزیشکان دۆخەکە خراپتر دەکات
زیاتر لە پەنجا رۆژ بەسەر مووچەی مانگی شوبات دا تێدەپەڕێت ، بەڵام تا ئێستا دیار نییە ، حکومەتی هەرێم ، کەی مووچەی مانگی ئادار دابەش دەکات .
ئەمرۆ دووبارە پزیشکان و کارمەندانی نەخۆشخانەکانی سلێمانی بایکۆتی دەوامیان ڕاگەیاند و ئاماژەیان بەوەکرد ، تاوەکو حکومەت دەست بە دابەش کردنی مووچە نەکات دەوام ناکەن ،
بایکۆت کردنی کارمەندانی تەندروستی جاری یەکەم نییە ، و چەندین جار هۆشدارییان داوەتە حکومەت ، کە خراپی دۆخی تووشبووانی کۆرۆنا و بایکۆتی دەوام و هەر دەرئەنجامێکی لێبکەوێتەوە ، حکومەتی هەرێم بەرپرسیارە .
لە هەرێمی کوردستان بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی ، تاوەکو ئەمڕۆ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا ، ٢٠ هەزار کەسی تێپەراندووە و زیاد لە ٦٠٠ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانی لە دەست داوە.
هەر ئەمرۆ وەزارەتی تەندروستی هەرێم ، ڕایگەیامد لە هەفتەیەكدا ١٠١ کەس بە کۆرۆنا گیانی لەدەست داوە و دۆخی هەرێم بەرەوە خراپتر دەروات و ژمارەی تووشبووان ، بەردەوامە لە هەڵکشان ، بەڵام سەرەڕای هۆشدارییەکانی وەزارەت ، پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن ، نە وەزارەت و نە خودی حکومەت هەڵکشانی ژمارەی تووشبووانی بە هەند وەرنەگرتووە ، چونکە دواکەوتنی مووچە و لە ساڵێكدا دابەش کردنی دوو مووچە بەڵگەی بێ باکی حکومەتە .