ئەردۆگان هەڕەشە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکات

پ

بەهۆى هێرشکردنە کچەکەى و، زاواکەى وەزیرى خەزێنەو دارایی حکومەتەکەى لەتۆڕى کۆمەڵایەتی، رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆککۆمارى تورکیا هەڕەشە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەکات، کەهاوکات بوو لەگەڵ دەستگیر کردنى ژمارەیەک لەبەکارهێنەرانى ئەو تۆڕانە.

پاش ئەوەى برائەت بەیرەق و، ئەسرای خێزانى لەرێگەى تویتەرەوە موژدەى لەدایکبوونى چوارەم منداڵیان راگەیاند، بەکارهێنەرانى ئەو تۆڕە هێرشێکى زۆریان کردە سەر ئەو خێزانە، بەڵام سلێمان سوێلۆ، وەزیرى ناوخۆ ئاشکراى کرد ” ئەوانەى لەتویتەرەوە هێرشیان کردۆتە سەر کچەکەى ئەردۆگان و، زاواکەى دەستگیر کراون”.

ئەو ھێرشانەش ئەردۆگانى توڕە کردووە، کەناچاری کرد تویتێکى پێشووى دووبارە بڵاوبکاتەوە لە “قەدەغەکردنى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان”، بەڵام دواى چەند کاتژمێرێکى تویتەکەى سڕییەوە.

بەڵام باسى لەوە کرد ” حکومەتەکەى بەنیازە چاودێرییەکى یاسایی گشتگیر بخاتە سەر پرۆگرامەکانى ئەنتەرنێت”.

ئەنکەرا لەمانگی کانوونى دووهەوە هەزاران ماڵپەرى بلۆک کردووە

سەرۆکى تورکیا لەرێگەى پەیامێکى تەلەڤزیۆنیەوە کە بۆ ئەندامانى حزبەکەى سازیکردبوو گووتى “دەبێت مانەوەى یاسایی بۆ ئەو کۆمپانیانە دروست بکرێت”.

بەو پێیەش واتای ئەوە دەگەیەنێت ” ئەگەر هاتوو بابەتێکى پێچەوانەى سیاسەتی وڵاتەکەى بڵاوکرایەوە سزای دارایی بدرێن و، حکومەتى دەسەڵاتى کۆنترۆڵکردن و چاودێری کردنى پتەوتری هەبێت”.

هەرچەندە لێدوانەکەى ئەردۆگان دواى چەندین رۆژ لەبڵاوبوونەوەى هێرشەکان هاتووە، بەڵام بابەتێکی کۆنى زیندوو کردەوە، کەماوەیەکى زۆرە تاوتوێی هەموارکردنەوەى دەکرێت، بەتایبەت دژى فەیسبووک، تویتەرو یوتوب، بۆ ئەوەى ناچار بکرێن، سەرجەم ئەو پەیامانە بسڕنەوە کەبەدڵى ئەنکەرا نیە.

ڕەخنەگرانی ئەو بڕیارەش لەوە دەترسێت، پرۆسەکە بەشێوەیەک بێت گەلى تورکیا چیتر نەتوانێت بگاتە دەروازە هەواڵییە سەربەخۆییەکان، کە لەژینگەیەدان زۆربەى لایەنگرانى حکومەت میدیاکانیان قۆرخکردووە.

جگە لەوانەش ئەنکەرا لەمانگی کانوونى دووهەوە هەزاران ماڵپەرى بلۆک کردووەو، رێگرى کردووە لەگەیشتن بەزانیارییەکانى، هاوکات ماڵپەرى ویکیپیدیا، کەماوەى دوو ساڵ بوو لەکارکردن لەتورکیا ڕاگیرابوو، چونکە بابەتێکى تێدابوو بەدڵى حکومەتەکەى ئەردۆگان نەبووە، بەڵام دادگاى باڵا بڕیارى ڕاگرتنەکەى بەنادەستوورى وەسفکرد.

لێدوانەکەى ئەردۆگان بەو ئاسانییە لەنێو هاوڵاتیان تێنەپەرین، بەتایبەت لەلایەن میراڵ ئەکشنار، سەرۆکى پارتى خێری ئۆپۆزسیۆن وەک رابواردنێک بەئەردۆگان، لەهەژمارى خۆى نووسیبووى  ” ئەگەر هەڕەشەکانى سەرۆک بۆ داخستنى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لەنێویاندا نێتفلیکس پێش تەواوبوونى دراماى دارک بێت، ئەوا زۆر توڕە دەبم”.

ئاڵۆزی و هەڕەشەى داخستنى تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت لەنێو گەنجان بەئاسانى ناتوانرێت تێپەرێت، بەجۆرێک کۆمەڵێک گەنج لەکاتى چاوپێکەوتنێکى ڤیدیۆیی ئەردۆگان زۆربەى بەکارهێنەرانى ئەو چاوپێکەوتنە لەکۆمێنتەکانیاندا نووسیبوویان ” ئێمە لەهەڵبژاردنى داهاتوو دەنگت نادەینێ”، ئەم هەنگاوەش تووشى شۆک کردو، رێکخەرانى چاوپێکەوتنەکەش دواى زیادبوونى ژمارەى نارەزاییەکان بەسەر لایەنگران، تایبەتمەندی کۆمێنتیان داخست.