سوپای عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

سوپای عێراقی لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند ، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ، ٣٠ی ئەیلول ، گروپێکی تیرۆریستی ژمارەیەك مووشەکیان ئاراستەی فرۆکەخانەی هەولێر کردووە.
لە بەیاننامەکەی سوپای عێراقی دا ئەوەش هاتووە ، ئەو شەش مووشەكە لەلایەن گروپێکی تیرۆریستی پاڵپشتیکراو لە ئێران،ئاراستەی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کراوە و یەکێك لە مووشەکەکان، ئاراستەی پارتێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی کراوە ، بەپێی ڕاگەیەندراوی هێزەکانی پێشمەرگە ، سێ لەو مووشەکانە ڕێگریان لێکراوە و نەتەقاونەتەوە.
سوپای عێراقی لە بەیاننامەکەی دا ئەوەش ڕوون دەکاتەوە ، فەرماندەی ئەو ناوچەیەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کراوە لە موسڵ ، لەکار ڕاگیراوە و لەوبارەیەوە دۆسیەی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە بۆ ڕووداوەکە و ئەو ئۆتۆمبێلەی مووشەکەکانی لێوە ئاراستەکراوە ، تەقێنراوەتەوە و خۆشبەختانە هیچ زیانێکی ماددی و گیانی لێ نەکەوتووەتەوە.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ٣٠ی ئەیلول ، بەپێی ڕاگەیەندراوی دەزگای گشتی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاتژمێر ٨:٣٠ خولەك ، شەش مووشەك ئاراستەی فرۆکەخانەی هەولێر لە نزیك بنکەیەکی سەربازی هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و بارەگایەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ، کرا و سێ لە مووشەکەکان بەپێی ڕاگەیەندراوی ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان ، نەتەقیونەتەوە و ئەو ناوچەیش کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستە کرا ، لە پارێزگای موسڵ لەلایەن گروپێکی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانەوە بووە
دەزگای ئاسایشی گشتی هەرێمی کوردستان دوای ڕووداوەکە ، وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلەشی بە سووتاوی بڵاوکردەوە کە مووشەکەکانی لێوە ئاراستەکرابوو ، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێنەکەوتەوە و ناڕەزایی توندی حکومەتی هەرێمی بەدوادا هات و داوای کرد ، حکومەتی عێراقی دەست بەجێ ، لێکۆڵینەوە لەو کردە تیرۆریستییە ئەنجام بدات .