گواردیۆلا وەڵامی سەرۆکی یانەی بارسیلۆنا دەداتەوە
گواردیۆلا وەڵامی سەرۆکی بارسای دایەوە
پیپ گواردیلا ، بەڕێوەبەری هونەری یانەی مانچێستەر سیتی ئینگلیزی ، وەڵامی فیکتۆر فۆنت ، سەرۆکی کاتی یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی دایەوە ، دوای دەستلەکارکێشانەوەی جۆسیپ ماریا بارتۆمیۆ و دەستبەکاربوونی بەشێوەیەکی کاتی وەکو سەرۆکی یانە ئیسپانییەکە.
ڤیکتۆر فۆنت لە پاش دەستبەکاربوونی وەکو سەرۆکی یانەی بارسیلۆنا ، لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ئاشکرای کرد ، ” دەمانەوێت دووبارە گواردیۆلا و لیۆ لە کامپ نوو ، پێکەوە ببینیەوە ”
لێدوانی سەرۆکی یانەی بارسیلۆنا ، وەکو ئاماژەیەک بوو کە هەوڵدەدات وەکو سەرۆکی یانەکە ، دووبارە پیپ گواردیۆلای ئیسپانی و ڕاهێنەری یانی مانچیستەر سیتی ، بگەڕێنێتەوە یانە ئیسپانییەکە وەکو هەولێك بۆ مانەوەی لێۆ مێسی ، ئەستێرەی ئەرژەنتینی و یانەی بارسیلۆنای ئیسپانی .
پیپ گواردیۆلا ، ڕاهینەری یانەی مانسیتی ئینگلیزی ، بەر لە یاری نێوان یانەکەی و یانەی شیفیڵد یۆنایتدی ئینگلیزی لە خولی پرێمەرلیگ ئاشکرای کرد ،” حەزدەکەم لە یاریگای ئیتحاد ، دەستکەوت و نازناوی زیاتر بەدەست بهێنم و لە یانەکەم دڵخۆشم ” .
ئەم لێدوانەی گواردیۆلا ، وەڵامێک بوو بۆ سەرۆکی کاتی یانە ئیسپانییەکە ، بەوەی حەزدەکات بەردەوام بێت لەگەل یانە ئینگلیزییەکەی .
بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی یانەی بارسیلۆنا و کێشە بەردەوامەکانی نێوان مێسی و بارتۆمیۆ ، سەرۆکی پێشووی بارسیلۆنا ، لیۆنێل مێسی دوای شکستە گەورەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بە ئەمجامی هەشت گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ ، ئەستێرە ئەرژەنتینیەکە ، پێداگری لە بەجێهێشتنی بارسیلۆنا کردەوە ، بەڵام بڕە پارەی هەڵوەشاندنەوەی بۆندەکەی ، ٧٠٠ ملیۆن یۆرۆ بوو ، هیچ یانەیەک لەتوانای خەرج کردنی پارەی هەڵوەشاندنەوەی بۆندی ئەستێرە ئەرژەنتینیەکە نەبوو ، و نزیکترین یانەش بۆ ئەنجامدانی بۆند لەگەل لیۆ بەپێی ئاژانسی هەواڵە جیهانییەکان ،یانەی مانسیتی ئینگلیزییە وێڕای ویستی لیۆ بەیاری کردن لەژێر سەرپەرشتی پیپ گواردیۆلا .
لیۆنێل مێسی و باوکی دوای مشتومڕێکی زۆر لەگەل بارسیلۆنا ، بڕیاری دا تاوەکو کۆتایی هاتنی بۆندەکەی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢١ ، بەردەوام بێت و دواتر ڕوو لە یانەیەکەی دیکە بکات و نزیکترین یانەش لە ناوبراو ، مانسیتی ئینگلیزییە .