بە ڤیدیۆ ژمارەیەك چالاکوان هەڕەشە لە حکومەت دەکەن

پ

ژمارەیەك مامۆستا و چالاکوانی ناڕازی پارێزگای دهۆك لە پارچە ڤیدیۆیەك دا هۆشداری دەدەنە حکومەت لەسەر سیستەمی خۆگونجاندنی مووچە و دەستگیرکردنی مامۆستایەك و چالاکوانێکی ئەو دەڤەرە

دەقی بەیاننامەکە ،
ماوەی شەش ساڵە فەرمانبەران و مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێم ، لە مامۆستا و پۆلیس و پێشمەرگە و فەرمانبەرانی دیکە ، بە پاشەکەوتی زۆرە ملێی مووچە ، ژیانێکی سەخت و دژوار بەڕێدەکەن ، لەکاتێکدا هاوڵاتیان و مووچەخۆران ، بە ئومێدی چاوەڕوان بوون کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم ، چاکسازی بکات و گەندەڵی بنەبڕبکات ، وەك ئەوەی لە سەرەتای دەست بەکاربوونیەوە بانگەشەی بۆ کوردستانێکی بەهێز دەکرد ، بەڵام مەخابن ، ئەوە ماوەی هەشت مانگە ، مووچەخۆران ، بە نەفەسێکی درێژ و ئارام گرتنەوە ، تەنها مووچەی سێ مانگیان وەرگرتووە ، و سەیرە ئێستا حکومەتی هەرێم ، بە داهێنانێکی نوێوە ، و شەرمنانە بە سیستەمی خۆگونجاندن ، مووچەی پەنجا و پێنج رۆژە دابەش دەکات ، بەبێ ئەوەی درک بە نایاسایی بوونی ئەو لێبڕینە بکات ، لەلایەکی دیکەوە ئێمە بە توندی ئیدانەی دەستگیرکردنی مامۆستا ، بەدەل بەرواری دەکەین ، کە بە پێشەنگی دەنگی ناڕازی فەرمانبەران و مامۆستایانی دهۆك ناسراوە ، و دەستگیرکردنی ناوبراوە ، پێشێلکارییە بۆ سەر دەنگی ئازادی و دیموکراسی لەم ناوچەیە و شاری دهۆك دەکات بە پەناگەیەکی تاریك و دژوار لە جیهان دا
لەم سۆنگەیەوە ئێمە وەکو ژمارەیەک ، مامۆستا و چالاکوان و ڕۆشنبیر و مامۆستا بەدەل بەرواری و نووسەری ئەم دەڤەرە ، هۆشداری دەدەین کە باجی شکستی سیستەمی حوکمڕانی و سیاسی و ئیداری ئەم دەڤەرە ، ئامادە نین بیدەین و پێویستە هەرچی زووە ، سیستەمی شەرمنانەی خۆگونجاندنی مووچە هەڵبگیرێت و بەزووترین کات ، مامۆستا بەدەل بەرواری ، و ئومێد بەرۆشکی ، ئازاد بکرێن و لە ئەگەری وەڵام نەدانەوەمان لە ماوەی ٤٨ کاتژمێر ، وەکو ژمارەیەك نووسەر و مامۆستا و چاڵاکوان و چەندان دەنگی ناڕازی دیکە و لە کات و شوێنێکی گونجاودا و دوای ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی ئەم دەڤەرە ، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایی ئەنجام دەدەین .

بژی کوردستان و نەمری بۆ شەهیدان

ژمارەیەك مامۆستا و نووسەر و چالاکوان
هەینی ، ٢١ی ئابی ٢٠

 

ڤیدیۆکە ببینە