لەسەر ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر یەکێتی لە حکومەت دێتە دەنگ
تیمی یەکێتی لە حکومەت پەیامێکی بڵاوکردەوە
تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ، ڕایگەیاند ، وەک ئاشکرایە مێژووی گەلەکەمان ھەروەک چۆن پڕیەتی لە شانازی و دەستكەوت، خاڵیش نیە لە کارەسات وکۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن.
هەروەها لە پەیامەکەی تیمی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم ، ئەوەش هاتووە کە ، خۆئەگەر بڕیاریشە حکومەت ھەڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لەسەرجەم روداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوەكانی ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوەكانی تریش
دەقی پەیامەکەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێمی :
پەیامێک لە تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لە حکومەتی ھەرێم
وەک ئاشکرایە مێژووی گەلەکەمان ھەروەک چۆن پڕیەتی لە شانازی و دەستكەوت، خاڵیش نیە لە کارەسات وکۆسپ و رووداوی نەخوازراو و یەکتر تەخوین و تاوانبارکردن.
ئەو کارەسات و رووداوانەش بەشێکن لە مێژووی دورو نزیکی گەلەکەمان، بۆ ئەوەی راستی ودروستی و چۆنیەتی روودانیان و بکەرەکانیان و هۆکار و دەرئەنجامەكانیان بزانرێت، ئەوا پێویستە لەلایەن مێژوونووسانەوە بەبێلایەنانە لێكۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت. ئێمە بڕوامان وایە کە ئەرکی حکومەتی ھەرێم خزمەتکردنی ھەمەلایەنەی ھاوڵاتیانە نەک تێوەگلانی بە کێشە سیاسیەکان، بۆیە دەبێت حکومەت و بەرپرسەکانی خۆیان دووربپارێزن لە هەر لێدوانێک یان هەڵوێستێک کە کوردستان دور دەخاتەوە لە کەناری ئارامی، خۆئەگەر بڕیاریشە حکومەت ھەڵوێست لەسەر رووداو و کارەساتەکان وەربگرێت، ئەوا پێویستە باس لەسەرجەم روداوەکان وەک یەک بکات بە رووداوەكانی ٣١ی ئاب و کارەساتی شەنگال و جینۆسایدی ئێزدییەکان و رووداوەكانی تریش
ئێمە جەخت دەکەینەوە لەم ھەلومەرجەدا پێویستە ھەمولایەک پەند و ئامۆژگاری لەکارەساتەکان وەربگرین و بیانکەین بە مایەی یەكڕیزی نەتەوەیی نەك قوڵكردنەوەی ناکۆکییەکان وتەفرەقە و پەرتەوازەیی.
تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان
١٦/١٠/٢٠٢٠