پارێزگاری سلێمانی پەیامێك بڵاودەکاتەوە

پ

هەڤاڵ ئەبو بەکر ، پارێزگاری سلێمانی ، هاندانێک بە مەبەستی خۆپارێزی ڕادەگەیەنێت

پارێزگاری سلێمانی لە هەژماری خۆی لە فەیس بوک ڕایگەیاند ، ڕۆژانەو شەوانە، بەبەردەوامیی هەموومان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگێکی ڕاستەقینەدا وەستاوین، هەموومان شایەتی مەرگی دەیان و سەدان ئازیزمانین .

پارێزگاری سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی زیاتری پەتاکە دەشڵێت ، ماڵ و کۆڵان و کوچەو گەڕەک و شەقام و شارو وڵات و گەردون ، ڕەنگی مەرگیان گرتووە، کۆرۆنا ڕێگای ژیان و هەناسەو خوێنی لە ملیۆنان کەس گرتووە، تا ئەمڕۆ جگە لە خواپاراستنمان ، تاکە چارەسەر خۆپارێزییە .

پارێزگاری سلێمانی داوا لە هاوڵاتیان دەکات ، بە بەستنی ماسکێک لە شوێنە داخراوەکان و پاراستنی دوریی نێوانمان لە شوێنە کراوەکاندا، جگە لەوەی دەبێتە پاراستنی خۆمان و دەوروبەرو خۆشەویستانمان، یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی تر چڕیی و زۆریی توشبوان و لێشاوی شاڵاوی پەتاکە ناچارماننەکەن دەست بە کەرەنتینەو قەدەغەی تەواوی هاتوچۆو داخستنی هەموو شوێنەکان بکەینەوە.

 

دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر تکایەک ئاراستەی هاوڵاتیان دەکات و دەڵێی ، تکایە بە بەستنی ماسکێک تەندروستیی خۆت و خەڵک و ژیان و بژێویی و کارو کەسابەت و بازاڕ؛ بپارێزن.
ڕێکارەکان بۆ هاندانی ئێوەی بەڕێزن بۆ خۆپارێزیی، نەک بۆ سزادان.
ژیانی ئێوە، لە سزادانی هەر سەرپێچیکەرێک، بەهادارترو بەنرخترە..
سوپاس بۆ خۆپارێزیتان.