وەزارەتی دارایی عێراق خەرج کردنی 320 ملیارەکەی ڕاگەیاند

پ

وەزارەتی دارایی عێراقی ڕەزامەندی لەسەر خەرج کردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە نووسراوی فەرمی داوە

 

سەرچاوەیەکی سەر بە میدیایی پارتی رایگەیاند ، کەوا وەزارەتی دارایی عێراقی لە هەولێر نوسراوی فەرمی ناردووە بۆ لقی بانکی ناوەندی عێراقی لە هەولێر بۆ خەرج کردنی بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ڕەزامەندیی لەسەر تەمویلكردنی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بەو بڕەی كە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال لەسەری ڕێككەوتوون، بۆ ڕەوانە كردوون و نووسراوەكەیان پێگەیشتووە.

ڕوونیشی كردەوە كە هەندێك ڕێوشوێنی ئاسایی ماون، تەواوی دەكەن و سبەی چوارشەممە ١٩ی ٨ی ٢٠٢٠، پارەكە ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان دەكەن.

دوێنێ دووشەممە ١٧ی ٨ی ٢٠٢٠، وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رای گەیاند كە ٣٢٠ ملیار دینار لە بەغداوە تەمویل دەكرێن، لەگەڵ ٢٧٠ ملیار دینار كە لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانەوە پێیان گەیشتووە، لەگەڵ ١٢٠ ملیاری داهاتی ناوخۆ و ٢٠ ملیار دیناری تەمویلی هاوپەیمانان كە سەرجەمیان ٧٣٠ ملیار دینارە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی پێ دابەش دەكەن كە بۆ سەرجەمی مووچە پێویستییان بە ٨٩٥ ملیار دینار هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، بە دابەشكردنی مووچەی پزیشك و كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی، دەست بە دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كرا.