شەڕی میدیایی لەنێوان کازمی و میلیشیاکاندا دروست بووە

پ

سەرۆک وەزیرانى عێراق لەلایەن هێزە میلیشیا نزیکەکانى ئێران لەوڵاتەکەى رووبەرووى فشارێکى گەورە بووەتەوەو، لەگەڵ هەر ئۆپەراسیۆنێکى سەربازی و ئەمنى ڕەخنەو بەرەنگارییەکانى بەردەمی پەرە دەستێنێت، دوایین هێرشیی میدیاییش بۆ سەر کەسایەتى مستەفا کازمی، لەلایەن رێبەرى میلیشیای عەسائیبی ئەهل حەقی نزیک لەسوپای پاسدارانەوە بووە.

ئەو هێزە میلیشیاییە کە لەلایەن قەیس خەزعەلی یەوە، رابەرایەتى دەکرێت ئاماژەى بەوەداوە ” جوڵاندنەوەى هێزەکانى دژە تیرۆر لەناسڕییە بۆ گەڕان بەدواى کەسێکى وونبوو، لەشکۆى هۆزەکانى ئەو پارێزگایە دەدات، کەقوربانیان لەبەڕەنگاربوونەوەى تیرۆر داوە”.

سەجاد عێراقی، یەکێکە لەچالاکوانانى خۆپێشاندانەکانى ئەو پارێزگایەى باشوورى عێراق، کە لەشەممەوە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە رفێنراوەو، تاوەکو ئێستاش شوێنى دەستبەسەرو ئەنجامدەرانى ئەو کردەوە نەدۆزراوەتەوە.

پاش دەستبەکاربوونى کازمی، لەپۆستەکەى لەئایاری ئەمساڵدا، شەڕێکى میدیایی و سیاسی لەنێوان حکومەت و میلیشیا نزیکەکانى رژێمى تاران، بەتایبەت ئەوانەى لەلایەن سوپای قودسەوە پاڵپشتی دەکرێت دەستى پێکردووەو، هەندێک جاریش کارەکان گەیشتۆتە قۆناغێک، میلیشیاکان بەئاشکرا بەڕەنگاری سەرۆک وەزیران بکەن.

هاوکات ئاژانسێکى ناوخۆیی بەغدا بڵاویکردەوە ” کازمی لەدووشەممەوە فەرمانی بەناردنی تیمێکى تایبەتى دژە تیرۆری بەپاڵپشتى فرۆکەى سوپا بۆ گەڕان بەدواى چالاکوانە رفێنراوەکە داوە بچنە ناسڕییەو، کار لەسەر دۆزینەوەى ئەو گەنجە بکەن”.

زۆربەى بەڵێنەکانى سەرۆک وەزیران تەنها بڵقەى سەر ئاو بوون و، هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا سزا نەدراوە

هێزە سیاسییەکان و چالاکوانانى خۆپێشاندانەکانى تشرینى یەکەم، بەروونى میلیشیا نزیکەکانى رژێمى ئێران تومەتبار دەکەن، بەرفاندن و ئەشکەنجەدانى خۆپێشاندەران و، لەگرتووخانە نهێنیەکان زیندانیان بکەن، جگە لەوانەش تومەتبارن بەتەقەکردنى ڕاستەوخۆ لەدژى خۆپێشاندەران و، تێوەگڵانیان لەکوشتنى گەنجى راپەریو.

پێش رفاندنى بەچەند رۆژێک، سەجاد عێراقی، میلشیاکانى ڕەوتى سەدر بەهەڕەشەکردن و، دروستکردنى فشار تومەتبار کردووە، کە لەرێگەى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و، گەیاندنى نامە بەبنەماڵەکەى ئەنجامدران، بۆ ئەوەى چیتر ڕەخنە لەموقتەد سەدرو، ڕەوتەکەى نەگرێت.

کازمی لەماوەى رابردوو بەڵێنى بەسزادانى تومەتبارانى کوشتنى خۆپێشاندەران داوە، هاوکات بۆ دڵنیایی لەدەستگیر نەکردنى هیچ خۆپێشاندەرێک سەردانێکى لەناکاوی بۆ نێو گرتووخانەکاندا کرد، بەڵام زۆربەى بەڵێنەکانى سەرۆک وەزیران تەنها بڵقەى سەر ئاو بوون و، هیچ کەسێک تاوەکو ئێستا سزا نەدراوەو، تومەتبارانى کوشتنى هیشام هاشمی، توێژەری ئەکادیمی عێراقیش دەستگیر نەکراون، کەروونە چ لایەنێک تیرۆری کردووە.

تاوەکو ئێستاش هێزەکانى دژە تیرۆر ئۆپەڕاسیۆنى گەڕان بەدواى چالاکوانە رفێنراوەکە ئەنجامدەدات، هیچ زانیارییەکی لەبارەى شوێن و، جموجۆڵی میلیشیاکانى بەدەست نەگەیشتووە، بەڵام توڕەیی میلیشیاکانى عەسائیب ئەهلی حەق، گوومانێکى گەورەى لەسەر ئەو میلیشیایە دروستکردووە لەئەگەری تێوەگڵانى لەو پرۆسەیە.

ئەو میلیشیایە وانیشانداوە کە ” جوڵاندنى هێزەکانى دژە تیرۆر دژى هۆزەکانى شاری ناسڕییەو، مەبەستى شکاندنى هێزو پێگەى ئەو هۆزانەیە”.

هاوکات هەندێک سەرچاوەى بەغدا دووپاتیکردۆتەوە ” ئامانجی ئەو کردەوەیەى کازمی، هیچ مەبەستێکى هۆزەکانى نیەو، کارەکانى عەسائیبیش تەنها یاریکردنە بەسۆزی ئەو هۆزانەیە بۆ ئەوەى لەسەرۆک وەزیران هەڵیانگەرێنێتەوە”.