ئێران؛ بەهۆى کۆرۆناو سزایەکانى ئەمەریکا خەریکە میلیشیاکان لەدەست دەدات
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژەیان بەوە داوە ” ڤایرۆسی کۆرۆناو، سزاکانى ویلایەتە یەکگرتووەکان بەسەر رژێمى ئێران، کاریگەرییەکى گەورەى دارایی و سەربازی بۆ گرووپە میلیشیا شیعەکانى نزیک لەو رژێمە لەعێراق کردووە، کە تاران بۆ پاڵپشتى کردنى سیاسەتى دەرەوەى هەرێمایەتى سوودی لێوەرگرتووە”.
ژمارەیەک سەرکردەى گرووپە چەکدارەکان و، بەرپرسێکى باڵای هەرێمایەتى ئاگاداری چالاکییەکانى تارانن لەنێوخۆى عێراق، دووپاتیانکردۆتەوە ” پەتاکە ئیفلیجییەکى تەواوی دروستکردووە، بەتایبەت لەداخستنى سنوور بۆ رێگرى کردن لەو پەتایە، ڕاستەوخۆ کێشەى بۆ دابینکارییەکانى ئێران بۆ گرووپە چەکدارەکان دروستکردووە”.
ئەو سێ کەسایەتیە هیمایان بەوەشداوە ” ئەو پارانەى لەلایەن ئێرانەوە تەرخان دەکرا، تایبەت بوون بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى گرووپە چەکدارەکان، وەک شەڕکردن دژى دوژمنانى تاران، لەنێویاندا هێرش کردنە سەر ئامانجە ئەمەریکییەکان”.
یەکێک لەو سەرکردانەى کەپەیوەندیی بەگرووپە چەکدارەکانەوە هەیە بەئاژانسى رویتەرزی گووت ” لەدواى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەرەتای ئەمساڵەوە ئێران پادداشتە داراییە مانگانەکانى بۆ هەر چوار گرووپە گەورەکەى عێراق لەسنوورى ٤,٥ ملیۆن دۆلارەوە بۆ سنوورى دوو تا سێ ملیۆن دۆلار کەمکردەوە”.
روونیشیکردەوە ” ئەو کەمکردنەوەیەی پارەکانیش کاریگەرى لەسەر ئۆپەراسیۆنى گرووپە چەکدارەکان کردووەو، ناچار بووە بەدواى سەرچاوەى دارایی دیکە بۆ پاڵپشتى کردنى ئۆپەراسیۆنە سەربازیی و چەکدارییەکانى بگەرێت، وەک ئەنجامدانى بەرژەوەندیی بارزگانى تایبەت”.
سنوورى عێراق لەگەڵ ئێران درێژییەکەى نزیکەى ١٤٥٨ کیلۆمەتر دەبێت، لەدواى تەشەنەسەندنى پەتاى کۆڤید ١٩، ئێران بووە مۆڵگەى بڵاوبوونەوەى ئەو ڤایرۆسەو، ژمارەى قوربانیانیشى گەیشتە ١١ هەزار حاڵەتى مردن.
سەرەڕاى ئەوە هاریکارییەکانى ئێران لەماوەى دوو ساڵى رابردوو، بەهۆى سزایەکانى ئەمەریکاوە بەسەر ئەو وڵاتە کەمیکردبوون، بەڵام کاریگەرییەکانى کۆرۆنا بەچەندین ملیۆن دۆلار هاریکارییەکانى دابەزاند، بەتایبەت کەهاوکات بوون لەگەڵ داڕمانی نرخەکانى نەوت، کەتارانی تووشى کۆرتهێنانێکى گەورەى بوودجە کردووەو، خەرجییە سەربازییەکانى بەتایبەت سوپای پاسدارانیش لاواز کرد.
رژێمى ئێران لەرێگەى دروستکردنى تۆڕێکى چەکداریی شیعە مەزهەب، توانیویەتى شوێن پێی خۆى لەعێراق و، سووریاو، لوبنان بکاتەوە، بۆ ئەوەى باڵانسى هێزی خۆى لەبەرەنگاریی کردنى پاوانخوازییەکانى ئەمەریکا قورستر بکات.
لەلایەن خۆیەوە برایان هۆک، نێردەى تایبەتى واشنتۆن بۆ کاروباری ئێران کۆکە لەسەر ئەوەى سزایەکانى وڵاتەکەى کاریگەرى لەسەر پارەدار کردنى ئێران بۆ گرووپە چەکدارە نیمچە سەربازییەکان هەبووە.
گووتیشى ” ئەوە بەڵگەیەکى زیاترە لەوەى هەڵمەتی فشارەکانمان سەرکەوتوو بووە لەبێبەشکردنى رژێمى ئێران لەداهاتەکانى بۆ پارەدارکردنى وەکیلەکانى تیرۆرو، چەندین کردەوەى تێکدەرانە لەناوچەکە”.
کەمکردنەوەى پاڵپشتیە داراییەکانى تاران، زیاتر لەدواى کوشتنى قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووی سوپای قودس بووە، لەسەرەتاى ئەمساڵ نزیک فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغدا.