کازمی، فەرماندەکانى کاتیوشا ملکەچ دەکات؟
دواى ئەو ئۆپەراسیۆنەى دەزگاى دژە تیرۆری عێراق دژى چەکدارانی میلیشیاکانى کەتائیبی حزبوڵلای عێراقی لەباشوورى بەغدا ئەنجامدا، دڵەراوکێیەک بەسەر ڕەوشی سیاسی ئەو وڵاتە باڵی کێشاوە، کەبە “رووداوەکەى دۆرە”، وەک هیمایەک بۆ ئەو ناوچەیەى ١٤ کادیری باڵاى ئەو گرووپە تێدا دەستگیر کران.
دوابەدواى ئۆپەراسیۆنەکە بەرەبەیانى هەینى پاش چەند کاتژمێرێک لەرووداوەکە فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەراگەینراوێکدا، جموجۆڵەکانى پشتڕاستکردەوەو، دووپاتیکردەوە کە “١٤ تومەتبار”، دەستگیر کراون، پیلانیان هەبووە مۆڵگە سەربازی و مەدەنییەکان بەمووشەک بکەنە ئامانج.
هەر پاش بڵاوبوونەوەى هەواڵى دەستگیرکردنەکە سەدان چەکداری حزبوڵلا لەنێو شەقامەکانى بەغدا بەچەکە سووک ومامناوەندییەکانیەوە لەگەڕەکە نزیکەکانى ناوچەى سەوز دەسوورانەوەو، دژى مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران هوتافیان دەگووتەوە.
بانگەشەى سەرجەم لایەنەکانیش بۆ دان بەخۆدا گرتن، باشترین بەڵگەى مەترسیی ڕەوشەکەیە
لەرێگەى ئەو ڤیدیۆییانەى دواتر بڵاوبوونەوە، ئەو چەکدارانە بەئۆتۆمبێلى بارهەڵگری بچووک بەنێو شەقامەکانیاندا دەسوورانەوەو، چەکەکانیان لەگەڵ هوتافەکانیان کە هەڕەشە کردن بوو لەسەرۆک وەزیران بەرز دەکردەوە.
بەشێک لەو گرووپانە بەئۆتۆمبێلی تابلۆی حکومی و، بەبێ ڕەزامەندی پێشوەختە چوونە نێو ناوچەى سەوزی پارێزراو و، لەیەکێک لەنووسینگەکانى دەزگای دژە تیرۆر نزیکبوونەوە.
هاوکات حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانى پێشوو، کەسەرکەوتنەکانى ئەو دەزگایە بۆ ئەو دەگەرێتەوە کەتوانی بەرەنگاری گرووپی تیرۆریستى داعش ببێتەوەو، پاڵپشتیەکى تەواویشى کردووە، لەدواى رووداوەکان لەتوتێتێکدا ڕەخنەى لەوانە گرتووە کەئاژاوە دەنێنەوەو، “چەک لەدەرەوەى دامەزراوەکانى دەوڵەت هەڵدەگرن”.
لەلایەن خۆیشیەوە نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانى پێشووتر و، یەکێک لەپاڵپشتیکارانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی داواى “دان بەخۆداگرتن” ـى لەهەموو لایەنەکان کردووەو، هۆشداری “دووبەرەکی لەنێو هاوبەشانى وڵات” داوە.
مەحمەد سلێمان، توێژەرى سیاسی عێراقی لەبارەى رووداوەکەوە دەڵێت ” رووداوەکەى دۆرە پێوانەیەکى گرنگە لەبەرزبوونەوەى ئاستى ناکۆکییەکان، بانگەشەى سەرجەم لایەنەکانیش بۆ دان بەخۆدا گرتن، باشترین بەڵگەى مەترسیی ڕەوشەکەیە”.
ئاشکراشی کردووە ” هاوکات ریزبوونی لایەنەکان لەبەرە سیاسییەکانی دەرخست”.
جەختى لەوەشکردۆتەوە ” مالیکی شەرەفی رزگارکردنى بەخشیە حەشدی شەعبی، کەئەمەش دروست نیە، چونکە حەشد تەنها سەدا ١٥ ـى ناوچەکانى ژێر دەستى داعش رزگار کردووەو، هیچ شەڕێکیشی بەتەنیا ئەنجامنەداوە، بەڵام هێزەکانى سوپاو دژە تیرۆر، ئەرکی رزگار کردنى سەرجەم بەشەکانیان لەئەستۆ بووەو، شەڕی گەورەیان وەک فەلووجەو موسڵیش ئەنجامداوە”.
ئەو توێژەرە سیاسییە لەلێدوانێکى رۆژنامەوانیدا گووتی ” تێکەڵکردنى کەیسەکان ئاراستەکراوەو، سیاسییەکانیش دەیانویست پەردەپۆشی بۆ هێزە سەربازییەکانیان بکەن، ئەو پەردەیەش بەقوربانیەکانى حەشد هەڵواسراوە”.
دووپاتیدەکاتەوە لەوەى ” عەبادی لەلایەک دەیەوێت لەگەڵ ڕەوتى حیکمە و پاڵپشتیەکانى کازمی، هاوسەنگی بهێڵنەوەو، ڕاستەوخۆش دوژمنداری حەشد نەکەن، بەڵام سووریشن لەسەر جموجۆڵی کەمکردنەوەى پاوانخوازی میلیشیاکان”.
” ئەگەر درێژە بەکارەکانیان بدەن، ئەوا بەرەنگاربوونەوەیەکى سنووردار دروست دەبێت”
هیماى بەوە کرد ” پچڕانى هەردوو ئاراستەکە روونەو، رۆژێک هەر پێکدادانێک دروست دەبێت”.
هاوکات هیشام هاشمی، توێژەری ئەمنی عێراقی جەخت لەوە دەکاتەوە ” هێزە سەربازی و یاسایی و داراییەکان بەردەستە بۆ کازمی ئەگەر بیەوێت، بەڵام ئیرادەى سیاسی پێویستى نیە بۆ نەهێشتنى ئەو یاخیبوونەو، بەرەنگارییەکانى گرووپەکان”.
بەبۆچوونى هاشمی ” بەرەنگارییەکان کاتیی و سنووردارن، تەنها مەبەست لەوە بووە شانەى کاتیوشاکان بگەرێنەوە نیو لێکگەیشتنەکانی سەرکردە سیاسییەکان و گرووپەکانى نیو هاوپەیمانى فەتح، بۆ ئەوەى ئەو پرۆسە یاخیبوونەى دروستبووە بچێتەوە نێو بازنەى دانووستاندنەکان”.
“بۆیە ئەوان بژاردەى بەرەنگاربوونەوەیان هەڵبژاردن و، رێگەچارەى بەرەنگاریشیان بەرامبەر بەرکارهێنرا تاوەکو بگەرێنەوە خاڵى رێکەوتن”، بەمشێوەیە توێژەرە ئەمنیەکە وەسفی رووداوەکەى کرد.
پێشبینی ئەوەش دەکات ” ئەگەر درێژە بەکارەکانیان بدەن، ئەوا بەرەنگاربوونەوەیەکى سنووردار دروست دەبێت”، بەدووریشى زانیوە پێکدادانى تووندو فراوان لەنێوان هەردوولا رووبدات، ئەوەشى هەیە تەنها لەچوارچێوەى بانگەشەى میدیایی درەناچێت”.
بەپێی ئەجێنداکەى سەرۆک وەزیران، کازمی سوورە لەسەر لاواز کردنى میلیشیاکان، چونکە بەقسەى هاشمی بێت ” پلانە ئەمنییەکەى گەڕانەوەى سەروەرى یاسا لەسەر سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و، دەرکردنى نووسینگەى ئابووری و سیاسی و گرووپەکان، تەواو بوونە، ئەمەش بەرەنگارییەکى دیکەیە، کە کاریگەرى لەسەر ئابوورییەکانیان و لۆبیەکانى گەندەڵى دروست دەکات، کە لەلایەن فەرماندەکانى شانەى کاتیوشا دەپارێزرێن”.
ئەمەش لەکاتێکدایە لەدواى ٢٠٠٣ ـەوە، زۆربەى باڵیۆزخانەو، مۆڵگە سەربازی و مەدەنییەکانى عێراق و، بیانیەکان لەبەغدا بێبەش نەبوونە لەهێرشی مووشەکی، سەرجەم سەرۆک وەزیرانى حکومەتى ناوەندیش بەرپەرچی ئەو هێرشانەى داوەتەوە، بەجۆرێک مالیکی لەماوەی حکومڕانیدا چەندین ئۆپەراسیۆنى سەربازی دژیان ئەنجامداوە.
لەدواى ئەویش عەبادی بەهەمان شێوە، بەڵام تاڕادەیەک عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى پێشوو، چاوپۆشی لێکردبوون و، لەهەمان کاتیشدا چاوپۆشی لەفرۆکە بێفرۆکەوانەکانى ئەمەریکاشی دەکرد، کاتێک هێرشی دەکردە سەر موڵگەکانى میلیشیاکانى حەشدی شەعبی.
بەڵام پێدەچێت، بەو پێیەى ساڵانێکى زۆر سەرۆکى دەزگاى هەواڵگری بووە، کازمی لەسەرجەم نهێنی و کۆدی ئەو فەرماندەییانە بزانێت و، بتوانێت بەئاسانی لەنێو پرۆسەکەدا ریشەکێشیان بکات، بەڵام سەرەتاش پێویستی بەپاڵپشتیەکى سیاسی بەهێزە، بۆ ئەوەى سەرجەم کلک و باڵەکانى حەشدی شەعبی و، ئەوانەشى خۆیان پێهەڵواسیوە ببڕێت.