یه‌كێتی نیشتمانی خه‌ریكی چیه؟
كوردستان له به‌رده‌م هه‌ره‌سی هه‌قیقیدایه ، هیچ تروسكه‌یه‌ك به دیناكرێت ، په‌رله‌مانتاره‌كان بوونه‌ته زمانحاڵی ناوچه‌و كۆمیته‌كان و، وازیان له‌كاری خۆیان هێناوه، پەرله‌مان داخراوه‌و هیچ كاریگه‌ری و بایه‌خێكی نه‌ماوه، حكومه‌ت رۆژه‌كان به‌یه‌كه‌وه گرێ ئه‌دات و هیچی تر!.
سه‌رۆكی حكومه‌ت خۆی ناچێ و خه‌ڵك ده‌نێرێت بۆ به‌غداو، چوونه‌كانیش هیچی ئه‌وتۆی لێ سه‌وز نه‌بووه!، توركیا به چنگی هه‌ڵۆ و چڕنوكی پڵنگ و سته‌مكاری كوێرانه به‌ربووه‌ته وێزه‌ی نیشتمان، یه‌كێتی هه‌رگیز وه‌ك ئێستا سه‌یركه‌ر نه‌بووه، هه‌ڵبه‌ت له‌دوای كۆنگره‌كه‌یانه‌وه ئومێدێك هه‌بوو كه شتێ تر بن!.
سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدراڵ كورده، تا ئێستا وه‌ك پێویست رۆڵی نه‌بووه له پرسی مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، پرسی ده‌ستوه‌ردانی توركیا، پرسی ئه‌و بارودۆخه ناجۆره‌ی نێوان به‌غداو هه‌رێم، پرسی ناوچه دابڕێنراوه‌كان و ماده‌ی 140، كه ئه‌مانه هه‌مووی ده‌توانێت قسه‌یان تیا بكات به‌و پێیه‌ی پارێزه‌ری ده‌ستوورو سه‌روه‌ری عیراقه، سه‌رۆككۆمار یه‌كێتیه‌و خه‌ڵكی سلێمانیه، له سلێمانی حكومه‌ت به ته‌واوه‌تی له په‌لوپۆ كه‌وتوه، نه‌خۆشخانه‌كان له به‌رده‌م داخستنان، داموده‌زگاكان وه‌ستاون ، پۆلیس و پێشمه‌رگه بێزار‌و توڕه‌ن، ناكرێت خه‌ڵك به گیرفانی خاڵیه‌وه داوای كاری لێبكرێت، له سنوری سلێمانی بۆ زۆربه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی قه‌زاو ناحێەكان گرووپی جیاجیا پاره‌یان بۆ كڕینی كه‌لو په‌ل په‌یدا كرد نه‌ك حكومه‌ت .
من لام وایه له دۆخی ئاوادا ئه‌گه‌ر ئێستا مام جه‌لال له‌حوكم بووایە، ره‌نگه باشتر یاری كردبا، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی یه‌كێتی و هاوسه‌رۆكه‌كانی له‌وه ده‌چێت ئاگاداری بار‌و دۆخی خه‌ڵك نه‌بن.
یان له داخ ئه‌وه‌ی پارتی نه‌وت و حكومه‌تی به ده‌سته حه‌زكه‌ن به‌له‌مه‌كه نوقمبێت، ده‌نا خۆ ده‌بێت رۆڵێكیان هه‌بێت، ته‌واو خه‌ڵك له توانایدا نه‌ماوه، من رووی قسه‌م له یه‌كێتیه له به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌توانێت رۆڵێكی جیاوازتر ببینێ، ئه‌وه‌تا پارێزگاری سلێمانی گۆڕانه، به‌ڵام به هه‌موو جۆرێك ده‌ستی به‌ستراوه‌و هیچی له به‌رده‌ست نیه، ته‌نانه‌ت هه‌ولێرو حكومه‌تیش وه‌ك پێویست هاوكاری نین، من ئاگادارم كه به‌هه‌موو جۆر هه‌وڵی شكست پێهێنانی ده‌ده‌ن، باشه له دۆخی ئاوادا مرۆڤ ناچاره یه‌خه‌ی یه‌كێتی بگرێت .
ئه‌وه گرنگ نیه كه چه‌ند كه‌سێك له گۆڕانه‌وه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ ناو یه‌كێتی، ئه‌وه گرنگ نیه كه چه‌ند كه‌سێك له یه‌كێتیه‌وه ببنه پارتی ، ئه‌وه گرنگ نیه كه پارتی كورسیه‌كانی له ٣٥ ـەوە ببنه ٤٥ کورسی، ئه‌وه گرنگه چۆن ئه‌توانی كه‌شتیه‌كه باژوی، چۆن ده‌كرێت ناخودایه‌كی باش بیت و نه‌هێڵی خه‌ڵكه‌كه‌ت هاواریان لێ به‌رزبێته‌وه .
ناكرێت یه‌كێتی له حكومه‌تا بێت و هیچیشی پێنه‌كرێت و، وه‌ك ئێمه‌و مانان ره‌خنه بگرێت و ته‌واو، كه تۆ له حكومه‌تای ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتت هه‌بێت مه‌یکه‌نه به‌زمی براده‌ره‌كه‌ی گۆڕان ده‌ڵێت ئێمه له حكومه‌تاین ، له ده‌سه‌ڵاتا نین ، ئه‌وه‌ش فه‌لسه‌فه‌یه ها !!