دکتۆر “بەرهەم”ـیش، بێبەرهەم دەرچوو
لە وڵاتانی فیدراڵدا، ئەوانەی پۆستی سەرۆکی وڵات، یان سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پارتە ئۆپۆزسیونە سەرەکیەکان وەردەگرن، ئەوا پێویستە زمانە سەرەکی و فەرمیەکانی وڵات بزانن و، لە کوڕ و کۆنفرانس و گوتارە بنەڕەتەکانی وڵاتدا، پێویستە بە زمانە فەرمیەکان بدوێن.
بێگومان، سەپاندنی ئاوەها یاسایەکی زمان بە سەر وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەتی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی، کارێکی سەناهی نیە. چونکە ئەوان زمان و نەتەوەی خۆیان بە باڵا دەست و پیرۆزتر دەزانن تا نەتەوەو کەلتورە هاوبەشەکانی وڵاتەکانیان.
وەلێ بە کارهێنانی جوت، یان فرەزمان ئەستەم نیە بۆ ئەو سەرۆک وەزیران وسەرۆک وڵاتانەی کە بە ڕێککەت بون بە بەرپەرسی باڵای یەکێک لەو وڵاتانەی کە وەکو کەمەنەتەوە، یان گەلی دووەم پەروەردە بون، ئەگەر سەرکردەی بوێربن و هەندێک هۆشی نەتەوەکەی خۆیانیان هەبێ.
بەنگەرانیەوە لە دوو وڵاتدا کە گەلی کورد نەتەوەی دووەمە و، بە ڕێکەت بوبێت یان بە ڕێککەوتن، تا ئێستا چەندین جار سەرۆک وەزیران و سەرۆککۆماری هەردوو وڵاتی تورکیا وعێراق کورد بون! بەڵام لە ترسدا بوبێت یان لە شەرمدا، بۆ جارێکیش لە گوتارە فەرمیەکانیدا زمانی دایکی خۆیان بە کار نەهێناوە.
( بۆڵاند ئەجەویت) بەڕەگەز کورد، لە چەند دەیەی ڕابردودا زیاد لە جارێک ئەرکی سەرۆک وەزیرانی تورکیای پێسپێردرا، مەخابن ئەو کاربەدەستە باڵایە نەک هەر بە زمانی کورد وشەیەکی نەدرکاندن، بەڵکو نەیدەویست کەس بزانێ کە لە نەتەوەی کورد بوە، تورکەت ئۆزال، کە سەردەمانێک سەرۆک وەزیران و پاشان لە سەرەتا ساڵانی 1990دا بو بە سەرۆککۆماری تۆرکیا، بۆ جارێکیش وەشەیەکی کوردی لە زاری دەرنەچو.
گەرچی قەدەر وایکرد، لە پاش ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە، لە ماوەیە 15 ساڵی ڕابردودا، ئەوا بۆ سێیەم جارە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەبێ بە پشکی کورد. لە سەردەمی مام جەلال و د. فواد مەعسوم ـدا، بەردەوام لێدوانە فەرمیەکانیان بە زمانی عەرەبی بوو، وێڕا ئەوەی کە زمانی کوردی لە دەستوری عێراقدا بە هاوشێوەی زمانی عەرەبی دیاری کراوە.
ئێستاش کە د. بەرهەم کورسی میراتگیری سەرۆکی عێراقی بەرکەوتوە، دەرفەتێکی باش بوو بۆ ئەو کە لە کاتی سەردانەکەی ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسادا، بە هەردوو زمانی فەرمی وڵات ئاخافتنی بکردبایە، وەلێ سەد مەخابن، د. بەرهەمیش وەکو ئەوانیدی بێ بەرهەم دەرچوو لە ئاستی هەستی نەتەوایەتی و وشیاری سیاسی دا.