“ناتۆ” پاشماوەى جیهانێکە ئێستا بوونى نەماوە
رۆژنامەى (لۆمۆند) ـى فەرەنسى هۆشدارى داوە لەوەى ” تورکیا پشکدار دەبێت لەدرز خستنە نێو ریزەکانى ناتۆ”، هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات ” گرژییەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ ئەنکەرا درێژە دەکێشێت”.
لەلایەن خۆیشیەوە رۆژنامەى (لۆفیگارۆ)ـى فەرەنسى باسى لەسروشتى پەیوەندییەکانى تورکیاو قەتەر لەهەردوو کەیسى سووریاو لیبیا کردووە، کەتا چ ئاستێک گەیشتووەو، چی لێبەرهەم هاتووە.
لەو نێوەندەشدا پەرلەمانتارێکى پێشووى پاریس لەیەکێتى ئەورۆپا دووپاتیدەکاتەوە “پێویستە وڵاتەکەى تورکیا لەسنووری خۆی بوەستێنێت”.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆمارى فەرەنسا هاوپەیمانى باکوورى ئەتڵەنتی (ناتۆ) بەمردوو وەسفکردبوو و، ڕەخنەشى لەهەماهەنگییە ناوخۆییەکانى گرت.
هاوپەشتى هاوپەیمانەکانى ناتۆ بەتایبەت بەریتانیەکان و ئەمەریکییەکان سفر بووە
ئەمریک شۆباغد، لەوەسفی ئەو هێزە رۆژئاواییە دووپاتیدەکاتەوە ” ناتۆ پاشماوەى جیهانێکە ئێستا بوونى نەماوە، جیهانێک بوو کە یەکێتى سۆڤییەت و رۆژئاوا بەرەنگاری یەک بوون، ئەو رووداوانەی یەک بەدواى یەکدا چانسى زیاتر دەبەخشێت بەوەى سیاسەتێکى سەربەخۆیی زیاتر بەدەست بهێنین”.
بەبۆچوونى ئەو سیاسەتمەدارەى پاریس ئێستا کاتى ئەوەیە فەرەنسا لەناتۆ بکشێتەوەو، هیما بەوەدەکات ” دواى رووداوى ئاراستەکردنى چەکى تورکی دژى کەشتیە جەنگییەکانى فەرەنسا لەنزیک کەنارەکانى لیبیا، هاوپەشتى هاوپەیمانەکانى ناتۆ بەتایبەت بەریتانیەکان و ئەمەریکییەکان سفر بووە، تەنها چەند خۆ هەڵکێشانێکى بچووکى پاڵپشتى خرایەروو”.
شۆباغد کە قسەى بۆ رۆژنامەى (ئەوراسیا ئێکسپرێس)ـی رووسی دەکرد، گووتى ” بەشێک لەئەندامانى ناتۆ وەک فەرەنساو تورکیا، کەوتوونەتە نێو جەنگێکى بەوەکالەت دژ بەیەکتر، بۆ نمونە لە لیبیا دەبینین دوو ئەندامى ناتۆ لەهەمان گۆڕەپان شەڕیانە، ئەمەش باشترین بەڵگەیە کە هاوپەیمانیەکە هیچ مانایەکى نەماوە”.
لەبارەى ئاستى پەیوەندییەکانى هەردوو پایتەختیش دەڵێت ” زۆر خراپە، هەڵسوکەوتى هێزى دەریایی تورکی جێی قبوڵ نین، بەتایبەت وەک ئەندامێکى ناتۆ”.
جەخت لەوە دەکاتەوە ” پێموایە تاوەکو ئێستا ئەنکەرا داوای لێبوردنى نەکردووەو، درێژەش بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانى لەلیبیا دەدات، دەبێت پەیوەندییە دیپلۆماتیەکانمان لەگەڵ تورکیا سڕ بکەین و، ڤیتۆش بخەینە سەر ئۆپەراسیۆنێکى دانووستاندن لەنێوان تورکیاو یەکێتى ئەورۆپا”.
سووریشە لەسەر ئەوەى ” دەبووایە لەمێژە بایکۆت بخەینە سەر سەرجەم چالاکییە سیاسییەکانى تورکیا لەسەر خاکەمان، بەتایبەت لەبەرامبەر ئەو ژمارەى زۆرەى تورکەکان لەرۆژهەڵاتى فەرەنسا”.
لەماوەى رابردوو بەهۆى بەرزبوونەوەى گرژییەکانى نێوان هەردوو وڵات، هێزە سەربازییەکانى فەرەنسا ئۆپەراسیۆنەکانیان لەنێو ناتۆ بەشێوەیەکى کاتى لەدەریاى ناوەڕاست هەڵپەسارد، کەئەرکیان چاودێری کردن و رێگرى کردنى هەناردەکردنى چەک بوو بۆ لیبیا، بەڵام کەشتیەکى تورکی میلى چەکەکانى ئاراستەى کەشتیەکى فەرەنسی کرد، کاتێک هەوڵیداوە ڕایبگرێت و رێگرى بکات لەهەناردەکردن چەک.
لەبەرامبەریشدا خلوسی ئەکار، وەزیرى بەرگرى تورکیا ئەو تومەتانەى ڕەتکردەوەو، بە بوختانی وەسفکردووەو، داواى کردووە پاریس لێبورد لەوڵاتەکەى بکات.
ماکرۆن هێرشەکانى تەنها بۆ سەر ناتۆ نەبوو، بەڵکو هێرشی زیاتری کردە سەر تورکیاو، بە ” ئەنجامدەرى کێشەش” وەسفی کردووە، کەخۆى بەئەندامێکى ناتۆ دادەنێت.
تورکیا مەترسییەکى گەورەى هەیە لەدەستدانى بەرژەوەندییەکانى لەلیبیا، کە لەبەرامبەردا باڵانسى فەرەنسا لەو وڵاتە بەهێز دەبێت، بەتایبەت خەریکە هاوپەیمانی رۆژئاواییەکان لەوێ، حکومەتە ئیسلامییەکەى نزیک ئەنکەرا لەدەسەڵات دوور دەخاتەوە.
پێشبینى دەکرێت دواى کۆبوونەوەى وەزیرانى دەرەوەى یەکێتى ئەورۆپا، بۆ پرسی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، کۆمەڵێک سزاى جۆراجۆر بەسەر ئەنکەرا بسەپێنرێت.