تێمگەیەنن خەڵکینە، لە سیاسەتی کورد تێناگەم!

پ

گەر چی لە سیاسەتدا گەمەی جۆراوجۆر هەیە و، بەشداربوانی نێو ئەو گەمەیەش لە پێناو بەرژەوەندی ئەو لایەنەی کە نوێنەرایەتی دەکەن، هەوڵ و تواناکانیان دەخەنە گەڕ بۆ فرە کەڵک وەرگرتن لە کێشمەکێشی دانوساندنەکان.

ئاشکرایشە، سیاسیەکان سیاسەتی شاراوە و بەرچاویشیان هەیە و، لە هیچ کاتێکیشدا رێگا بە خۆیان نادەن سیاسەتێك بەرپا بکەن، کە لە دژی بەرژەوەندیە نەتەوایەتی و نیشتمانیەکانی وڵاتەکەی خۆیاندا بێت.

ئەوەی هەندێک شارەزای لە سیاسەتدا هەبێت، تێدەگات کە چەوت و ناڕێکی سیاسەتەکان لە کوێوە سەرچاویان گرتوە، بەڵام زیاد لە 40 ساڵە، هێندە لە نزیک و لە دوروە من شەونەخونی و چاودێری کێشەی کوردم کردوە، سیاسەت تێکەڵی ژیانم بوە و، ئەوا 25 ساڵە لە دەرەوەی کوردستانیش وەک چاودێر و شیکارێکی سیاسی سەرقاڵی بەدواداچونی سیاسەتی کورد دەکەم، کەچی بۆ خۆم تاوەکو ئێستا لە سیاسەتی سەرانی کورد تێنەگەشتووم و ئێستایش هەر تێناگەم!

ئەوانەی کە ئەمرۆ پێیان ئەڵێن سیاسی کورد، لە لایەک سوێند بە “کوردستان یان نەمان دەخۆن”و، بەڵێنی ئەوە ئەدەن کە لە پێناو سەربەخۆیی کوردستان و پاراستنی یەک پارچەیی خاک و ئاو و بەرژەوەندیە نەتەوایەتیەکانی گەلی کورد دا گیانی خۆیان فیدابکەن. کەچی لە لایەکی دیکەوە لە بەغدا سوێند بە یەکپارچەیی خاک و ئاسمان و دەریا و، یەکگرتویی عێراقی خاپورکراو دەخۆن!.

رەنگە ئەوانەی خۆیان بە سیاسی و نوێنەری بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد بزانن لە بەغدا، ئەوەیان بەلاوە شانازبێت کە (لەیلا زانا -ئاسا چۆن لە ساڵی 1994 لە ناو پەرلەمانی تورکیادا سوێندی یاسایی بە زمانی کورد خوارد) ئەوانیش بە زمانی کوردی وەفداریان خۆیان دەربڕن بۆ یەکپارچەی عێراقی لەیەک داپچراو، کە پادداشتی عەرەبەکان بۆ ئەوان بەسوک و کەم بینینی نوێنەرانی کورد بووبێت؟

تۆ بڵێی (لەیلا زانا) ئاسا ئەوانە سوێندی وەفا لە بەغدایەک دەخۆن کە بەدرێژای مێژو بریاری قڕکردنی کورد و دیاری کردنی مافی چارەنووس و چۆنێتی ژیانیکردنی و مردنی گەلی کورد، بەشێوەیەک بوە کە لە گەڵ بەرژەوەندی عەرەبی شۆڤێندا گونجاوە بوبێت؟!

ئێستایش لە سیاسیەکانی کورد تێناگەم، ئایا ئێوە بەڵێنی پاراستنی بەرژەوەندی نەتەوایەتی و نیشتمانی کورد ئەدەن و هەنگاو دەنێن بەرەو کوردستانێکی سەربەخۆ، یان ئەم جارەیەش ئەو هەلە مێژویە لە دەست ئەدەن لە پێناو رزگارکردنی ئەو عێراقەدا کە لەوەتای هەیە لەسەر خوێنی کورد وەستاوەو، بروای بە بونی کورد نەبوە و نیە؟!

تێم گەیەنن خەڵکینە، من لە سیاسەتی کورد تێناگەم!

تێبینی: ئەم بابەتم شەش ساڵ پێش ئێستا نوسی وەتەوە، کەچی ئێستایش سەرانی کورد لە هەمان گێژاوەدا دەخولێنەوە!