لێرەی تورکی بەرەو وێرانبوونى زیاتر هەنگاو دەنێت

پ

لەگەڵ پەرەسەندنى ئاڵۆزییەکانى تورکیاو یۆنان، بەهاى لیرەى تورکی بۆ ئاستێکى نوێی پێوانەیی بەرامبەر بەهاى دۆلارى ئەمەریکى دابەزی و، رووبەرووى فشارێکى گەورەى دیکە بووەیەوەو، هەوڵەکانى بانکى ناوەندی ئەنکەراش بۆ تووندترکردنى دڵنیاییەکان هیچ سوودێکى ئەوتۆی بەو دراوە نەبەخشی.

لەدوایین مامەڵەى بازرگانى بەهاى لیرە لەنێو بۆڕسەى دراوەکاندا بەسەرووى سەدا 03 بەرامبەر دۆلار دابەزی و، نرخى یەک کاغەزی سەوزیش یەکسان بوون بە 7.4035 لیرە، کەئەمەش لەگەڵ دوایین داخستنى مامەڵەى بازاڕەکان لەسنوورى 7.38 لیرە بووە بەرامبەر دۆلار.

ئەمەش لەکاتێکدایە نزمترین ئاستى دابەزینى بەهاى لیرە کە لە ١٨ ئاب تۆماریکردبوون، لەسنوورى 7.4 بووە.

بۆ ڕاگرتنى لێچوورینى زیاترى زیانەکانى لیرە، بانکى ناوەندی ئەو وڵاتە، کەرستەکانى پارەدارکردن و، بەرزکردنەوەى تێچووى قەرزەکان گۆڕی، بەڵام لەهەمان کاتدا سیاسەتەکانى نرخى سووری بەسەقامگیری لەئاستى 8.25 لەسەدا جێگیر کردەوە.

لەسەر ئاستى ساڵانەش بەهاى ئەو دراوەى تورکیا، بەبەراورد لەگەڵ بەهاکانى ساڵى رابردووش سەدا 20 ـى بەهاکەى لەدەستداوەو، گەورەترین هۆکاریش بۆ ئەو پاشەکشێیەى لیرە، ترسی وەبەرهێنەرانە لەکارکردنى تەندروست و ئارامی ئابوورى ئەنکەرا.

حکومەتى ئەنکەرا، بەهاوبەشى لەگەڵ بانکی ناوەندی پێکەوە کاریان لەسەر کەمکردنەوەى تێچووى قەرزی کۆمپانیاو بەکاربەران کردووە، ئەمەش بووە هۆى پازدانێکى گەورە لەقەرز کردن، خەریکبوو مەترسییەکى گەورە بۆ ئابوورى وڵات دروست بکات و، کاریگەرى ڕاستەوخۆیشى لەسەر یەدەگی نەختى بیانى بۆ بەرگرى لەبەهاى لیرە کۆتایی بهێنێت.

بەبەراورد لەگەڵ هەڵاوسانى بەکاربەران کەژمارەکەى لەسەدا 11.8 ـە، نرخی سوودی پێوانەیی بانکی ناوەندی لەئاستى سەدا 8.25 ـە.

ئەوەى زیاتر وەبەرهێنەرانى ترساندووە، پرسى یەدەگی نەختینەى تورکیایە، کەبەشێوەیەکى بەردەوام دەست وەردەداتە نێو بازاڕى دراوەکان، هاوکات هەڕەشەکانى یەکێتى ئەورۆپا بەسەپاندنى سزای ئابوورى زیاتر بەسەر ئەنکەرا بابەتێکى دیکەى مەترسییەکانى وەبەرهێنەرانە، کەبەهۆى ناکۆکییەکانى رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆکى تورکیا و، یۆنان لەرۆژهەڵاتى دەریای سپی دروستبووە.

هەرچەندە هەردوو وڵات ئەندامى هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەنتین، بەڵام ئەنکەرا، بەهۆى سیاسەتە شەڕانگێزەکانى خەریکی وێرانکردنى چەندین وڵاتە لەنێویاندا سووریا، لیبیاو، ئێستاش دەیەوێت لەرۆژهەڵاتى دەریاى ناوەڕاست درێژە بەو سیاسەتە بدات.

هەڕەشەکانى ئەنکەرا، لەو ناوچەیە یەکێتى ئەورۆپای ناچار کردووە، بەخێرایی پاڵپشتى لەئەسینا بکەن، داواش لەتورکیا بکەن، رێز لەسەروەرى خاکی یۆنان بگرێت.

بەجۆرێک مانگی رابردوو ئەڵمانیا رێگەى لەپێکدادانێکى مەترسیدار گرت، کەئەنکەرا بۆ ماوەیەکى کورت سەرجەم چالاکییەکانى لەو دەریایە سڕکرد، بەڵام کاتێک میسرو یۆنان رێکەوتننامەیەکیان بۆ دیاریی کردنى سنوورەکانیان واژۆ کرد، دووبارە تورکیا دەستى بەکارى گەڕان بەدواى غاز دەستپێکرد.