براکانی نەوید ئەفکاری بێ سەروشوێنن
دوای لەسێدارەدانی نەوید ئەفکاری ، یاریزانی لەشجوانی ئێرانی ، لەئێستادا خێزانەکەی لە دۆخێکی شلەژاودا دەژین ئەوەش دوای ئەوەی هەردوو براکەی ، وەحید و حەبیب ، دەستگیرکران لە خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٨ و تاوەکو ئێستا چارەنووسیان نادیارە
بەپێی هەواڵی پێگەی ئێران وایر ، دەسەڵاتدارانی ئێران ، شوێنی دەستبەسەرکردنی حەبیب و وەحیدیان شاردووەتەوە و خێزانەکەی نازانن چارەنووسی ئەو دوو برایە لە کوێیە ؟
هەر بەپێی زانیاری سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانی ناوبراو ، دوای ١٦ رۆژ لە دەستگیرکردنیان ، تاوەکو ئێستا خێزانەکە نازانن لە کوێ دەستگیرکراون و دەسەڵاتی دادوەری ئێرانیش هەواڵی ناڕاست و ئالۆز بە شوێنی دەستگیرکردنی هەردوو براکە بە خێزانەکەی دەدەن و ئەمەش دڵەڕاوکێی دروست کردووە لای ئەوان و ئەو زانیاریانەشی کە دەستی خێزانەکە کەوتووە ئەوەیە ، وەحید و حەبیب لە زیندانێکی تاکە کەسیدا ، زیندانی کراون دوای ئەشکەنجەدانیان و هەروەها ڕێگاش نادرێت هیچ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵی ئەنجام بدەن
وەحید و حەبیب و نەوید ، هەرسێ براکە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٨ دەستگیرکران و بەپێی زانیاری سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان ، لەژێر ئەشکەنجە و بە زۆرەملێ دانپێدانانیان پێکراوە بە کوشتنی ئەفسەرێک لەکاتی خۆپیشاندانەکان.
لە ٢٧ی ئەیلول ، دادگایی ئێران بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ نەوید ئەفکاری دەرکرد ، سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ لەسێدارەنەدانی ناوبراو ، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ، نەویدیان لەسێدارەدا و کاردانەوەی نێوەدەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی بەدوای خۆیدا هێنا .