جیهان لەبەردەم دارمانێکى دیکەی نرخی نەوتە

پ

لەنوێترین هەنگاوی خۆیدا، شانەشینى عەرەبی سعودیە، وەک گەورە بەرهەمهێنەرى نەوت لەجیهاندا بڕیاریدا نرخى فرۆشتنى فەرمیی کاروانەکانى مانگی نیسان بەهەموو شێوازەکانیەوە بۆ سەرجەم بازاڕەکان کەم بکاتەوە.

هاوکات بەنیازیشە لەو مانگە ئاستى بەرهەمهێنانى بۆ سەرووی ١٠ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا بەرز بکاتەوە، کەئەمەش یەکەم هەنگاوە لەدواى ئایاری ساڵى رابردوو.

ریاز لەهەوڵى ئەوەدایە ئاستى بەرهەمهێنانى خۆی بگەیەنێتە ١١ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، هۆکارەکەش بۆ داڕمانى رێکەوتننەکانى نێوان رێکخراوى وڵاتانى هەناردەکارى نەوت (ئۆپێک) و رووسیایە.

ئاژانسى رویتەرز لەسەر زارى چەند سەرچاوەیەکى خۆیەوە بڵاویکردۆتەوە ” کۆمپانیاى نەوتى نیشتیمانى ئارامکۆ، بەنیازە دواى کۆتایی هاتنى رێکەوتنەکانى ئۆپێک پلەس لەکۆتاییەکانى ئادار، بەرهەمهێنانى خۆی پتەوتر بکات”.

شکستهێنانى دانووستاندنەکانى درێژکردنەوەى رێکەوتننامەى پاڵپشتى کردنى نرخەکانى نەوت، ئەگەرێکى بەهێز هەیە سعودیە هاوشێوەى ٢٠١٤ روو لەخستنەرووى زیاترى نەوت بکات، کەئەمەش راستەوخۆ کاریگەرى لەسەر نرخەکانى ئەو کانزایە دەبێت لەبازاڕەکان.

بەو هۆیەوەش ئارامکۆ لەپشووى فەرمیی بازاڕەکاندا بڕیاریدا نرخى نەوت بۆ سەرجەم ئاراستەو بازاڕەکان دابەزێنێت و، لەبەرامبەریشدا ئاستى بەرهەمهێنانى خۆى بەرز بکاتەوە.

پێشبینى ئەوەش دەکرێت ئەمرۆ لەکاتی کردنەوەى بازاڕەکانى بۆڕسەى ووزە نرخى زێری ڕەش بەپاشەکشێکردن لەنرخەکانى دەست بەمامەڵەکردن بکاتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە لەدوو مانگی رابردوو رۆژانە ریاز ٩,٧  ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا خستۆتە بازاڕو، تاڕادەیەکیش بەهەماهەنگی بەرهەمێهنەرانى دیکە سەقامگیرییەک بۆ بازاڕى نەوتى خاو دروست بکەن.

یەکێک لەپلانەکانى ئارامکۆ دواى شکستهێنانى دانووستاندنەکانى ئۆپێک پلەس، پتەوکردنى پێگەى بازاڕى خۆیەتى لەنێو بۆڕسەى ووزەدا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش ووزەى بەرهەمهێنانى ئەو وڵاتە رۆژانە لەسنوورى ١٢ ملیۆن بەرمیلە، ئەمەش رێخۆشکەرە بۆ ئەوەى بەخێرایی قەبارەى خستنەرووەکانى بەبێ کێشە بەرز بکاتەوە.

لەکۆتا هەفتەى مامەڵەى بازاڕەکان، رێکەوتننامە مێژووییەکەى ئۆپێک و رووسیا، کە ماوەى سێ ساڵى خایاند کۆتاییان هات، ئەویش بەهۆى ڕەتکردنەوەى مۆسکۆ بوون لەپشتگیری کردن لەکەمکردنەوەى زیاترى خستنەرووى نەوت، تاوەکو لەگەڵ بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆیان بگونجێنن.

لەبەرامبەر ڕەتکردنەوەى مۆسکۆش، ئۆپێک دەستبەجێ سەرجەم کۆتەکانى سەر ئاستى بەرهەمهێنان هەڵوەشاندەوە.

چاودێران بەدوورى نازانن، جارێکى دیکە نرخەکانى نەوتى خاو بگەرێنەوە هەمان قۆناغەکانى ٢٠١٦ کاتێک نرخى یەک بەرمیل نەوت لەسنوورى ٢٧ دۆلار بوون، ئەمەش لەرووى ئابوورییەوە قەیران و ئاڵۆزی بۆ زۆربەى وڵاتە بەرهەمهێنەرانى نەوت دروست دەکات، بەتایبەت وڵاتانى وەک “ڤەنزەوێلا، عێراق، ئێران، رووسیاو خوودی سعودیەش”.

سەرەتاى ٢٠١٧ وڵاتانى ئۆپێک پلەس بەڵێنیان دابوو، کە بەئاستى ٢,١ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا لەبازاڕەکان کەمبکەنەوە، بۆ ئەوەى نرخەکان بەرزببنەوە، بەڵام ریاز دەڵێت ” ئاستى بەرهەمهێنانى زۆر کەمتر کردۆتەوە لەوەى رێکەوتنى لەسەر کرابێت”.

ریاز دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت چۆک بەدووهەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوت بنێت.

هاوکات مۆسکۆش تومەتبار دەکات بەوەى ” کەمکردنەوەى قەبارەى بەرهەمهێنانى لەئاست چاوەڕوانیەکاندا نەبووە”.

یەکێک لەو سەرچاوانە بەئاژانسەکەى گووت “شانەشین لەگەڵ هیچ کەسێک لەجەنگدا نیە، بەڵکو بەدواى بەرژەوەندییە تایبەتیەکانى خۆیدا دەگەرێت، هەر لەگەڵ کۆتایی هاتنى رێکەوتنەکە هەمووان ئاستى بەرهەمهێنانیان بەرز دەکەنەوە”.

سەرجەم بازاڕەکانیش چاویان ئاراستەى چین کردووە، کە گەورە بەکاربەرى ووزەی نەوتە لەجیهاندا، ئێستاش بەهۆى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆناوە، تووشى ئاڵۆزییەکى ئابوورى و تەندروستى بووەتەوە.

سەرەڕای هەوڵەکانى پەکین، بۆ بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسەکە بەرەو سەرکەوتن هەنگاو دەنێت، بەڵام خابوونەوەى بوژانەوەى ئابوورییەکەى ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر زۆربەى ئابوورییە زەبەلاحەکانى دیکەى جیهان کردووە.

یەکێک لەپێشنیارەکانى ئۆپێک بۆ بەردەم رووسیاو نۆ هاوبەشەکەى بریتی بووە لەکەمکردنەوەیەکى بەکۆمەڵی قەبارەیەکى دیاریکراو نەوت، تاوەکو بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسەکە نەبێتە رێگر لەپاشەکشێ پێکردنى نرخەکان.

ئەو قەبارەیەش رێکخراوەکە پێشنیاری کردبوو بریتى بوون لە ١,٥ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، تاوەکو نرخەکان بەهەمان ئاستەکانى رێکەوتنەکەى ٢٠١٧ بەردەوامیی هەبێت.

ئەلیسکاندەر نۆڤاک، لەدواى کۆتایی هاتنى کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ ئۆپێک بەرۆژنامەنووسانى گووت ” لەیەکى نیسانەوەو، بەچاوخشانەوە بەبڕیارەکانى ئەمرۆ نە وڵاتانى رێکخراوەکەو، نە وڵاتانى هاوپەیمانى ئۆپێک پڵەس چیتر ناچار نین بەرهەمهێنان کەمبکەنەوە”.

بەو هۆیەوەش لەهەینى دوا مامەڵەى نرخەکانى نەوت لەو رۆژە بە ٤٥,٢٧ دۆلار کۆتاییان هات، کەنزمترین ئاست بووە بەبەراورد لەگەڵ چوار ساڵى رابردوو.

لەلایەن خۆیشیەوە ئاژانسى بلوومبێرگی ئابووری پێی وایە ” هۆکاری ڕەتکردنەوەى رووسیا بۆ واژۆ کردن لەدرێژکردنەوەى کەمکردنەوەى ئاستى بەرهەمهێنان، بۆ نەوتى لیتەیی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەگەرێتەوە”.

ڕاشیگەیاند ” ڕەزامەندی مۆسکۆ لەسەر ئەو پێشنیارە، دەبێتە دیارییەکى یەکلایەنەى هاوپەیمانى ئۆپێک پڵەس لەنێویاندا رووسیا بۆ ئەمەریکا”.

چونکە بەرزبوونەوەى نرخەکانى نەوت لەبازاڕەکاندا، راستەوخۆ لەقازانجی وەبەرهێنان و گەشەسەندنى نەوتى لیتەیی ئەمەریکا دەبێت، بەو هۆکارەی تێچووى ئەو نەوتە بەرزەو، تانرخەکان بەرزتر بن، لەقازانجی ئەو کەرتە دەبێت.

لەو ڕوانگەیەوەش مۆسکۆ هیما بەوە دەکات ” کاتى ئەوە هاتووە فشار بخرێتە سەر ئەمەریکییەکان، کە لەو ماوەیەدا قەبارەى بەرهەمهێنانى نەوتى لیتەییان بەرز کردۆتەوە، لەبەرامبەریشدا کۆمپانیاکانیان تەنها لەسەر بیرە نەوتەکاندا ماونەتەوە”.

بەپێی ئامارە فەرمییەکانى ئابوورى واشنتۆن گەورە بەرهەمهێنەرى نەوتى خاوە لەسەر ئاستى جیهان، کە لەشوباتى رابردوو توانیویەتى رۆژانە ١٣,١ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت، لەدواى ئەویشدا رووسیا دێت، بە بەرهەمهێنانى ١١,٢ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا، وەک دووهەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوت.

ریاز کەگەورە بەرهەمهێنەرى نێو رێکخراوى ئۆپێکەو، سێهەمی جیهانە، دەیەوێت ئەویش رکابەری هەردوو زلهێزەکەى کەرتى ووزە بکات، بۆیەش بڕیاریداوە بۆ بازاڕەکانى ئاسیا بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەى ٦ دۆلار کەمبکاتەوەو، بۆ بازاڕەکانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستیش بەئاستى ٣,١ دۆلار بێت، ١٠ دۆلاریش داشکاندنى بۆ بازاڕەکانى ئەورۆپا کردووە، کە تاوەکو ئێستا بەهیچ شێوەیەک داشکاندنى لەو جۆرە ئەنجامنەدراوە.

ریاز دەیەوێت بەهەر نرخێک بێت چۆک بەدووهەم گەورە بەرهەمهێنەرى نەوت بنێت.

لەلایەن خۆیشیەوە بێل فارین پرایس، پسپۆڕی نەوتى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست گووتى ” سعودیە دەیەوێت بەجەنگی نرخەکانى وەڵامى دەرچوونى رووسیا لەرێکەوتنەکان بداتەوە”.

ئەگەرێکى بەهێزیش هەیە هەریەک لەعێراق، کوەیت و ئیمارات هاوشێوەى سعودیە، دەست بەکەمکردنەوەى نرخەکانیان بکەن، تاوەکو ئاگرى شەڕەکە گەرمتر بکەن.

یەکێک لەسەرچاوە ئاگادارەکانى ئەو کەرتەش دووپاتیدەکاتەوە ” یان دەبێت پابەندی داشکاندنى نرخە فەرمییەکان بیت یاخود لەبازاڕەکاندا بمریت”.

کاریگەرى کەمکردنەوەى نرخەکان سەرەڕاى قازانجی گەورەى بۆ وڵاتانى بەکاربەر هەیە، بەڵام زیانى گەورەو ستراتیژی بۆ خوودی بەرهەمهێنەرانى ئەو زێڕە هەیە، بەجۆرێک ڕاستەخۆ کاریگەرى لەسەر نرخى پشکەکانى ئارامکۆ کرد، بۆ یەکەمجار لەدوای خستنەرووى لەکانوونى یەکەمى رابردوو، نرخەکانى بۆ ٣٢ ریال (٨,٥ دۆلار) دابەزین، دواى ٣٠ خوولەکەیش لەمامەڵەى بازاڕەکان نرخی پشکی ئەو کۆمپانیایە بۆ ٣١ ریال دابەزیەوە.

ئێستاش هەموو بازاڕەکان چاویان لەکردنەوەى یەکەم بۆڕسەى ووزەیە، تاوەکو یەکەم هەستى دابەزینى نرخەکان تام بکەن و، چاودێری ئەو شەڕەش بکەن کەبڕیارە لەدواى نیسانەوە دەست پێدەکات.