وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم ڕوونکردنەوەیەك بڵاودەکاتەوە
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ، ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند ، بڵاوكردنەوەی فەرمانێكی وەزاریمان بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنی كتێب، نیگەرانی نوسەران و رووناكبیرانی كوردستانی لێكەوتەوە .
وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاماژە بەوەش دەکات بڵاوکردنەوەی فەرمانە وەزارییەکەی ، وەك هۆكارێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادیی چاپكردنی كتێب لێكدراوەتەوە و لەوبارەیەوە ، لە چەند خاڵێكدا ، ڕوونکردنەوەی داوە :
یەکەم / ئەو فەرمانەمان پشتی بە رێنمایی ژمارە(٦)ی ساڵی ١٩٩٩ی وەزارەتی رۆشنبیری بەستووە، كە ئەویش لەبەر رۆشنایی یاسای چاپەمەنیی هەرێمی كوردستان ژمارە(١٠)ی ساڵی ١٩٩٣، دەرچووە، كە لەماددەی ٩ی ئەو یاسایەدا، زۆر بەروونی بڵاوكرنەوەی ئەو بابەتانەی قەدەغە كردووە كە جنێوو تانە لێدان و ناوزڕاندنی كەسانو دەستدرێژی بۆ سەر حورمەتی ئاینو مەزهەبەكانو دابو نەریتو سیستمی گشتی تێدا بێت.
دووەم / فەرمانەكەی وەزارەتمان جەختی لەو ماددە یاساییە كردۆتەوە، هیچ نیەتێكی خراپی بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادیی بیروڕا لەپشتەوە نییە.
سێبیەم / ئەم فەرمانە بۆ رێكخستنەوەی پێدانی ژمارەی سپاردنە بەجۆرێك،رێگە لەبڵاوكردنەوەی ئەو كتێبانە بگرێ كە زمانی كوردی دەشێوێنن، دارشتنو رێزمانی كوردیو خاڵبەندی لەبەرچاو ناگرن و هەروەها بۆ ئەوەی كتێبەكان مافی خەڵكی دیكە پێشێل نەكەنو سنورێك بۆ جنێودانو ناوزڕاندن دابنرێت.
سێیەم / ئەمڕۆ ٢٧ی ئەیلولی ٢٠٢٠، بریاری پێكهێنانی لیژنەی باڵای پێدانی ژمارەی سپاردن بەسەرۆكایەتیی جێگری بەرێوەبەری گشتیی كتێبخانە گشتییەكانو ئەندامێتی بەرێوەبەری كتێبخانە گشتییەكانی پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانیو دهۆكو هەڵەبجەو ئیدارەی گەرمیان دراو، لەپارێزگاكانیش لیژنەی لاوەكی دروست دەكرێ ، بۆ وەرگرتنی داوای ئەو نووسەرانەی داوای ژمارەی سپاردن دەكەنو ناردنی بۆ لیژنەی باڵا لەرێی ئیمەیلەوە ئەوە بۆ یەكەمجاریشە داوای ژمارەی سپاردن لە هەڵەبجەو گەرمیان وەردەگیرێت، ئەوەش بۆ كارئاسانی بۆ نووسەرانو رووناكبیران.
پێنجەم / نووسەرانو رووناكبیرانی خۆشەویست دڵنیا دەكەینەوە، هیچ هەوڵێك بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی نییە، وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان هەردەم داكۆكیكاری مافەكانی نووسەرانو رووناكبیرانو ئازادی بیرورا دەبێ.
وەزارەتی رۆشنبیریو لاوان
٢٨ی ئەیلولی ٢٠٢٠