ژمارەیەك رۆژنامەنووسی سلێمانی یاداشتێك بڵاودەکەنەوە

پ

ژمارەیەک رۆژنامەنووسی سنووری پارێزگای سلێمانی ، یاداشتێك ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان دەکەن

لە یاداشتەکەی ئەو رۆژنامەنووسانەدا هاتووە ، کە لەساڵی ٢٠٠٩ەوە ، فۆڕمی وەرگرتنی زەوییان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پڕکردووەتەوە بەڵام تا ئێستا ، وەڵامیان نەدراونەتەوە .

هەر لە یاداشتەکەدا ئەوەش ڕوون دەکەنەوە کە ، ئاگادارن خەڵکانی دەستڕۆیشتووی ئەو شارە ، بە دۆنم زەوی داگیردەکەن و دابەشی دەکەن بەسەر خەڵکانێك کە شایستە نەبوونە.

ئەو رۆژنامەنووسانە کە ڕووی دەمیان لە پەرلەمانتارانی کوردستانە ، داوا دەکەن لە چوارچێوەی پرساندن بێت یان هەر ڕێگایەکی دیکە ، کێشەکانیان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداربکەن و بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە بکرێت .

دەقی یاداشتەکە :

بۆ بەڕێزان/ سەرجەم پەرلەمانتارانی کوردستان
بابەت/ داواکاریی
پاش ڕێز و سڵاومان

ئێمە ۲٥۲ ڕۆژنامەنووسی کارای سنوری پارێزگای سلێمانی لەساڵی ۲۰۰۹ ەوە فۆرمی زەوی وەرگرتنمان لە لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان پڕکردووەتەوە، بەڵام تا ئێستا هیچمان بۆ نەکراوە، ئەمە لەکاتێکدا ئێستا باس لەوە دەکرێت لەسنووری سلێمانی خەڵکانی دەستڕۆیشتوو بەدۆنم زەوی داگیردەکەن و دابەشی دەکەن بەسەر خەڵکی ناشایستەدا!
داواکارین لە سەرجەم ئەندامانی بەڕێزی پەرلەمانی کوردستان و لیژنە پەیوەندیدارەکان ، ئەم داواکاریی و کێشەیەی ئێمە لە پەرلەمانی کوردستان باس بکرێت و بەدواداچوونی بۆبکەن، و لەچوارچێوەی هەر پرساندن یان میواندارییەکی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم و وەزیری شارەوانی ئەو پرسیارەیان ئاراستەبکرێت بۆ ڕۆژنامەنووسانی سلێمانی هەمیشە دەبێت مافخوراوبن؟ و دوای زیاتر لە دەساڵ چاوەڕوانی چاوەڕوانی چی دیکە لە حکومەتی هەرێم بکەین؟ و بۆ تا ئێستا زەویمان پێنادرێت یان لە پڕۆژە نیشتەجێ بوونەکان سودمەند نەبووین؟
لەگەڵ ڕێزماندا
۲٥۲ ڕۆژنامەنووسی سنوری پارێزگای سلێمانی
٤/۱۰/٢٠٢٠