ماکرۆن دێتە عێراق و سەردانی هەولێر ناکات
سەرۆکی فەرەنسا سەردانی هەولێر ناکات
ئەمڕۆ دوشەممە ٣١ی ئاب ،سەرچاوەیەکی حکومی عێراقی ، بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ڕاگەیاند ، ئیمانوێل ماکرۆن ، سەرۆکی فەرەنسا چوارشەممەی داهاتوو ، یەکەم سەردانی فەرمی خۆی بۆ عێراق ئەنجام دەدات و پاڵپشتی فەرەنسا بۆ عێراق لەو قیرانەی کە دووچاری بوو ، ڕادەگەیەنێت
سەردانەکەی ماکرۆن بۆ عێراق ، یەکەم سەردانی فەرمی ماکرۆنە دوای بەیروت بۆ بەغداد ، لەوە کاتەوەی مستەفا کازمی ، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ئایاری ڕابردووەوە ، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی وەرگرتووە .
سەرچاوە عێراقییەکە بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕاگەیاندووە ، سەردانەکەی ماکرۆن ، یەك ڕۆژ دەخایەنێت و چاوی بە سەرۆك وەزیران و سەرۆک کۆمار دەکەوێت و ڕەنگە چاوی بە ژمارەیەك سەرکردەی عێراقیش بکەوێت
دوو بەرپرسی عێراقی تاکو ئێستا ، هەواڵی سەردانی ماکرۆنیان بۆ عێراق ، پشتڕاستکردووتەوە ، بەڵام تاکۆ ئێستا ، کۆشکی ئیلیزێ ، هەواڵەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە .
بەگوێرەی زانیاری بەرپرسە عێراقییەکان ، سەردانەکەی ماکرۆن ، سەردانێك دەبێت بۆ دەوڵەتی عێراقی ، وێڕای مکوڕبوونی بەغداد ، لە ڕاگرتنی باڵانسی نێوان هەردوو وڵاتی هاوپەیمانی عێراق کە ، واشنتۆن و تارانە و خۆ بەدوور گرتنی لە ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتە ، ئەمەش پێچەوانەی ئەو پەیامەیە ، کە جان ئێف لۆدریان ، لە ناوەڕاستی تەمووزی ڕابردوو بۆ عێراق لە سەردانێکی دا ، کە ڕایگەیاند ،” دەبێت بەغداد ، خۆی لە ململانێی هەڕێمییەکان بە دوور بگرێت ”
لە ٢٧ی ئەم مانگە ، فلۆرنس بارلی ، وەزیری بەرگری فەرەنسا ، سەردانی عێراقی کرد و لەدوایی دا سەردانی هەولێری کرد و چاوی بە بەرپرسانی هەردوو حکومەت کەوت
بەپێچەوانەی ئەو بەرپرسە باڵایانەی فەرەنسا کە سەردانی عێراق دەکەن ، ماکرۆن سەردانی هەولێر ناکات ، بەڵکو بەرپرسانی هەولێر بۆ چاوپێکەوتن ، سەردانی ناوبرا لە بەغداد دەکەن، وەکو ئاماژەیەك بۆ بەهێزبوونەوەی شکۆی حکومەتی عێراقی و بوونی بە ناوەندێکی بەهێز کە ئەویش تەنها بەغداد دەبێت .
عێراق لە ماوەکانی ڕابردوودا بە کۆمەڵێك بارودۆخی هەستیار و ئاڵۆزدا تێپەڕی ، بەتایبەتی کاتێك لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ، بە فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوانی ئەمەریکی ، قاسم سولەیمانی ، فەرماندەی باڵای سوپای قودسی ئێرانی و ئەبو مەهدی موهەندیس ، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی ، لەنێو فرۆکەخانەی بەغداد ، کرانە ئامانج و کوژران و دوا بەدوای ئەوەش ، ئێران ژمارەیەك پێگە و سەربازگەی لە عێراق کردە ئامانج کە سەربازانی ئەمەریکی تێدا بوون و هەروەها عێراق ، کە دووەم وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتە لە ڕێکخراوی ئۆپیک، دووچاری گەورەترین داڕووخانی ئابووری بوویەوە ، کاتێک نرخی نەوت ، بۆ نزمترین ئاست دابەزی ، وێڕای بلاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ، وەکو هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان و جگە لەمانەش ، ساڵانێکە عێراق بە دەست کەمی ئاوی خواردنەوە و داتەپینی ژێرخانی و قەیرانی چارەسەرنەکراوی ساڵانەی نەبوونی کارەبا کە لە رۆژێکدا ، ١٢ کاتژمێر کارەبای دەبڕێت .