لەگەڵ گەڕانەوەیان بڕی320ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم دەکرێت

پ

شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی ، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ، لە بەغدا ماونەتەوە بۆ گەیشتن بەڕێککەوتن لەگەل حکومەتی ناوەندی لەسەر ژمارەیەک پرسی وەکو مووچە و بودجە و هەروەها پرسی ڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی ناوەندی و دەروازە سنوورییەکان

بەپێی زانیارییەکان ، شاندی حکومەتی هەرێم بۆ ئەمرۆش لەبەغدای پایتەخت دەمێننەوە بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا .

میدیایەکی پارتی ئاماژە بەوە دەکات کە سبەی پێنج شەممە ، شاندەکە دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان و بڕیار وایە دوای گەڕانەوەیان ، حکومەتی ناوەندی بۆ مووچەی مانگی ئەیلولی فەرمانبەرانی هەرێم ، هاوشێوەی مانگی ڕابردوو ، بڕی ٣٢٠ ملیار دینار ڕەوانەی هەرێم بکات

تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٠دا ، تەنها ٣ مووچەیان وەرگرتووە ، تەنها مووچەی مانگی کانوونی دووەم بە تەواوەتی دابەش کراوە و مووچەی مانگی شوبات و مانگی نیسان بە لێبڕینی %٢١ دابەش کرا

بەپێی زانیارییەکان ، حکومەتی هەرێم ، بڕیاری داوە کە تاوەکو بڕی ٣٢٠ ملیار دینار بەردەوام لە بەغداوە بێت ، بەشێوەی لێبڕین مووچە دابەش بکات .

حکومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو مووچەیەی لە مانگی ئەیلول بڕیارە دابەش بکرێت ، مووچەی مانگی نیسان نابێت بەڵکو مووچەی مانگی ئاب دەبێت ،و مووچەی مانگەکانی نیسان و ئایار و حوزەیران و ئەیلول ، بە نادیاری دەمێنێتەوە و حکومەت هیچ ناوێکی لێ نەناوە کە ئایا پاشەکەوت دەکرێت یاخود چی بەسەر دێت .