قائانی کۆمەڵێک پەیامی بەکازمی گەیاندووە

پ

پێش ئەوەى سەرۆک وەزیرانى عێراقن بەسەردانێکى فەرمیی سەردانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بکات، بەرپرسانى ئێران لەرێگەى فەرماندەى سوپاى قودس، باڵى دەرەکی سوپای پاسداران کۆمەڵێک پەیام بە بەغدا دەگەیەنێت.

لەسەردانێکى نهێنى و، کورتدا ئیسماعیل قائانی، سەردانى بەغدا دەکات و، لەگەڵ مستەفا کازمی کۆدەبێتەوەو، کۆمەڵێک پەیام ونامەى تارانی پێدەبێت، کەزیاتر تایبەتن بەسەردانەکەى سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن، بەڵام بەپێی زانیارییەکان “کازمی ئەو پەیامانەی بەهەند وەرنەگرتووە”.

سەرچاوە تایبەتیەکانى (پێشەنگ پرێس)، ئاماژەیان بەوە داوە ” یەکێک لەهۆکارەکانى سەردانەکەى قائانی، گەیاندنى کۆمەڵێک پەیام و نامەى رژێمى ئێران بووە بۆ سەرۆک وەزیرانى حکومەتى بەغدا، پێش ئەوەى گەشتەکەى بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دەست پێ بکات”.

روونیدەکەنەوە ” تاران بەگرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو سەردانەى کازمی،  چونکە ئەگەری ئەوەى هەیە لەواشنتۆن کۆمەڵێک بڕیارو رێکەوتنى گەورەى لێبکەوێتەوەو، لەقازانجی رژێمەکەى تاران نەبێت، بەتایبەت لەرووى سەپاندنى سزا ئابوورییەکانى واشنتۆن و، پەیوەندییە سەربازی و ئەمنییەکان”.

کازمی ڕایگەیاندووە “ئەوان کاری پۆستەچی لەنێوان تاران و واشنتۆن ناکەن”.

لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە بەشێوەیەکى چڕو فراوان، رژێمى ئێران توانیویەتى کۆنترۆڵى سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیی عێراق بکات و، بڕیاری یەکلاکەرەوەى هەبێت لەدیاریی کردنى سەرۆک وەزیران و، زۆربەى وەزیرانى کابینەکانى پێشوودا.

بەڵام لەگەڵ دەستبەکاربوونى کازمی، وەک سەرۆک وەزیرانى نوێی عێراق، لەدواى دەست لەکارکێشانەوەى عادل عەبدولمەهدی، بەهۆى فشارەکانی خۆپێشاندەران، تاران بەچاوێکى گومانەوە لەو کەسایەتیە دەڕوانێت و، پێی وایە ” لەسیاسەتى واشنتۆنەوە نزیکترە لەوەى لەسیاسەتەکانى تارانەوە نزیک بێت”.

یەکێک لەتەوەرەکانى گفتوگۆکانى کازمی لەگەڵ ترامپ، پرسی ئاسایش و، ئابووری و ، بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنایە لەعێراق، جگە لەبابەتى ئێران و مەترسییەکانى میلیشیا شیعەکانى نزیک لەرژێمى ئێران، بۆ سەر بەرژەوەندییەکانى واشنتۆن.

سەرچاوەکان ئەوەشیان گووتوە ” لەکاتى پێدانى نامەو پەیامەکانى تاران بەسەرۆک وەزیران، کازمی ڕایگەیاندووە ئەوان کاری پۆستەچی لەنێوان تاران و واشنتۆن ناکەن”.

لەلایەن خۆیەوە سیاسەتمەدارێکى شیعەى دژە ئێران لەهەژماری خۆی لەتویتەر نووسیوویەتى ” قائانى لەسەردانە نهێنیەکەى بۆ بەغدا، کۆمەڵێک پەیام و نامەى بەکازمی داوە”، بەگووتەى عیزەت شابەندەر ” کازمی گوێی لەپەیامە نەرمەکانى مێوانەکەى گرتووە، کەهاوکات بووە لەوەى هێرشە مووشەکە کاتیوشاکان بۆ سەر ناوچەى سەوزو، سەربازگە ئەمەریکییەکان”.

بەو هۆیەوەش تاران لەرێگەى میلیشیا نزیکەکانى خۆی و، فراکسیۆنەکانى نێو ئەنجومەنى نوێنەرانى هانداوە، مەرجی پێشوەختە بخەنە بەردەم کازمی بۆ ئەوەى لەدانووستاندنەکانى لەگەڵ واشنتۆن تاوتوێیان بکات، ئەویش پرسی “دەرچوونى هێزە سەربازییەکانى ئەمەریکایە لەخاکی عێراق”.

ئەوەى جێی سەرەنجە  شابەندەر دژایەتى ڕاستەوخۆ میلیشیاو هێزە شیعەکانى دەسەڵاتدارانى عێراق دەکات و، دووپاتیدەکاتەوە ” تاران، بەچاوێکى گرنگەوە سەیری عێراق دەکات، چونکە گۆڕەپانى جێبەجێکردنى پلانەکانیەتى”.

میلیشیاکان بوونەتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار

هێرشە مووشەکیەکانى میلیشیاکان تاوەکو یەکشەممە نۆیەم هێرش بووە لەماوەى یەک هەفتەدا کە کرابێتە سەر ناوچەى سەوز، لەپێش ئەویشدا بۆ چەندین جار کاروانە مەدەنییەکانى کارگۆى لۆجیستی هێزە سەربازییە بیانیەکان لەناوچەکانى باشوورى عێراق کراونەتە ئامانج.

ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانەش بۆ سەر کاروانە مەدەنییەکان، لەلایەن میلیشیا نزیکەکانى تارانەوە بووە، بەڵام بەبێ ئەوەى حکومەتى فیدراڵى هیچ هەنگاوێک بۆ ڕاگرتنیان بگرێتە بەر.

ئەمەریکاش سوورە لەمانەوەى لەنێو خاکی عێراق، کەدوو ئامانجی سەرەکیی لەخۆ گرتووە، یەکەمیان ڕاگرتنى پاوانخوازییەکانى رژێمى ئێرانە بۆ دروستکردنى رێڕەوێکى زەمینى بۆ بەیروت کە لەعێراق و سووریاوە دەستپێدەکات، دووهەمیش بەڕەنگاربوونەوەى تیرۆریستانى داعشە.

پێشبینى دەکرێت، ترامپ وەک دەستکەوتێکى سیاسی و، بەرزبوونەوەى باڵانسى لەهەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکان، عێراق بخاتە ژێر باڵى پاوانخوازییەکانى و، کۆمەڵێک رێکەوتنى ئەمنى و سیاسی دژى ئێران لێبەرهەم بێت و، دووبارە رێکەوتننامەى ستراتیژی ئەمنى کە لەساڵى ٢٠٠٨ واژۆ کراوەو، لە ٢٠١١ پەکخرا، کارا بکەنەوەو، بۆ لێدانى میلیشیا یاخیبووەکانى عێراق بەکار بهێنرێتەوە.