میدیاکانى فەرەنسا پاڵپشتى “شارڵی ئیبدو” دەکەن

پ

پاش بڵاوکردنەوەى وێنە کاریکاتێرەکانى مەحمەدی پێغەمبەر، رۆژنامەى شارڵی ئیبدۆی فەرەنسا ئاشکرای دەکات ” لەلایەن گرووپی ئەلقاعیدەوە دووبارە هەڕەشەى لێکراوە”، بەو هۆیەوەش ١٠٠ دامەزراوەى میدیایی پەیامێکى کراوە بۆ رای گشتى بڵاودەکەنەوەو، داواى پاڵپشتى ئازادی ڕاوبۆچوون و، پاڵپشتى کردنى رۆژنامە کاریکاتێریستیەکەى پاریس دەکەن.

لەیەکەم دانیشتنى دادگایی کردنى تومەتبارانى هێرشەکەى سەر ئەو رۆژنامەیە کە لە ٧ کانوونى دووهەمی ٢٠١٥ روویدا، دووبارە شارڵی ئیبدو، هەمان چاپی ساڵیادی هێرشە خوێناوییەکەى بڵاوکردەوەو، توڕەیی لەزۆربەى کۆمەڵگە ئیسلامییەکان بەرامبەر کاری رۆژنامەکە دروست کردەوە.

لەلایەن خۆیەوە ماغیکا بغێت، بەرێوەبەرى توانا مرۆییەکانى شارڵى ئیبدو، لەماڵەکەى خۆی باسى لەهەڕەشەکانى ئەو گرووپە تیرۆریستیە کردووە، کە ئاراستەى رۆژنامەکەیان کراوە.

بغێت، پێنج ساڵە لەژێر چاودێری پۆلیسى فەرەنسیە گووتى ” ئەو هەڕەشانە بەسن بۆ ئەوەى بەجددی پرسەکە وەربگرن”، ئاشکراشی کردووە ” ئێستا ناتوانێت بگەڕێتەوە ماڵەوە.

لەلێدوانێکى بۆ گۆڤاری هەفتانەى (لوو پوا) ” تەنها دە خولەکم هەبوو، بۆ ئەوەى کەرستەکانم کۆبکەمەوەو، ماڵەوە جێبهێڵم، ١٠ خولەک بۆ بەجێهێشتنى بەشێک لەژیانم، ئەمە کارێکى وەحشیگەرییە”.

بەرێوەبەرى توانا مرۆییەکانى شارڵى ئیبدو باسى لەوەشکردووە ” قەبارەیەکى زۆری ڕق و کینەی بەرامبەر شارڵى ئیبدو هەیە، چونکە بەجێھێشتنە زۆرەملێیەکەى ماڵەکەى نیشانی دەدات کەچەند مەترسیدارە ئەو هەڕەشانە”.

سەرنووسەرى رۆژنامەکەش لەدواى بڵاوکردنەوەى وێنە کاریکاتێرییەکان لە ٢ ئەیلوولی ئەمساڵدا ڕایگەیاند ” شارڵى ئیبدو جارێکى دیکە لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستیەکان تووشى هەڕەشە دەبێتەوە”.

دووپاتیکردەوە ” ئەو هەڕەشانە لەشارلی ئیبدو دوورترەو، چونکە هەموو دامەزراوەیەکى میدیایی و تەنانەت سەرۆک کۆماریش دەکاتە ئامانج”.

لەبارەى بڵاوکردنەوەى نامەى هاوبەشى ١٠٠ دامەزراوەى میدیایی لەفەرەنسا، هیماى بەوە داوە ” بڵاوکردنەوەى ئەو نامە بەکۆمەڵە پەیامێکى بەهێزە بۆ بەرگرى کردن لەبنەماکانى ئازادی ڕادەڕبرین، تەنانەت ئازادی هەموو هاوڵاتیانى فەرەنسا”.

ناونیشانى پەیامەکە بەناوی ” پێکەوە با بەرگرى لەئازادی بکەین” بووە.

لەنێو ئەو دامەزراوانەش ئامادەى بەشداریکردن نەبووە ئاژانسى فرانس پرێسی فەرەنسی بووە، هۆکارەکەشى بۆ ترسی لەستافەکەى بووە لەنێو ئەو وڵاتانەى کەزۆرینەى دانیشتووانەکەی موسڵمانن، جەختى لەوە کردەوە ” رۆژنامەنووسەکانمان لەگۆڕەپانێکى فراوانى ناوچە هەستیارەکانن بۆ پرسێکى لەو شێوەیە”.

لە حەوتى کانوونى دووهەمى ٢٠١٥ دوو برا بەناوی شەریف و سەعید کواشی، ١١ رۆژنامەنووس و کاریکاتێریستیان لەنێو دەستەى نووسەرانى رۆژنامە هەفتانەکەى پاریس کوشت و، دواتر پێش هەڵاتنیان پۆلێسێکى ئافرەتان کوشت.

دواى رۆژێک لەشارى مۆنغووژ لەدەوروبەری پاریش ئومێدی کولیبالی پۆلیسێک دەکوژێت و، لە ٩ هەمان مانگ، دواى بەبارمتە گرتنى ژمارەیەک هاوڵاتیانى فەرەنسی لەئایینى جووەکان چواریان دەکوژێت.

بەڵام سەرجەم ئەنجامدەرانى هێرشە تیرۆریستیەکە لەلایەن هێزە تایبەتیەکانى پۆلیسى فەرەنسی دەکوژرێن.

لەدواى ئەو رووداوەش لەو ساڵە زنجیرەیەک کردەوەى تیرۆریستى فەرەنساى هەژاندو، حکومەتی ناچار کرد ” ئاستى هەڕەشەى تیرۆریستى زۆر بەرز بکاتەوە”، تاوەکو ئێستاش بەگووتەى وەزارەتى ناوخۆ لەو قۆناغە دانەبەزێنراوە.