کارەبای نیشتیمانی کەم دەبێتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە ، بەهۆی چاكسازیی لەكێڵگەكانی غازی كۆرمۆر بۆ دوو كاتژمێر كارەبا كەم دەبێتەوە.
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم ، ئاگاداری هاوبەشانی کارەبای سنووری هەرێم دەکاتەوە ، ئەمڕۆ یەکشەممە رێكەوتی ١٨/١٠/٢٠٢٠ لەكاتژمێر ٨ی بەیانی یەوە تاوەكو ٤ی ئێوارە گۆڕانكاریی ٢ كاتژمێر لەبەرنامەی پێدانی كارەبا دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەو چاكسازیی و كاروباری چاككرنەوە كە كۆمپانیای دانەغاز ، لە كێڵگەكانی كۆرمۆر ئەنجامی دەدات وەكو پرۆسەیەكی خۆئامادەكردن بۆ وەرزی زستان، كە بەهۆی چاکسازییەکەوە ، بڕی ٨٠٠ مێگاوات بەرهەمهێنانی كارەبا كەم دەكات.
وەزارەتی کارەبا ئەوەش ڕووندەکاتەوە ، وەزارەتەکەیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتیەكان لەسەر هێڵە ، بۆ ئەوەی كەمبوونەوەی پەستانی غاز تەنیا بۆ دوو كاتژمێر كارەبا كاریگەریی لەسەر هاوبەشانی كارەبا هەبێت ، دوای تەواوبوونی پرۆسەی چاكسازیی لەكێڵگەكانی كۆرمۆر ، وەزارەتی كارەبا لەڕێگەی تێمەكانی كۆنترۆڵ و وێستگەكانی كارەباوە كار بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخەكە دەكات.