عێراق دەستى بەراوەدونانى میلیشیاکان کرد

بەرەبەیانى هەینى هێزەکانى ئاسایشى عێراق ژمارەیەک چەکداری میلیشیاکانى “کەتائیبی حزبوڵلای عێراق”، نزیک لەرژێمى ئێران دەستگیر دەکات و، لەو نێوەندەش دەست بەسەر کۆمەڵێک کەرستەى مووشەکی ئامادەکراو دەگرێت.
چەند سەرچاوەیەک لەنێو حکومەتى عێراقی بەئاژانسى رویتەرزی رایگەیاند ” هێزەکانى دەزگای دژە تیرۆر بەسەر بارەگاى ئەو گرووپەیان لەباشووری بەغدا داوەو، سێ سەرکردەیان دەستگیر کردووە”.
هاوکات ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردۆتەوە ” هێزەکانى دژە تیرۆر ١٣ چەکداری ئەو میلیشیانەیان دواى هێرشە مووشەکیەکانى دژ بە بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا لەوڵات دەستگیر کرد”، ئەم هەنگاوەش کاردانەوەیەکی نوێیە لەدواى هەشت مانگ لەروودانى ئەو پرۆسەیە.
سەرچاوەکان هیمایان بەوە کردووە ” ئەو کەسانەى لەناوچەى دۆرە لەباشوورى پایتەخت دەستگیر کراون، مووشەکی ئامادەکراویان پێبووەو، وویستوویانە بەئاراستەى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا بیتەقێنن”.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەدوایین لێدوانى لەگەڵ رۆژنامەنووسان، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانى عێراق جەخت لەوە کردەوە کە ” هەڵمەتێک دژى گەندەڵکاران ئەنجامدەدات”، لەسەر زارى ئەویش ئاژانسى هەواڵى عێراقی (نینا) بڵاویکردۆتەوە کە ” گەندەڵى لەتیرۆر مەترسیدار ترە، چونکە یارمەتی تیرۆریستان دەدات و، هەڵمەتێکى بەردەوامیشمان دەبێت لەهۆکاری ئەو گەندەڵییە”.
لەدواى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ سەرووى ٣٣ هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر وێستگەو سەربازگە عێراقییەکان
میلیشیاکانى حزبوڵلای عێراق چالاکییەکانى لەسووریاو عێراقدا بەچڕی دەردەکەوێت و، لەدوای ساڵى ٢٠٠٩ لەلایەن واشنتۆنەوە خراوەتە نێو لیستى تیرۆر، لەسەرەتاى ئەمساڵیشەوە لەلایەن فرۆکەکانى ئەمەریکا لەنزیک فرۆکەخانەى بەغدا ئەبومەهدی موهەندیس، رێبەرى ئەو گرووپە لەگەڵ قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووی سوپاى قودس کرانە ئامانج و کوژران.
ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوەى فەرمیی چەندین جار ئەو میلیشیانەى تومەتبار کردووە بەوەى، هێرشى مووشەکی دژى سەربازگەکانیان ئەنجامدەدەن، چەندین وێستگەى عێراقیشیان کردۆتە ئامانج، لەنێویاندا، هێرشى مووشەکی بۆ سەر سەربازگەى کەیوان لەشارى کەرکوک و، کوشتنى بەڵێندەرێکى ئەمەریکی لێکەوتەوە.
نزیکەى چوار مانگ پێش ئێستا لەلایەن وەزارەتى دەرەوەى کوشکی سپی، چوار کەسایەتى لەنێو ئەو گرووپە خرانە نێو لیستى تیرۆرەوە، لەنێویاندا ئەحمەد حەمیداوی، ئەمینداری گشتى کەتائیبی حزبوڵلا بووە.
لەدواى تشرینى یەکەمى ٢٠١٩ سەرووى ٣٣ هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر وێستگەو سەربازگە عێراقییەکان کەمێوانداری لەدیپلۆمات و، سەربازی بیانی دەکات، تەنها شەشیان لەدوو هەفتەى رابردوو بووە.
بەشێک لەو هێرشانە لەلایەن گرووپی نەناسراو و، نامۆ لەئەستۆ گیراون، بەڵام چاودێران دووپاتیدەکەنەوە ” ئەو گرووپانە رووکەشی ساختەى ئێرانن، بۆ پەردەپۆش کردنى لایەنگرانى خۆی”.
وەک هەنگاوە جددیەکانى کابینەکەى کازمی، هەفتەى رابردوو سەرۆکایەتى کۆبوونەوەى ئەنجومەنى ئاسایشی نیشتیمانى حکومەتەکەى کرد، بۆ گفتوگۆ کردنى پرسی هێرشە مووشەکییەکان و، بەڵێنى راوەدونانى ئەنجامدەرانیشى دابوون.
سەرەڕاى ئەوەى پاش کوشتنى موهەندیس و سولەیمانی، ئەنجومەنى نوێنەران بەزۆرینەى دەنگ بڕیارى دەرکردنى هێزە بیانیەکان دەکردووە، بەڵام هێشتا ئەو پرۆسەیە نەچۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە، لەبەرامبەریشدا واشنتۆن هەڕەشەى سەپاندنى سزای تووندی بەسەر عێراقدا خستۆتە روو.
لەدواى ئادار ئاستى هێرشە مووشەکییەکان دژى بەرژەوەندییەکانى ئەمەریکا پاشەکشێی بەخۆیەوە بینی، بەڵام لەدوو هەفتەى رابردوو لەگەڵ دەستپێکردنى گفتوگۆى ستراتیژی، دووبارە هاتنەوە نێو گۆڕەپانى پرۆسە سیاسییەکەو، مەترسییەکى جددی لەسەر کابینەکەى کازمی دروستکردووە.