ترامپ هەڕەشەی توند لە ئێران دەکات
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ دووشەممە لە دوو تویتدا باسی ئێران و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی کرد، کە بەفەرمانی ترامپ لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە فرۆکەخانەی بەغدا کرایە ئامانج و کوژرا
دۆناڵد ترامپ لە یەکێک لە تویتەکانی دەڵێت “بە گوێرەی ڕاپۆرتی رۆژنامەکان، لەوانەیە ئێران ، پلانی تیرۆرکردن دابڕێژێت، یان لەوانەیە پلان بۆ هێرش دژی ئەمەریکا دابڕێژێت، بەرامبەربە کوشتنی قاسم سولەیمانی.
ترامپ دەشڵێت ” کوشتنی سولەیمانی بۆیە ئەنجامدرا، نابراو پلانی داڕشتبوو کە هێرش بکاتە سەر سەربازانی ئەمەریکی و ئازار بە هێزەکانی ئەمەریکا بگەیەنێت.
قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، بە پیاوی دووەمی ئێران دوای خامنەیی دادەنرا، وبەردەوام دەستی لە کاروباری وڵاتانی عێراق و سووریا و لوبنان وەردەدا .
سولەیمانی لە لیستی تیرۆری ئەمەریکا دابوو ،لە سەرەتای ئەمساڵ، لە ٣ی کانوونی دووەم ، لە فڕۆکەخانەی بەغدا، لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس ، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی،کوژرا.
دۆناڵد ترامپ لە تویتێکی هەڕەشە ئامێزی تردا دەڵێت ”هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە لەدژی ئەمەریکا و هێزەکانی ئەنجام بدرێت،و هێرشەکە لە هەر جۆرێک بێت، ئەوا ئەمەریکا بە هێرشێک بەرپەرچی دەداتەوە کە هەزار ئەوەندەی هێرشەکەی ئەوان بەهێز بێت”