بارزانی و ماستاوه‌كه‌ی زه‌كه‌ریا

پ

دوای ساڵی 2003 له‌ به‌غدا بووین ، له‌ گه‌ڵ مه‌جید ساڵح چووینه‌ سه‌ردانی دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر له‌ ماڵه‌وه‌، له‌ دانیشتنه‌كه‌دا فوئاد عارفیش له‌وێ‌ بوو، دكتۆر كه‌مال نامه‌ی ماسته‌رێكی ته‌له‌به‌یه‌كی عه‌ره‌بی هێنا كه‌ له‌ سه‌ر مه‌لا مسته‌فای بارزانی بوو، زۆری به‌شان و باڵدا هه‌ڵداو چه‌ند دانه‌یه‌كیشی پێدام، وتی توانیت بینێره‌ بۆ بارزانی، من هاتمه‌وه‌ دامه‌ براده‌رێكی پارتی ، به‌لامه‌وه‌ سه‌یره‌ دكتۆراو ماسته‌ر به‌و راده‌یه‌ بێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌ سه‌ر تاكه‌ كه‌سێك بێت، ئێ‌ ره‌نگه‌ ئه‌مه‌ بۆ پاره‌و ئیمتیاز بێت و هیچی تر.

دوێنێ‌ دۆستێك هه‌واڵه‌كه‌ی زه‌كه‌ریا محه‌مه‌د سه‌لیم عارفی بۆ ناردم كه‌ ره‌نگه‌ سبه‌ی دالێك بخرێته‌ پێش ناوه‌كه‌ی ئه‌و نوسیبووی منیش له‌ سه‌ر عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ماسته‌رێك دێنمه‌وه‌، بیرمه‌ بارزانی له‌ مامۆستایه‌كی زانكۆی دهۆك توڕه‌ بوو له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ماستاوی بۆكرد ، وتم ده‌ی ئه‌مه‌ وه‌رچه‌رخانه‌، كه‌چی له‌ گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی ریفراندۆما بارزانی زۆر كه‌یفی به‌ ماستاو چیه‌كان ده‌هات و له‌وانه‌ش قه‌ڵس و توڕه‌ بوو كه‌ له‌ ئه‌نجامی ریفراندۆمه‌كه‌ ده‌ترسان .

زه‌كه‌ریا سه‌لیم محه‌مه‌د عه‌رف دكتۆرای له‌ره‌وانبێژی له‌ووتاره‌كانی بارزانیدا هێناوه‌ته‌وه‌، خوا نه‌یبڕێ‌ كۆمه‌ڵێك دكتۆریش لیژنه‌ی بڕیارو پێدان و سه‌رپه‌رشتی دكتۆراكه‌ بوونه‌، ده‌بوو پێشتر له‌ بری بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ بارزانی ئه‌و كابرایه‌ی بانگ كردباو وه‌ك چۆن مامۆستاكه‌ی دهۆكی ته‌ریقكرده‌وه،‌ به‌ویشی گووتبا من پێویستم به‌وه‌ نیه‌ دكتۆرا له‌ سه‌ر ووتاره‌كانم بهێنرێته‌وه‌، خۆی بارزانی ئه‌وه‌ی نه‌كرد.

دڵنیام له‌وه‌ش كه‌ بیستویه‌تی بابایه‌ك به‌ ناوی زه‌كه‌ریا خه‌ریكی ئه‌و به‌زمه‌یه‌، خۆ ئێستا ده‌توانێ‌ داوا له‌ خوێندنی باڵاو زانكۆی سه‌لاحه‌دین بكات ئه‌و دكتۆرایه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌ .

ئه‌م جۆره‌ تێزو دكتۆرایانه‌ دۆخی خوێندن و په‌روه‌رده‌یان به‌م رۆژه‌ گه‌یاند، ئه‌وه‌تا سه‌دان هه‌ڵگری دكتۆرامان هه‌یه‌ بێئه‌وه‌ی هیچ رۆڵێكیان له‌ باشكردنی دۆخی ئابووری، سیاسی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م وڵاته‌دا هه‌بێت و، به‌شێكیان هێنده‌ی پەرله‌مانتاره‌كان مووچه‌ وه‌رده‌گرن و خاوه‌نی دوو رسته‌ی به‌جێش نین.

ئێمه‌ له‌ كوردستان نه‌ك دكتۆراو ماسته‌ری زیاده‌مان زۆره‌، زانكۆو ناوه‌ندی خوێندنی بێناوه‌ڕۆكیشمان زۆره‌ ، ئه‌وه‌ چ لۆژیكێكه‌ بۆ چوار پارێزگاو پێنج ملیۆن كه‌س ئه‌و هه‌موو زانكۆ حكومی و ئه‌هلیه‌ هه‌بێت، هه‌ندێكیان له‌ بری ناوه‌ندی فێر كردن بن ، بوونه‌ته‌ ناوه‌ندی بازرگانی و پاره‌ په‌یدا كردن .

جێی خۆیه‌تی خوێندنی باڵا بۆ تێزه‌كانی دكتۆراو ماسته‌ر ناوه‌ندێكی زانستی هه‌بێت و رێگه‌ به‌م جۆره‌ تێزانه‌ نه‌دات ،جا خۆ كاری ئاوا ده‌رگا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش ده‌كاته‌وه‌ سبه‌ینێ‌ زانكۆیه‌كی تر بیر له‌وه‌ بكاته‌وه‌ دكتۆرای ته‌له‌به‌یه‌كی قه‌بوڵبكات به‌ ناونیشانی ” رۆڵی گۆچانه‌كه‌ی مام جه‌لال له‌ په‌روه‌رده‌ی سیاسیدا ” راستی ئه‌گه‌ر زه‌كه‌ریا دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد و رۆڵی مه‌سعود بارزانیش بوایه‌ ره‌نگه‌ كه‌س هیچی نه‌وتایه.‌