تویتەر هەزاران هەژماری وڵاتان سڕیەوە
كۆمپانیای تویتەر سڕینەوەی هەزاران هەژماری راگەیاند، كە بەپێی زانیارییەكان بە شێوەیەكی نادروست بانگەشەی سیاسی و جیۆسیاسی بۆ سیاسەتەكانی توركیا، روسیا و چین دەكەن.
تویتەر لە راگەیەندراوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردوە، لە ئەنجامی بەدواداچونەكانیاندا بۆیان دەركەوتوە، هەزاران هەژمار هەن لەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەدا كە لەلایەن هەریەك لە وڵاتانی توركیا، روسیا و چینەوە بەڕێوەدەبرێن و ئەجێندای سیاسەتی ناوخۆیی بەو تۆڕە كۆمەڵایەتییەدا بڵاودەكەنەوە، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سپۆنسەر دەكرێن.
ئاماژەی بەوەشكردوە، لە دەرەنجامدا 32 هەزار و 242 هەژماری سڕدراونەتەوە، كە بەشێك بون لەو تۆڕانەی بانگەشەی ناتەندروست بۆ سیاسەتی ئەو سێ وڵاتە دەكەن، كە حەوت هەزار و 340 هەژمار لەوانە سەر بە توركیا بون و چالاكییەكانیان تایبەت بوە بە درەوشاندنەوەی رۆڵی رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا و پارتە سیاسییەكەی.
هاوكات باسی لەوەكردوە، هەزاران هەژماری دیكە بە ئاراستەی چیندا سەبارەت بە زانیارییەكانی پەیوەست بە ڤایرۆسی كۆرۆنا كاریان كردوە و بەكارهێنەرانیان بەلارێدا بردوە.
لە وەڵامی ئەو هەنگاوەی تویتەریشدا، تا ئێستا لەلایەن هیچ لایەنێكی پەیوەندیدار بەو سێ وڵاتەكەی هەنگاوەكە لە دژیان گیراوەتەبەر وەڵام و رونكردنەوە نەدراوە.