پرۆسەی خوێندن لە کوردستان ڕاگیرا
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم ، دەوامی خوێندن ڕادەگرێت بۆ ماوەیەکی نادیار
سەرچاوەیەکی هەواڵی میدیایی بڵاویکردەوە ، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەربڵاو لەنێو ناوەندەکانی خوێندن ، دەوامی قۆناغەکانی پۆلی یەکەم و دووەم و دوانزەیی ئامادەیی ، بۆ ماوەیەکی نادیار ڕادەگیرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو ، نزیکەی ٨ هەزار مامۆستا و قوتابی لە دەستپێکی خوێندن لە ٢٧ی ئەیلولی ڕابردووەوە ، تووشی پەتای کۆرۆنا بوونە لەنێو ناوەندەکانی خوێندن و هەرەوەها ژمارەیەک مامۆستاش بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە .
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی ڕوونکردەوە ، دیار نییە کەی دەوامی خوێندن دووبارە دەست پێدەکاتەوە و چاوەڕێی باشبوونی ڕەوشی تەندروستی دەکەن و دواتر بڕیاری نوێ لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەردەکرێت
لە ٢٧ی ئەیلولی ڕابردوو ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم ، بڕیاری دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندنی بۆ قۆناغەکانی یەک و دووی سەرەتای و دوانزەیی ئامادەیی دا ، ئەمڕۆ یەکشەممە ،١ی تشرینی دووەم ، خوێندنی نێو پۆلی ئەو قۆناغانەی دەوامیان دەکرد ، بۆ ماوەیەکی نادیار ڕادەگیرێت.