لولەی تفەنگ لەکوردی نیشتیمانپەروەرو، پشتکردن لە سوپای داگیرکەر
کاتێك دەبینی هێزە ناوخۆییەکانی کوردستان، ڕووی چەکەکانیان دەکەن لە کۆمەڵە خۆپیشاندەرێك کەداوای مافی ڕەوای خۆیان دەکەن، یان بە سۆزو هەستێکی نەتەوایەتی و نیشتیمانیپەرەوەریەوە دەڕژێنە سەرشەقامەکان لە دژی لەشکرکێشی وڵاتێکی داگیرکەر. وەلێ مخابن، ئەو هێزەی کە ئەرکی پاراستنی ئارامی ژیان و سامانی هاوڵاتیانی خۆیەتی، ڕووبەڕووی گەلی خۆی دەوەستێت و، پشت دەکات لە هێزی وڵاتێکی داگیرکەر!.
ئەو دیاردە نەخوازراوەی ئاسایش و پۆلیس، بە زۆری لە باشووری کوردستان بەدیدەکرێ.
ئەوەیش لە کاتێکدا ڕووئەدات، بەشێکی خۆپیشاندانەکانی گەلی کوردستان، لە بەرژەوەندی هێزەکانی ناوخۆشدان، چونکە ئەوانیش بەدەستی دواکەوتن و نەدانی مۆوچەوە دەناڵێنن.
لەئاسایش و پۆلیسی ناوخۆ و پۆلیسی هاتووچۆوە بگرە، تا دوایين فەرمانبەری هێزەکانی بەرگری شارستانی لە باشووری کوردستان، گیروگرفتیان هەیە لە گەل دواکەوتن و پێنەدانی مووچە لە کاتی خۆیدا، کەچی کاتێکیش جەماوەر خۆپێشاندانێك لە دژی گەندەڵی و خراپەکاریەکانی دەسەڵات ئەنجام ئەدات، هێزە ئاسایشەکان بەرەنگاری هاوڵاتی و هاوشاریەکانی خۆیان دەبنەوە!.
هەڵبەتە لەچەند ساڵی ڕابردوودا، ئەو کردارە دزێوەی هێزەکانی ئاسایش، لە بەرامبەر بەگەلی خۆ، لە ڕۆژئاوای کوردستانیش بە دیکرا، بەڵام جیاوازیەکان لەوەدا دەردەکەوێت، لەلایەك گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان کێشەو گرفتیان لە گەڵ دەسەڵاتدارانی کورد فرەنەبوە، یان کەمترەو، لە لایەکی دیکەیشەوە پۆلیس و ئاسایشی ئەو بەشەی کوردستان، لە دژی داگیرکەران، هەمیشە لە بەرەکانی جەنگدا بون.
ئەو دیاردە نەخوازراوەی ئاسایش و پۆلیس، بە زۆری لە باشووری کوردستان بەدیدەکرێ
وەلێ بەداخەوە، لە کاتێکدا سوپای داگیرکەری تورك و عەرەب و فارس، لە هەر چوار لاوە پەلاماری خاك و خەڵی کوردستان ئەدەن، هێزە ناوخۆیەکانی باشووری کوردستان، کە کراون بە داردەستی حزب و لە کاتی دەربڕین هەر ناڕەزایەکی جەماوەریدا، وەکو هێزی سەرکورتکار لە دژی گەلەکەی خۆیان بەکار دەهێنرێن، بەڵام لە بەرامبەر بە هێزی داگیرکەران چاو ناتورکێن.
زۆر گرنگە کە ئەو هێزە مرۆییە ئاسایشیەی لە باشووری کوردستان هەیە، بکرێت بە دامەزراوەیەکی نیشتیمانی، نەك سوپای پاراستنی بەرژەوەندی دەسەڵات و بنەماڵە و، لولەی تفەنگەکانیان بکەن لە هاوڵاتی و هاوشارییەکانی خۆیان و، لە بەرامبەر بە هێزەداگیرکەر و پێشێلکارەکاندا، چاو دابخن.