لاوانی کورد پێشەنگی”شۆڕشێکی نوێ” دەگرنە ئەستۆ؟

پ

لە هەموو جیهاندا، گەنجان داینەمۆی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانن، هەر لە وەستان بە ڕوی ستەم و نادادپەروەرییدا بگرە، تا دەگاتە گۆڕانکاری بنەڕەتی لە دەسەڵاتی وڵاتان.

بە درێژایی مێژوو، کچ و کوڕانی گەلی کوردیش ڕوڵی بەرچاویان هەبوە لە تێکڕای بزاڤە نەتەوەییەکان، لە بەگژاچوونەوەی داگیرکەرانی کوردستانداو، میکانزنزمی زیندوو بوون لە دامەزراندنی فەرمانڕەواییە نەتەوەییەکاندا.

ڕۆڵی جوامێرانەی ئەمڕۆ لاوانی کورد، لەهەرسێ بەشە داگیرکراوەکەی کوردستاندا،  درێژکراوەی خەباتی نەتەوایەتی لەمێژینەی گەنجانی گەلی کورد دەسەلمێنێت، وەلێ سەد مخابن، لە باشووری کوردستان بە شێوەیەکی نەرێنی کارلە سەر کەمکردنەوەی ووزەو توانای گەنجان کراوەو، هەوڵی فەرەییش هەیە بۆ دەسەتەمۆو بە کۆیلەیی کردنیان لە خزمەتی حزبە ڕزیوەکان دا.

بوارنەدانی بیانووە، بۆ پەلکێشکردنی دوژمنان بۆ سەرخاکی باشوری کوردستان

بێگومان؛ زۆرینە کچ و کوڕانی گەلی کوردستان، دەستەواژە بوونی حزبی و ملکەچکردن بۆ گەورە بەرپرسانی فەرماڕەوا، رەتدەکەنەوەو لەکاتی پێشهاتەکاندا ڕۆڵی پێشەنگیی دەگێڕن. وێڕای هەوڵە نەزۆکەکان لە مەڕ لاواز کردنی بیری نەتەوایەتی و، سڕینەوەی مۆرك و هزری کوردبون لای نەوەی پاش ڕاپەڕین، لاوانی کورد لە هەردوو ڕەگەزەکە، شڵگیرانە دەچن بە گژی پلانی دەستەمۆیی کردنیان لە لایەن حزبە تەقلیدی و پاشکۆکانەوە.

ئێستاش لە باشووری کوردستان ناداپەروەریی لە بواری ئابووری، ئیداری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، خزمەتگۆزاری و هتد… گەیشتوەتە لۆتکە، شۆڕش و خەباتێکی هەمە لایەنی پڕ لەهەوراز چاوەڕوانی کچ و کوڕانی کورد دەکات، ڕۆلی پێشەنگی تێدا بگێڕن، ئەویش “شۆڕشێکی نوێ”یە.

لێرەدا پرسیارەکەش ئەوەیە، ئایا ئەم نەوە تازەیە دەتوانێ پێشەنگیی شۆڕشکێکی نوێی جیاواز بگرێتە ئەستۆ؟.

یەکەم هەنگاوی شۆڕش نوێ؛ کە پێویستە گەنجانی کورد ئەركی ڕابەرایەتیکردنی بخەنە سەرشانی خۆیان، کۆدەتایەکی سپی شارستانیە بە سەر ئەو دەسەڵاتەدا لە باشوری کوردستان هەیە، واتا شۆڕش لە دژی ئەو دەسەڵاتەی گشت خەون و هیوایەکی نەوەی ئێستاو داهاوتی لە گۆڕناوە، بەبێشك، ئەو شۆڕشە سەناهی نیە، وەلێ ئەستەمیش نیە، چونکە بە کاغەزی سپی و، لەڕۆژی هەڵبژاردنەکاندا ئەو کودەتا دوور لەخوێن ڕێژیە بەرپا دەکرێت.

بەشی دووەم؛ گرنگی ئەو شۆڕشە نوێیەی گەنجان، خۆی دەبینێتەوە لە بوارنەدانی بیانووە، بۆ پەلکێشکردنی دوژمنان بۆ سەرخاکی باشوری کوردستان، بە گوتەیەکی دی، شۆڕشێکی دوور لە توندوتیژی بەرپا بکرێ. چونکە بەشێك لەو حزبە بەموڵککراوە میراتیگرانەی باشووری کوردستان، چاوەڕوانی ئەوەیان لێدەکرێت لە کاتی دۆڕانیان لە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیدا، پەنا بۆ سەرسەخترین دوژمنی کورد ببەن.

دوایین هەورازی بەردەم نەوەی شۆڕشگێڕی نوێ؛ چۆنێتی هەڵتەکاندن و سەر لە نوێ بوینیاتنانەوەی تێکڕای کەرت و سێکتەرەکانی “ئابووری، سیاسی، حکومڕانی وڵات و، گێڕانەوەی متمانەی گشت چین و توێژەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردستان” دەبێت، ئەگەر گەنجانی کورد بتوانن پێشەنگی ئەوها نوێ شۆڕشێك بگرنە ئەستۆ و، بە سەر هەورازە هەمەلایەنەکاندا سەرکەوتوببن، ئەوا مێژووی خەباتی سەرکەوتوانەی لاوانی کورد دووبارە دەکەنەوە.

بێگومان، ئەو شۆرشە نوێیە پڕلە گرفت وهەورازەی نەوجوانانی کورد، بەپاڵپشتی تێکڕای کەسانی بە تەمەن و خاوەن ئەزموون دەبێ، تا لە هەمو بوارەکاندا لە چۆنێتی بڕینی پایە دژوارەکانی بە خێراتر و باڵادەست بون لە گرتەنە ئەستۆی پێشەنگی ئەو بزاڤە نوێیە و، شان خستنە ژێر بەرپرسیارێتیەکی نەتەوەیی لە بواری حکومڕانی وڵاتدا بە شێوەیەکی داپەروەرانە لە گشت سێکتەرەکاندا.