ئابووری چین دەبێتە یەکەمی جیهان
پسپۆرێکى ئابوورى لەبارەى راپۆرتێکى نوێی سەندوقى نەختى نێودەوڵەتیەوە رایدەگەیەنێت ” دەرکەوتووە ئابوورى چین بەسەر رکارەبە ئەمەریکییەکەى کەوتووە”، سەرسوورمانى خۆیشی لەوادە هەستیارەکەى بڵاوبوونەوەى ئەو راپۆرتە کردووە.
تەڵال ئەبو غەزالە، لەبەرنامەیەکى تەلەڤزیۆنیدا ئاماژەى بەوەداوە ” بەپێی راپۆرتەکەى ئەو دامەزراوە داراییە پەکین بووەتە گەورەترین ئابوورى جیهان، ئەمەش لەکاتێکدایە لەچەند ساڵى رابردوو پلەى یەکەمى بازرگانى جیهانى تۆمار کردووە”.
بەپێی راپۆرتەکەش قەبارەى ئابوورى جیهانى بە ٢٤,٢ تریلیۆن دۆلار خەمڵێندراوەو، قەبارەى ئابوورى ئەمەریکاش بە ٢٠,٨ تریلیۆن دۆلار خەمڵێندراوە، کەپشتى بەپێوەری هاوسەنگى توانای کڕینى (PPP) بەستووە.
لەلایەکى دیکەشەوە ئەگەر پێوەرى بەراورکاری نرخى ئاڵوگۆری (MER) لەبەرچاو بگیرێت، ئەوا قەبارەى ئابوورى واشنتۆن بەئاستى شەش تریلیۆن بەپێش ئابوورى پەکینەوەیە، چونکە ئەوکات قەبارەى ئابوورى ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێتە ٢٠ تریلیۆن و، ئەوەى چینیش لەسنوورى ١٤ تریلیۆن دۆلار جێگیر دەبێت.
بەڵام سەندوقى نەختى نێودەوڵەتى پێی وایە ” پێوەرى هاوسەنگى هێزى کڕین زۆر وردترە لەنێو ئابوورییەکاندا، چونکە جیاوازییەکانى نرخی ئاڵۆگۆر لەنێو ئابوورییەکان ناهێڵێت، هەروەهاش سەرجەم ئابوورییەکان لەسەر یەک هێڵ جێگیر دەکات، بەوەى هەر وڵاتێک بەدراوەکەى دەتوانێت چی بکڕێت”.
ئەبو غەزالە دەشڵێت ” چین لەبوارەکانى دیکەش بەپێش رکابەرەکەى کەوتووە، بەجۆرێک ئێستا پەکین لەواشنتۆن زیاتر لەکەرتى توێژینەوەى زانستى خەرج دەکات”.
جگە لەوانەش ئەژدیهاکەى ئاسیا تاکە وڵاتە لەجیهان لەساڵى ٢٠٢٠ بەپێچەوانەى سەرجەم وڵاتانى جیهان، کەبەهۆى پەتاى ڤایرۆسی کۆرۆنا رووبەرووى داکشان بوونەتەوە، بەڵام ئەو گەشە دەکات.
پسپۆڕە ئابوورییەکە هۆشداری ئەوەشى لەکاردانەوەکانى راپۆرتەکەى سەندوقەکە داوە، بەوەى ” زیاتر هانی واشنتۆن دەدات هەنگاوی دوژمنکارانە بەرامبەر رکابەرەکەى بگرێتە بەر، بۆ ئەوەى پێش لەبوژانەوەى بگرێت”.
بەبۆچوونى خۆى ” بڵاوبوونەوەى راپۆرتەکە لەکاتێکى زۆر هەستیاری ململانێی چین و ئەمەریکا بووەتەوە”.
پرسیاری ئەوەشى لا دروستبووە ” ئەگەری ئەوە هەیە راپۆرتێکە بەئەنقەست بڵاوکراوەتەوە، بۆ ئەوەى بیانوو بداتە واشنتۆن رێکارەکانی دژى پەکین پتەوتر بکات”.
گووتیشى ” ئەو راپۆرتانە ئەستەمە لایەنى ئەمەریکى بەسادەیی وەریبگرێت، چونکە مێشکى ئەمەریکى قبوڵى نیە، ولایەتە یەکگرتووەکان ببێتە دووهەم ئابوورى جیهان”.