ئێران هێرەشەکانى تورکیا بۆ هەر کورد دەقۆزێتەوە

پ

لەدوایین لێدوانیدا، سوپای پاسدارانى رژێمى ئێران هەڕەشەى لەهەر جموجۆڵێک دەکات لەهەرێمى کوردستانەوە بەئاراستەى وڵاتەکەى بێت و، رایگەیاند ” وەڵامى هەر جموجۆڵێکى تیرۆریستى دەدەینەوە لەهەرێمى کوردستانی عێراقەوە روومان تێبکات”، ئەو هەڕەشانەى ئەو سوپایەش لەکاتێکدایە تورکیا هێرشێکى چڕی کردۆتە سەر ئەو هەرێمەو، بیانووەکەشى ئەوەیە راوەدونانی گرێلاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) دەکات لەباکوورى عێراق.

هاوکات فرۆکە جەنگییەکانى ئەنکەرا چەند رۆژێک لەمەوبەر چەند گووندێکى باکوورى شارى هەولێریان کردە ئامانج و، کۆمەڵێک هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی.

تایبەت بەهەڕەشەکانى سوپای پاسداران، کە خراوەتە نێو لیستى تیرۆری ویلایەتە یەکگرتووەکان زیاتر دوو گرووپی سەرەکیی هێزە کوردییەکانى رۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێنە ئامانج، ئەوانیش پارتى ژیانی ئازادی کوردستان (بژاک) ، نزیک لە پەکەکەو، حزبی دیموکراتى کوردستانی ئێران (حدکا)ـیە، لەپاڵ ئەوانیش چەند پارتێکى بچووک دەکرێنە ئامانج، وەک کۆمەڵەى شۆڕشگێرانی کوردستان.

سەرەڕاى ئەوەى هەریەک لەبژاک و حدکا، دوو حزبی جیاوازن لەرووی ستراتیژو، ئامانج، بەجۆرێک بژاک کار لەپێناو دەوڵەتێکى سەربەخۆیی دەکات، بەڵام حدکا کار بۆ سیستەمێکى فیدراڵى لەچوارچێوەى ئێران دەکات، بەڵام رژێمەکەى تاران هەردووکیان بەیەک چاو سەیر دەکات و، بەهەموو شێوازێکی خوێناوی بەرپەرچیان دەداتەوە.

لیوا مەحەمەد باکبور، لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا ئاماژەى بەوەداوە ” بەشێک لەگرووپە تیرۆریستیەکان لەرێگەى هەرێمى کوردستانی عێراقەوە دزە دەکەنە نێو کوردستانی ئێران”.

گووتیشى ” ئێران هەر جموجۆڵێک لەکوردستانی عێراقەوە روومان تێبکات، بەبێ هیچ دوودڵییەک وەڵامیان دەدەینەوەو، بەرگرى لەئاسایشى نەتەوەیی خۆمان دەکەین”.

لەبەرامبەریشدا تاوەکو ئێستا هەریەک لەحکومەتى ناوەندی عێراق و، هەرێم هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ ڕاگرتنى هێرشی هەردوو وڵاتى دراوسێیان، بەجۆرێک بەغدا بەتووندی ئیدانەى هێرشەکانى ئەنکەرای کردووە، بەڵام هەولێر شەرمنانە بووە، لەبەرامبەر تاراندا بێدەنگییان هەڵبژاردووە.

رژێمەکەی تاران دەیەوێت ئەو فشارانەى تورکیا لەچوارچێوەى ئۆپەراسیۆنە هەنووکەییەکانى لەنێو عێراق سوود وەربگرێت و، کۆمەڵێک نەیاری خۆی لەناوبەرێت، بۆیەش لەچەند رۆژى رابردوو، ئەو هێزە تیرۆریستیەکەى تاران کۆمەڵێک راهێنان و ئۆپەراسیۆنى لەنزیک سنوورى هەرێم و عێراقدا ئەنجامداوە.

جگە لەوانەش تاران بۆ ماوەى دوو رۆژ چەند گووندێکی هاوسنوورى لەگەڵ هەولێر بۆمباران کرد، کە زیاتر بارەگاکانى حدکاو کۆمەڵە بوون.

لەلایەکی دیکەشەوە شەممەى رابردوو سادق زارزە، کەسایەتى کوردی ئۆپۆزسیۆنى ئێران لەیەکێک لەشارەکانى هۆڵەندا لەهەولێکى تیرۆر کردن رزگاری بوون، بنەماڵەکەشى بەرپرسیارێتى کارەکەى خستە سەر رژێمى تاران.

ئەنکەراو تاران، لەسەر لەناوبردنى هەر هێزو گرووپێکى کوردی لەهەر شوێنێکى ناوچەکە بێت کۆکن، بەجۆرێک لەچەند ساڵى رابردوو بەهەموو رێگاو شێوازەکان بارەگای هێزەکانى گرێلاکانى پەکەکەو پێشمەرگەکانى رۆژهەڵاتى کوردستانى کردۆنەتە ئامانج.