شه‌ڕێك له ده‌رگا
توركیا ، به تایبه‌ت ئاكه‌په‌و ئه‌ردۆغان سورن له سه‌ر ئه‌وه‌ی شه‌ڕێكی خوێناوی بێننه هه‌رێمی كوردستانه‌وه ، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌رده‌وام فشار له سه‌ر پارتی و یه‌كێتی و كورد دروست ده‌كه‌ن ، توركیا له هه‌ندێ ناوچه‌وه زیاتر له په‌نجا كیلۆ مه‌تر هاتوه‌ته قوڵای خاكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌و هه‌رێم و عیراقی داگیر كردووه ، پارتی له بن فشارێكی زۆردایه و توركیا ده‌یه‌وێت هه‌رچۆنَێكه شه‌ڕێكی پێبكات ، پێشتر مه‌سعود بارزانی به‌ڵێنی داوه‌و سوێندی خواردووه چی تر شه‌ڕی كورد – كورد نه‌كاته‌وه‌و نه‌هێڵێت رووبدات ، هه‌مان ئه‌م وه‌ڵامه‌شی له كاتی خۆیدا به هاكان فیدان و ئه‌ردرغان وتوه ، كه‌واته مه‌سعود بارزانی شه‌ڕی په‌كه‌كه ناكات ، په‌كه‌ش به هیچ جۆرێك ئاماده نیه شه‌ڕی پارتی و هه‌رێمی كوردستان بكات و په‌یتا په‌یتا په‌یامی ئاشتی ده‌نێرن ، ئه‌مه خاڵێكی گرنگه بۆ پارتی و بۆ په‌كه‌كه‌ش .
بیرمه له دیار به‌كر بارزانی له ته‌نیشت ئه‌ردۆغانه‌وه به خه‌ڵكی ئه‌وێ ی وت ئه‌م خاكه خوێنی زۆری له سه‌ر رژا ئیتر كاتی ئه‌وه‌یه ئاشتی بێته دی ، په‌كه‌كه‌و پارتی له ئاستی سه‌ره‌وه خوازیاری شه‌ڕنین ، ئه‌ركی لایه‌نه‌كانی تر ، سیاسیه‌كان ، پیاوانی ئاینی ، رۆشنبیران و خه‌ڵكانی ئازادیخواز‌و دایكانی ئاشتیه ، رۆڵی زیاتر بۆ دورخستنه‌وه‌ی تارمایی شه‌ڕ بگێڕن ، بانگه‌وازه‌كه‌ی مامۆستا محه‌مه‌دئه‌مین پێنجوێنی ، بانگه‌وازی هونه‌رمه‌ندانی چوار پارچه‌ی كوردستان ، هه‌وڵی خه‌مخۆرانه‌و ئه‌رێنین ، كه‌سانی وه‌ك محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ، سه‌لاحه‌دین به‌هادین ، عه‌لی باپیر عومه‌ری سه‌ید عه‌لی و كه‌سانی دیكه ده‌توانن رۆڵیان هه‌بێت .
له سه‌روو هه‌موو ئه‌و ته‌قه‌لایانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌مڕۆ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك سه‌رۆك كۆماری عیراقی فیدراڵ ده‌توانێ رۆڵی هه‌بێت له به‌ر ئه‌وه‌ی
یه‌كه‌م: سه‌رۆك كۆماری عیراق و هه‌رێمیشه‌و سوپای توركیا به‌شێكی ئه‌و وڵاته‌یان داگیر كردوه‌و رۆژانه خه‌ڵك ده‌كوژن و زه‌ره‌رو زیان ده‌ده‌ن .
دوه‌م : كورده‌و ، شه‌ڕه‌كه‌ش له سه‌ر نیشتمانی كوردانه
به‌رهه‌م ساڵح ده‌توانێ داوا له توركیا بكات ده‌رگا به ڕوی ئاشتی كورداندا بكاته‌وه ، ده‌توانێ داوا له ئه‌مه‌ریكاو به‌ریتانیاو روسیا‌و فه‌ڕه‌نساو ئه‌وروپا بكات فشاری ئاشتی له سه‌ر توركیا زیاد بكه‌ن ، ئاشتی كورد‌و تورك .
ئه‌مه‌ریكا له ماوه‌ی رابردودا چه‌ندین وڵاتی عه‌ره‌بی له گه‌ڵ ئیسرائیل هێناوه‌ته پای گفت و گۆو ئاشتی ، له داهاتودا وڵاتی دیكه‌ش دێنه پێشه‌وه‌و له گه‌ڵ ئیسرائیل ئاشتی ده‌كه‌ن ، ئایه بۆ ئارامی ناوچه‌كه ئاشتی كورد‌و توركیاش گرنگ نیه ، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ریكاو روسیا‌و فه‌ڕه‌نسا سێ ده‌وڵه‌تن ده‌توانن رۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌و باره‌یه‌وه ، بۆ ئه‌مه‌ش یاداشت و هاندانی سه‌رانی كورد له باشور‌و باكورو رۆژئاوا گرنگه .
دورخستنه‌وه‌ی شه‌ڕ له ده‌رگای ماڵی كوردان ئه‌ركێكی ئاكاریه‌و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك تێیدا به‌شدار بین .