دراماکەى غوسن شتى نوێی تێدایە
سەرەڕاى تێپەربوونى چەندین مانگ بەسەر هەڵاتنە مێژووییەکەى ئیمپراتۆرییەتى پیشەسازی ئۆتۆمبێل لەژاپۆن، بەڵام پێناچێت دراماى ئەو زنجیرە رووداوە بەئاسانی و بەمنزیکانە کۆتایی بێت، بەجۆرێک ئاژانسێکى ویلایەتە یەکگرتووەکان ووردەکارییەکى نوێ لەبارەى ” کەوتنى کارلۆس غوسن”، بڵاوکردۆتەوە.
بەپێی زانیارییەکانى ئاژانسى بلوومبێرگ “کەوتنى ئەو پیاوەى رۆژێک بەسیمبولی سەرکەوتنى جیهانى پیشەسازیی دادەنرا، کۆمەڵێک کەس لەپشت کەوتنەکەى هەن، کەسەرقاڵى پیلانگیری بوون دژی غوسن”.
لەراپۆرتێکدا ئەو ئاژانسە هیماى بەوە کردووە ” ئەو کەسانە خەریکی خەبەردان بوونە لەسەرۆکى جێبەجێکاری کۆمپانیاى نیسانی ژاپۆنى و، رینۆی فەرەنسی، کە پلانێکى تۆکمەیان داڕشت بۆ ئەوەى بیکەوێنن، سەرجەم زانیارییەکانیشیان خستۆتە بەردەستى دەسەڵاتى تۆکیۆ”.
دارێژەرى هەر کودەتایەکیش لەمێشکى کەسێکەوە دەچێتە بوارى جێبەجێکردن، بەڵام پێویستى بەچەندین کەسایەتى هەیە تاوەکو پرۆسەکەى سەر بگرێت، لەرووداوەکەى ئیمپراتۆریەتى پیشەسازی ئۆتۆمبێلیش بەهەمان شێوە کەسێک لەپشت کەواندنى غوسن، کەهەڵگری ناسنامەى “فەرەنسی، لوبنانی، ژاپۆنی وبەرازیلی”ـیە بووە.
بەگووتەى بلوومبێرگ ” ئەو کەسەى ئەرکی کەواندنى غوسنى داوە، هاری نەدا، جێگری سەرۆکى کۆمپانیا بووە، کەووردەکارى پیلانى شکست پێهێنانى غوسنى داڕشتووە”.
غوسن؛ بە “کوشتاری خەرجییەکان” ناسراوە، کاتێک لەکۆتاییەکانى ساڵى ١٨ تشرینى دووهەمی ٢٠١٨ کاتێک بەمەبەستى بەشداریکردن لەکۆبوونەوەیەکى گشتى لەفرۆکەخانەى تۆکیۆ هانیدا، لەنێو فرۆکە تایبەتیەکەى دەستگیر دەکرێت.
ئەو پیلانەش پێشتر ئامادە کرابوون، بۆ ئەوەى کارلۆس غوسن بخەنە نێو تەڵەکەوە، نەدا بەشێوەیەکى تاکە کەسى بەبێ ئەوەى هیچ بەرپرسێکى بوارى تەکنەلۆژی و زانیارییەکانى کۆمپانیا ئاگادار بکاتەوە، کاری لەسەر هاککردنى کۆمپیۆتەرە تایبەتیەکەى سەرۆکەکەى داوە.
یەکێک لەفەرمانبەرانى بەشى تەکنەلۆژیاى زانیارییەکان بەبلوومبێرگی گووت ” پرۆسەکە زۆر پێشوەخت دەستى پێکرد، و سەرکەوتوو بوو بگاتە نێو ئیمێلە تایبەتیەکانى غوسن و، سەدان دیکۆمێنتى تومەتبار کردنى دەست کەوت، کەدواتر لەدژى بەکارهێنرا”.
پاش چەندین مانگ لەهاککردنى ئیمێلەکەى سیمبولى پیشەسازی ئۆتۆمۆبێل، هاری نەدا بڕیار دەدات بەرەو دەسەڵاتدارانى ژاپۆنى بچێت و، زانیارییەکانى بخاتە بەردەستیان، بۆ ئەوەى ئەستێرە گەشەى غوسن بەرەو ئاوابوون ببات و، بەگەندەڵى تومەتبار بکرێت.
ئەوەى سەیربوو لەرووداوەکانى دەستگیرکردن و، دادگایی کردنى غوسن، خودی نەداش بەگەندەڵى دارایی لەنێو کۆمپانیاى نیسان تومەتبار کرا، بەڵام بەهۆى بەشدارییکردنى لەخەبەردان لەسەرۆکەکەى، بەگرێبەستێکى یەکلایی کەرەوە لەگەڵ دەسەڵاتدارانى ژاپۆن ئازاد کرا.
تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەکى زۆر لەسەر هاری نەدا نیە، تەنها ئەوەیە لەخێزانێکى چینى ناوەڕاستى مالیزی لەدایک بووەو، دواتر لەشانەشینى یەکگرتوو گەورە بووەو، بڕوانامەى یاساى بەدەستهێناوەو، دواتر لەزانکۆى شاوی ژاپۆنى زەمالەى خوێندنى وەرگرتووە.
لەساڵى ١٩٩٠ وەک کەسێکى بریکاری گرێبەستەکان پەیوەندیی بەکۆمپانیاى نیسان دەکات و، لەبەریتانیاو ئەورۆپا کارەکانى ئەو کۆمپانیا ئەنجامدەدات، پاش لەساڵى ٢٠١٢ بەرەو بارەگاى سەرەکیی کۆمپانیاکە دەچێت.
” ئەو کەسەى ئەرکی کەواندنى غوسنى داوە، هاری نەدا، جێگری سەرۆکى کۆمپانیا بووە”
زۆریش حەزی لەدەرکەوتنى میدیایی نیەو، پێچەوانەى غوسن لەزۆربەى کۆنگرەو کۆنفراسەکان بەدەردەکەوێت، بەجۆرێک بەهێمنى دواى دوو ساڵ لەگەیشتنى بەخاکی ژاپۆن پۆستێکى باڵا بەدەست دەهێنێت، کەسیش زۆر هیچی لێنازانێت، تەنها ئەوە نەبێت ” ئەندازیاری رووخاندنى غوسنە”.
ئاژانسە ئەمەریکییە ئەوەشى دووپاتکردۆتەوە ” ئەو پیاوە بەتەنیا ئەرکى رووخاندنى غوسنى ئەنجامنەداوە، بەڵکو لەگەڵ بەرپرسی نیسان رێکەوتنى ئەنجامداوە بۆ ئەوەى ئەنجامدانى رێکەوتنەکە، بەڵام رووداوەکە لەمێژوودا بەناوی ئەو تۆمار دەکرێت”.
یەکێک لەهۆکارەکانى کەواندنى غوسن، وەک راپۆرتەکان هیمایان بەوە کردووە ” غوسن بەنیاز بووە هەرسێ کۆمپانیاى نیسان، رینۆ و، میتسیوبیشی لەچوارچێوەى یەک کۆمپانیاى هاوبەشدا دروستبکاتەوە، بەڵام ژاپۆنیەکان دژی ئەو پرۆسەیە بوون”.
چونکە بەبۆچوونى ژاپۆنییەکان نیسان، یەکێکە لەشانازییەکانى وڵاتەکەیانە، نایانەوێت ببێتە قوربانی کۆمپانیاکانى دیکە.
لەو نێوەندەشدا لەبارەى هەڵاتنەکەى کە لەکۆتایی ساڵى رابردوو روویدا، باس لەوە دەکرێت پرۆسەى هەڵاتنەکەى لەلایەن کۆمەڵێک کەسى باڵا دارێژراوەو، تێچووەکەشى گەیشتۆتە نزیکەى ١,٤ ملیار دۆلار بووەو، لەرێگەى بیتکۆین، دراوی ئەلیکترۆنیەوە دراوەتە رێکخرانى پلانەکە.