ڕێوی کۆڵانی عەرەبستان مەکەن بە شێری شەقامی کوردستان

پ

سەد مەخابن، لە پاش فرەتر لەیەک سەد شۆڕش و خوێنڕێژی لە پێناو سەروەری و سەرفەرازی گەلی کوردو خاکەکەی داو، زیاد لە چارەکە سەدەیەکی فەرمانڕەوایی شکستخواردوی جووتە حزب و پاشکۆکانیان، باشووری کوردستان بەرەوە پاشەوە هەنگاو دەنێ.

هەڵبەتە ئەو بەشەی کوردستان، پاشەکشێی تەنها لە کەرتی ئابووری و خزمەتگوزاریدا نەکردووە، بەڵکو گەورە شکستەکەی لە بواری  سیاسی و سەربازیشدایە.

شکستە کۆمەڵ بەستووەکانی دەسەڵات لە باشووری وڵات، دیدێکی ئەوهای لای تاکی کورد خوڵقاندووە،  شۆڕش و سەرکردایەتی ئەمڕۆی کوردستان بە دۆڕاوی حکومڕان هەژمار بکرێن، لە ڕوانگەی زۆرێک لە هاوڵاتیان کوردستاندا، گەندەڵەکانی عێراقی عەرەب، کە سەرتاپایان نوقمی فرە شکست بوون، وەک سەرکردەی فریادڕەسی گەلی کوردو، جێگرەوەی سەرانی دەسەڵاتی هەرێمی دەستنیشان دەکرێن!.

ئەوەی مایەی سەرسوڕمان و نیگەرانی بێت، چینی “ڕۆشنفکری” نێو کۆمەڵگەی کورد، کە پێشڕەویی ئەو جوڵەیە لە دژی گشت بەها  نەتەوەیی و کوردستانی دەکەن و، لە خۆپیشاندانەکان و، لە سەر تۆڕەکۆمەڵاتیەکان پڕوپاگەندە بۆ نەیارە مێژوییەکە گەلی کورد دەکەن، ئاکامخوازی بۆ گەندەڵترین سەرکردەی عەرەب دەکەن.

لێرەدا سەرانی دەست بەسەر دەسەلاتگرتوی باشووری وڵات، لە ڕەخنەی توند بێبەش ناکرێن، چونکە خراپەکاری و گەندەڵکاری فەرماڕەوایی جووتە حزبەکە وایکردووە کە گەلی کورد تووشی ڕەشبینی و نائومێدیەکی ئەو تۆ بووە، تەنانەت خەڵکانی خاوەن شۆڕش و شەهیدانیش، نەفرەت لەو دەسەڵاتە دەکەن کە پارتی و یەکێتی لە سی ساڵی ڕابردوودا ڕابەرایەتی دەکەن، وەلێ ناشکرێ؛ ئەوانەی کە گیرۆدەی عێراقێکی پڕ قەیران و گیروگرفتی مەزهەبی و کاوڵکراودان، بە سەرکردەی بێ غەلوغەش پێناسەبکرێن.

لە سەرتای سەرهەڵدانی قەیرانە ئابووریەکانەوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی کابینەکەی مالیکی و، پاشان ئەو(عەبادی) سوک و ڕیسوایەی کە لە دەرەوەی عێراق نۆکاوی دەفرۆشت، کورد هێندەی گەورە کرد، تا کوشندەترین گوزی ئابووری، دیمۆگرافی، جیۆگرافی، سیاسی و سەربازی لە باشووری کوردستان وەشاندن.

لەسەردەمی ویلایەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ، وەکو دۆستێکی دێرین کورد، ئومێدی بوژانەوەیەکی ئابووری ڕوی لە کوردستان کرد، بەڵام سەرانی سیاسی کوردستان وەک پێویست پاڵپشتیان نەکرد، بەتایبەتی لە کاتیدا بەخت یاری نەبوو، تا ناچاری دەست لەکارکێشانەوە بێت، ئێستاش میراتگرەکەی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بە تینوگوڕ وپلان و پەیامێکی نوێوە هاتوەتە گۆڕەپانی ململانی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازیەوەو، بە کەڵک وەرگرتن لە خاڵی لاوازی کورد، کە لە ئێستادا گرفتی ئابووریە، دەنگی شەقامی کوردی بەلای خۆیدا دەبزوێنێ.

سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی کازمی بۆ باشووری کوردستان، لە دڵسۆزی گەلی کورد نەبوو، بەڵکو بە کۆڵێک پەیام و مەرامی سیاسی، جیۆگرافی و سەربازیەوە هاتبوو، گەشتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ زاخۆ، پەیامی خۆی گەیاند. لە ڕوی جیۆگرافیەوە، وای دەرخست کە لە بەسڕاوە تا زاخۆ “خاکی عێراقە”و، لە ڕووی ئیداریشەوە، ئەو سەرۆک وەزیرانی گشت وڵاتە.

خۆ دەرخستنی بە فڕۆکەیەکی سەربازی عێراقیەوە، بە واتایەکی چەکداری، کازمی خۆی وەکو فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق نمایشکرد ( بە هێزی پێشمەرگەیشەوە) ئەویش شکستێکی سەربازی دەسەڵاتی جووتە حزبەکەی کوردستان دەردەخان لە یەک نەخستن و بە کوردستانی کردنی هێزی پێشمەرگە خۆی دەبینێتەوە.

بێگومان؛ کازمی کە چاوی بڕیەوەتە کورسی دەسەڵات و لە ئێستاوە جێپێی خۆی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق خۆش دەکات، بە کەڵک وەرگرتن لە خاڵە لاوازەکەی کورد، بە بەخشینی بڕە پارەیەک بە مووچەخۆرانی کوردستان، ئەوانەی کە لە ئێستاوە کەوتون بە دەربەڕینی پاڵپشتی بۆ ئەو “سەرکردە” عەرەبە، بەهاوپەیمانی دۆڕاوەکانی گۆڕەپانی سایسی کوردستان، لیستەکەی کازمی دەنگی کورد مسۆگەر دەکات.

ئەو پێشوازییە شەقامی کوردی لە سەرۆک وەزیرانی عێراقی، لە لایەک پەیامێکیدا بە گوێی سەرانی شکستخواردوی باشووری کوردستانداو، لە لایەکی دیکەیشەوە  ئەوها پێشوازیەکی شاهانەی هاوڵاتیان کورد، بو بە فاکتەرێک کە کازمی لە سێبەرکەی خۆی بڕوتنێت و پێی وابێت، ئەگەر چی لە کۆلانی عەرەبستان ڕێویە، بەڵام لە شاقامی کوردستان پادشای جەنگاڵستانە.