وەزارەتی خوێندنی باڵا لە بەرژەوەندی قوتابیان چەند بڕیارێکی دەرکرد
دوێنێ دووشەممە ، بەسەرپەرشتی ئارام محمد ، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ،کۆبونەوەى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا ، کە لە هۆڵى کۆبونەوەکانى سەنتەرى رۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى زانکۆى سەڵاحەدین بەڕێوەچوو.
لە دوای گفتوگۆییەکی چڕی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندن باڵا و بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەت ، چەند بڕیارێکى گرنگ لە بەرژەوەندى خوێندکاران و قوتابیان و دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى درەکران.
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هاتووە ، لە هەنگاوی یەکەمدا ئەنجومەنى وەزارەت بڕیاریدا بە کەمکردنەوەى ڕێژەى %٤٥ـى کرێى خوێندنى پارالێل و ئێواران لە ماوەى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ سەرجەم قۆناغەکانى خوێندن ، لەزانکۆ و پەیمانگە حکومیەکانى هەرێمى کوردستان هاوشێوەى ساڵى ڕابردوو و بڕیارەکەش خوێندنى ئاستەکانی (دبلۆم، بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) دەگرێتەوە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەیدا ئەنجومەنى وەزارەت، دیسانەوە بۆ جاری دووەم بڕیاریدا بە زیادکردنى ڕێژەیەک ، لە کورسى خوێندن بۆ پلانی وەرگرتنی کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی ، لە زانکۆ حکومیەکانى هەرێمى کوردستان و ئامانج لەم بڕیارەى ئەنجومەنى وەزارەتیش ، ڕەخساندنى دەرفەتى زیاترە بۆ دەرچوانی سەرکەوتووی قۆناغی ئامادەیی ، ئەمەش تاوەکو بتوانن ، لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی درێژە بدەن .
ئەنجومەنی وەزارەت ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم بڕیارە ، کاریگەری دەبێت لەسەر کەمترین کۆنمرەی وەرگرتن لە کۆلێژەکانی کۆمەڵەی پزیشکی ، لەبەرژەوەندی دەرچوانی ئازیزی پۆلی دوانزەی ئامادەیی و لەهەمان کاتدا هەنگاوێکی گرنگ دەبێت ، بۆ دابینکردنی پێداویستی توانا مرۆییەکانی کەرتی تەندروستی.