وابەستەیی حزبی بە بێ ڕەچاوکردنی بەهای ڕەوشتی – سیاسی، بنەمایەکی پوچەڵە!

پ

گەرچی هەندێک جار هاوسۆزی مرۆڤەکان لەیەک رێچکەدا، زۆر کەس لە یەک نزیک دەکاتەوەو، هەندێک کاتیش بەرژەوەندی بازرگانی دەبێتە هۆکاری پەیوەندی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵگەدا، بەڵام هاو بیرۆکەیی سیاسی وەک زنجیر مرۆڤەکان پێکەوە گرێ ئەدات، بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی رۆڵی تایبەتمەند دەگێرێت، بە مەرجێک لە سیاسەتدا بەهای کۆمەڵایەتی و رەوشتی – سیاسی، رەچاوبکرێن!.

لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا کە تێکەڵی زنجیرەو ئۆرگانە سیاسیەکان لەباشوورى کوردستان بوم، جگە لە فێربونی بەشێک لە تاکتیکی سیاسی( بە سیاسەتی چەوتیشەوە)، ئەوەم لا ئاشکرابو کە بیرۆکەی سیاسی لە نێو 2 رێکخراوی کوردستانیدا، هیندە بنەمای پەیوەندەیە کەسی و کۆمەڵایەتیەکانی بەزیندوی راگرتوە، دەکرێت نازناوی وابەستەیی رەوشتی – سیاسی لێبنرێ!

بۆ نموونە، ئەزمونی پەیوەندیەکانی خۆم لە سەرەتای ساڵانی هەشتایەکانەوە تا ئەمڕۆ، دابڕانی پەیوەندی سیاسی لە گەڵ (یەکێتی و سۆشیالیست) تارادەیک نەیتوانیوە درز بخاتە نێو پەیوەندییە کەسیی (شەخسی) و کۆمەڵایەتیەکانی نێوان ئەندامانی دەست لەکار کێشاوەو، کەسانی بەردەوامی هەردوو لایەن! پەیوەندی سیاسی لە نێو ریزەکانی هەردوو لایەنی ناوبراودا بوە بە هەوێنێکی وابەستەیی کەسیی و کومەڵایەتی ئەوتۆ کە دەیان ساڵە هەر بەزیندوویی ماوتەو.

گەر چی پەیوەندی نێوان تاکەکانی کوردستان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە گۆراوەو، بەردەوام لە گۆڕانکاری دایە، بەش بەحاڵی خۆم بەڵگەی راستیی مانەوەی پەیوەندی زیندوی ئەندامەکانی ئێستاو پێشوی (ی.ن.ك و ح.س.ك) لەوەدا دەبینم کە پاش نەمانی پەیوەندی سیاسیم بەهەردو لایەنی ناو براوەوە، وێڕای دور کەوتنەوەشم لە کوردستان، تا ئەمرۆش پەیوەندی کەسیی و کۆمەڵایەتیی لەنێوان ئێمەدا بەهایەکی رەوشتی – سیاسی و وەفاداری باڵای بەخۆوە بینیوە.

ئاشکراشە، کۆمەڵێک لەهاوبیرو هاوخەباتە دێرینەکانی من لە هەردو لایەنی سیاسی پێشو ( بەوانەشەوە کە سەنگەریان گوستۆتەوە) لەم سەردەمەدا لە ئاستی پلەو پایەی حزبی و دەسەڵاتدارێتی (حکومی) باڵادا جێگیربون، بەڵام بەها رەوشتیەکان وایان پێکەوە گرێداون، هەر وەک ئەوە سەردەمەی کە لە یەک بەرەی سیاسی دا پێکەوە کاریان دەکرد، لەیەک دەڕوانن، بۆیە دەتوانین بڵێن پەیوەندنی حزبی بەبێ ڕەچاوکردنی بەهای رەووشتی – سیاسی، سیاسەتێکی بنەما پوچ دەبێت!

مەردان کولۆجۆیی