بۆ خۆتان ناکوژن؟!
کاتێک ئێوە ( ئەوانەی ئەمڕۆ دەستان گرتەوە بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا)، سواڵکەری ئەم ماڵ و ئەو ماڵ و گوند بە گوندی ئەم کوردستانە بوون، کە خێری لەدەستی ئێوە نەدیوە، خەڵک سەرمایەدار و خاوەن دیوەخان و شکۆبەرزی خانەدان بوو!، ئێستا لە سایەی حکومڕانی ئێوەی سواڵکەری دوێنی و سەرمایەداری ئەمڕۆدا، خەڵک سواڵ دەکات و ئێوە سەرمایەدارن، ئەی بۆ خۆتان ناکۆژن؟! .
ئەی ئێوە نەبوون دەتاگووت “ئێمە لە پێناو گەل و خکی کوردستان دا خوێنی خۆمان دەبەخشین”؟ ئەدی لە پاش دەریایەک خوێن ڕشتن و ماڵوێرنی یەک سەدەی خەڵک لە سەردەمی خەبات و شۆڕش لە پێناوی ئازاد و سەرفەرازیدا، دوای ٢٩ ساڵش لە حکومڕانی ئێوە، گەل خۆزگە بە سەدام و بەعس بخوزێت و نەفرەت لە ئێوە و کوردبوونی خۆی بکات، ئەی بۆ خۆتان ناکۆژن؟!
مەبەستم تەنها ئەو هەڵەگەنجانەی ئەمڕۆ نیە بوون بە سەرکردەو سەرۆک و بەرۆک و شێخ و مێخ و جەنەڕاڵ و ژێرەناڵ و براگەورە و مامە گچکە، بەمەرجێک لە سەردەمی شۆڕشی شاخ و گوندا شەوێکیان لە سەر سەکۆ مزگەوتەکان نەکردەوە! بەئەوانەش ناڵێم کە تا ڕاپەڕین چاوەڕوانی قەرارگای رەمەزان(ئێران) بوون کە خۆراکی لە قوتوو کروایان بە سەردا دابەشبکات!
بەڵکو لە گەڵ ئەوانەمە کە تا دوێنێ خۆیان بە شۆڕشگێر و پارتیزان و نوێنەری گەل و چینی چەوساوە دەزانی، ئەمڕۆ کە دەبینن گەلی خاوەن دوێخان و شکۆبەرز، لە سایەی دەسەڵاتی دەست بە سەر دەسەڵاتگرتووی ئێوەدا، لە سەر شەقامەکان دەست بۆ هاوکاری پان دەکاتەوە تا بژێوی منداڵەکانی دابین بکات، ئەی بۆ خۆتان ناکۆژن؟!