بڕیار لە لێبڕینی مووچەی مانگی ئادار دەدرێت

پ

ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ دیاری کردنی ڕێژەی لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەران

 

بەپێی میدیاکانی پارتی ، سبەی دووشەممە ١٧ی ئاب ، ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر دیاری کردنی ڕێژەیەك بۆ لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەران و دیاری کردنی رۆژێکیش بۆ دابەش کردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەران
کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیران دوای ئەوە دێت کە دوێنی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان مەسرور بارزانی ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان و مستەفا کازمی ، سەرۆك وەزیرانی کاتی حکومەتی عێراق ، کە لەسەر ژمارەیەک پرس ڕێککەوتن ئەنجامدراوە ، و حکومەتی عێراق بڕیاری داوە کە بڕی ٣٢٠ ملیار دینار وەکو شایستەی مووچەی فەرمانبەران ، ڕەوانەی هەرێم بکات .
دابەش کردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێم ، دوای ئەو بڕە پارەیە دەبێت ، کە حکومەتی ناوەندی ڕەوانەی  هەرێمی دەکات .
سەرچاوەکان ئاماژە بە ئەوە دەکەن کە ئەو ڕێککەوتنە بۆ تەنها سێ مانگ دەبێت یان تا کۆتایی ئەمساڵ ، کە هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە
فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم ماوەی هەشت مانگە تەنها دوو مووچەیان وەرگرتووە ، بڕیار وایە لە چەند رۆژی داهاتوودا ، بەپێی داهاتی ناوەخۆ و پارەی فرۆشی نەوت و ئەو بڕە پارەیەی لە بەغداوە دێت ، دابەش کردنی مووچەی مانگی ئادار دەست پێبکات ، بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە بە چی میکانیزم و ڕێژەیەکی لێبڕین دەبێت ، سبەی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیار لەم بارەیەوە دەردەچێت .