پارتی لە کەژاوەی خەیاڵی حکومەتی یەکگرتودا و یەکێتی لە خەونی سەردەمی مام دا

پ

ئەوەی پاش یەکخستنەوەی “میرنشینی تاڵەبان و بارزان” پێی دەگوترا “حكومه‌تى یه‌كگرتوى هه‌رێمى كوردستان،” لە ڕاستیدا جگە لە هەڵوەشاندنەوەی ئیدارەی زۆنی سەوز و گوێزانەوەی بارەگاکەی لە سلێمانی وە بۆ هەولێر ، کارکردن لەگەڵ حکومەتی زەرددا لە یەك باڵەخانەدا، تا ئێستایشی لە گەڵدا بێ، یەك ئیدارە نەبون!

پۆستی سه‌رۆكی حکومەتی هەرێم، جگە لەو دو ساڵەی کە بۆ بەرهەم ساڵح بوو، ئەوا وەکو میراتی هەمیشە بۆ پارتی دەستی بەسەردا گیراوە ، جێگریش پشکی یەکێتی بوە. بەڵام لە ڕووی پراکتیکیەوە، دەسەڵاتەکانی سەرۆکی حکومەت لە سنوری میرنیشنی زەرد تێپەڕی نەکردوەو یاریدەدەریەکەشی جگە لە سنوری میرنیشینی کەسك، بە سەردانیش دهۆكی نەبینوە! واتـا لە دێگەڵە بەو لاوە کەس نوسراوی سەرۆك وەزیرانی نەخوێندۆتەوە، لە دەڤەری پارتیش کەس فەرمانی جێگری سەرۆکی حکومەتی جێ بەجێ نەکردوە! بە واتەیەکی دی، ٢ میرنیشنی بون، بەڵام لـە ١ شار و لـە ١ بنایەدا پێکەوە کاریان دەکرد!

لەچوار كابینه‌ی ڕابردوی حکومەتی هەرێم دا، زۆرینەی پرۆژەو کارە فەرمیەکانی پەیوەست بە میرینشنی سه‌وز بەبێ ئاگاداری یان بە بێ پرسی سەرۆکی حکومەت، لەلایەن جێگرەکەیەوە واژوى دەکران ، ئەوەشی پەیوەندی بە میرنیشینی زەردە وە هەبوە، ئەستەمە ئیمزای جێگری حکومەتی لە سەر بوبێ کەچی خۆڵی “یەك ئیدارەی” یان دەکردە چاوی خەڵك!

هەڵبەتە بونی مام جەلال و پێگەی جارانی یەکێتی لەلایەکی و، نەرمی و نیانی نێچیرەڤان بارزانی لە کابینەکانی ڕابردودا، ٢ فاکتەر بون لە خولقاندنی ئەو شەراکەتەی نێوان پارتی و یەکێتی لە دەسکەوت و دەسەڵاتدا. بەڵام هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕانی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی دا، سەرۆك وەزیرانی نوێ هەرێمی کوردستانی خستوەتە بارودۆخەکەوە، کە لە کەژاوەی خەیاڵدا دەخولێتەوە!

گۆڕان بە کۆمەڵێك کورسی پەرلەمان و وەزیرەوە، هێندە خۆی لە پارتی نیزیککردوەتەوە، لە دیدی یاری زانەکانی گۆڕەپانی سیاسی دا، ئەو بزوتنەوەیە لە تای تەرازوی پاشکۆیی دا هەڵدەسەنگێندرێ! بێگومان، سیاسەتی خۆبەدەستەوەدانی بزوتنەوەی گۆڕان لە پاش نەوشێروان مستەفا ، پەرتەوازەیی یەکیتی پاش مام جەلال ، پەڕاوێزخستنی نێچیرەڤان بارزانی لە نەرم و نیانی حکومەتی نێوە-بە-نێوەی ٢ میرنیشینیی، هۆکاری سەرەکین کە ئێستا مەسرور بارزانی خۆی لە لوتکەی خەیاڵی کەژاوەی سەرۆکی حکومەتێکی یەکگرتودا بینێتەوە!

ئەگەر سەرۆك وەزیران بە هۆش نەیەتەوە، ڕەنگە ئەو خەیاڵە بە هەڵەدا بردنی لێ بکەوێتەوە

ئاشکرایشە، ملکەچ کردنی گۆڕان بۆ جێبەجێ کردنی کۆمەڵێك خواستی پارتی، فرە گرفتەکانی ناو یەکێتی، دەرفرەتێکی باش بۆ سەرۆك وەزیرانی نوێ باشوری کوردستان دەڕەخسێنێ لە چەسپاندنی زۆرینەی داخوازیەکانی باڵی مەسرور. بەڵام دەربازبونی دەسەڵات لە بازنگەی ٢ میرنیشنی، یەکخستنەوەی حکومەت و کردنی بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی، هێشتا دورە لەو پێوەرە خەیاڵ پڵاوییەوە کە بارزانی بچوك خەونی پێوە دەبینێ!

سەرۆك وەزیرانی تازە، لەو خەیاڵەدا دەژی کە بە پشتیوانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو دەتوانێ بە تەنها سەرۆكی میرنیشینی زەرد و سەوز بێت ، تەنها لە کاتی کۆبونەوە فرەوانەکاندا، وەکو ڕاوێژکاری سنوری یەکێتی، هەندێك پرس بە قوباد تاڵەبانی بکات! جێگری سەرۆکی حکومەتیش، هێشتا بە خەیاڵی سەردەمی باوکی دەژی، کە تێکڕای دەسکەوت و دەسەڵاتی لە گەڵ باڵی نەچیرەڤان بارزانی دا نێوە بە نێوە بەشکردبو! لەم قۆناغەی ئێستادا، هەردوکیان هەڵەن و، پێویستیان بە بەخۆدا چونەوەیەکی قوڵ هەیە!

ئەزمونی نیزیکەی ٢٠ ساڵی ئەوەی کە پێی دەگوترێ “یەکخستنەوەی هەردو ئیدارەکە،” ئەوەی بۆ گشت لایەك خستوەتەڕو کە جگە لە پێکەوە کارکردنی هەردو حکومەتی سەوز و زەرد لە ١ شار و لە ناو ١ کۆشکدا، تا ئێستایشی لە گەڵدابێ، حکومەتێکی یەك ئیدارەیی لە باشوری کوردستان دا بونی نەبوە!

ئێستایش، نزیک بونەوەی بزوتنەوەی گۆڕانی پاش نەوشێروان لە پارتی ، گرفتە ناوەکیەکانی یەکێتی بێ مام جەلال، رەنگە فاکتەر بن بۆ هەندێك لە بوغرابونی مەسرور بارزانی کە خۆی وەکو سەرۆك وەزیرانی حکومەتێکی یەکگرتو بێتە پێش چاو. بەڵام ئەگەر سەرۆك وەزیران بە هۆش نەیەتەوە، ڕەنگە ئەو خەیاڵە بە هەڵەدا بردنی لێ بکەوێتەوە. پێویستە قوباد تاڵەبانیش، لە خەونی حکومەتی فیفتی- فیفتی ڕابچەڵەکێ و، ئەو واقیعە بزانێ کە ئێستا سەردەمی باوکی نیە کە هەمو دەسکەوت و دەسەڵاتی کوردستانی لە گەڵ پارتی دا، برا بەشکردبو!

بویه له هەردو حالەتەکەدا، خەونی هەردولایان ئەوەنده خەیالاوییە، گەلێك له واقیعەوه دوره. سەرەرای ئەو هەمو تەنگوچەڵەمە کەڵەکبوانەی لەڕێگایاندایە، کەچی هەردولایان دەیانەویت پێگەی خۆیان وەکو سەرۆك وەزیران و جێگری حکومەتیكی یەکگرتوی سەرتاسەریی، بسەپێنن. بێگومان، وێڕای هەندێك خۆ بەدەستەوەدانی بزوتنەوەی گۆڕان، لەم بارودۆخەی ئێستای پارتی دو باڵ و، یەکێتی پاش مام جالالی پڕ لە کێش و گرفت، پێکهێنانی حکومەتێکی بە مانا یەك ئیدارەیی، لە بڕینی بەرزە هەوراز سەخت تر دەبێ بۆ هەردو کۆنە میرنیشینی بارزان و تاڵەبان!